مامۆستای داهێنەر
مامۆستای داهێنەر باوەڕێكی سۆفیانەی قوڵی بەو ئەركە مەزن و پیرۆزە هەیە كەهەڵی گرتوە . هەمیشە خۆی بە چەق و ناوكی ژیان دەزانێت ، بە شێوەیەك گشت بەها باڵاكان پەروانە ئاسا لە دەوری ئەو دەسورێنەوە ، زانستەكان لە ڕێی ئەوە وە نشونما دەكەن و گەڵاو گوڵی پێشكەوتنەكان دەگرن و بە بەرۆكی ژیاندا هەڵیدەواسن .
مامۆستای داهێنەر هەرگیز لایەنی مادی و مەعنەویەكان ساردی ناكەنەوە ، بەڵكو بە ڕۆحێكی بەرپرسیارانە و مرۆڤ دۆستانە لە هەر شوێنێك قومێك زانست و مەعریفەی دەستكەوێت بە ئەوپەڕی عیشقەوە تینوێتی قوتابیەكانی پێ ئەشكێنێت . وەك مرۆڤێكی مەزن و ئەندازیارێكی كارزان لە ڕەنگڕیژكردنی ژیاندا پێشەنگ بون هەڵ دەبژێرێت .
ئەم هەستە جوان و پاكانە هەر لەم جۆرە كەسانە ئەوشێتەوە ، كە بە بەردەوامی لە هەوڵی پێگەیانی خۆیانن بە زانست و زانیاری نوێ و شێواوازە تازە هاوچەرخەكان . بەم چەشنەش قوتابیەكان و نەوەی داهاتو گۆش دەكەن .
مامۆستای داهێنەر قوتابی داهێنەر دروست ئەكات ئەمەش لە ڕێگای پرسیار و بەژداری پێ كردن و گروپات و پڕۆژە و گەڕانەوە ، كەشێكی پەروەردەیانە و گفتوگۆیەكی زانستی لە ناو قوتابخانەدا دەسازێنێت . مامۆستا كاتێك ئەبێتە نمونەیەكی جوان كە دوربكەوێتەوە لە ڕۆتینیات و شێوازە كۆنەكانی وانەوتنەوە ، قوتابیەكانی ئەمڕۆ قوتابیەكانی دوێنێ نیین ، ئەوان مرۆڤی سەردەمی خۆیانن پێویستە هونەرمەندانە وەك ئەكتەرێك بچینە ناویان و گوێ لە هەستەكانیان بگرین ، هەزاران ڕێگا هەیە بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنیان . گرنگترین خاڵ ئەوەیە كە بگەڕێین و بەدواداچون بكەین تا بگەیین بەو مامۆستایەیی كە خواستی قوتابیەكان و دایك و باوكەكان و كۆمەڵگاكەمانە.مامۆستای داهێنەر هەمیشە كەسێكی كۆمەڵایەتی و ڕوخۆشە ، خۆشەویستی و متمانە و خاكی بون لە نێوان خۆیی قوتابیەكاندا بەش دەكات . بە گرجوگۆڵی و ئامادەباشی تەواوە وە دێتە پۆلەوە و بە ئاماژەدانی ئەرێنی هەر لە دەسپێكی وانەكەوە سەرنجی قوتابیەكان بۆ خۆی ڕا ئەكێشێت ، بە وتنی :
( قوتابیانی ئازیز : ئەمڕۆ وانەیەكی زۆر خۆش و ئاسانمان هەیە ) ( من زۆر دڵخۆشم بە بینینتان )
( لە چاوەكانتانەوە داهاتویەكی گەش ئەبینم ) ( پێكەوە وانەكە دەخوێنیین و گفتوگۆی دەكەیین )
بەم پەیڤە جوان و ناسكانە هێزی ووشە بەكار ئەهێنێت و هانی قوتابیەكان ئەدات بۆ سەركەوتن و پێشكەوتن و لێبوردەیی و ژیان دۆستی . بە خستنە بەرچاوی ئەوەی هەر ئێوە ئەستێرەی گەشی كۆمەڵگا و سەرمایەیی بەنرخی نیشتیمانن .
مامۆستای داهێنەر گرنگی بە زمانی جەستە دەدات لە كاتی وانەوەتنەوە دا ، بە گوێرەی بابەتی وانەكە دەست و چاو ئاماژەكانی بەكارئەهێنێت . تۆنی دەنگی بە پێی پێویست بەرز و نزم دەكاتەوە ، هەر لەم سۆنگەیەوە قوتابی ئەكات بەسەنتەر لە وانەكەی دا و بەژداری كارایان پێ دەكات و دورییان دەخاتەوە لە شەرم و كەم د ویی .
بۆ پێگەیاندنی قوتابییەكی زیرەك و هۆشیار ی خاوەن پڕۆژە و بەرنامە مامۆستا ڕۆڵێكی گەورەی هەیە بەو مەرجەی مامۆستا بەو ڕۆڵە هەستابێت كە وانەكە پێویستی پێیەتی كە بریتیە لە پلاندانان و ئامانجی گشتی و تایبەتی ، مامۆستای داهێنەر قوتابی تامەزرۆی وانەكەی دەكات بە هۆی ئەوسەلیقە جوان و تەكنیكە هورویژێنەرانەی كە لە كاتی وانە ووتنەوەدا بەكاریان دەهێنێت ،چ لە ڕیگای بینن و بیستنەوە بێت یان لە ڕێگای پیشاندان و گفتوگۆ و گروپاتەوە بێت ، یاخود لە ڕێگایی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاو پێداویستیە لۆجستییەكانی وانەكەوە بێت .بەمەش قوتابی
بە باشترین شێوە گوێ دەگرێت و سەنجی تەواوی دەچێتە سەر بابەتەكە .
مامۆستایی داهێنەر گرنگی بە چالاكی و پێشبڕكێ و یاری و گەمەكردن و مەتەڵ و وەرزش و شوێنگۆڕین…هید ، دەدەات ، وەك شكانی بەستەڵك بۆ دوركەوتنەوەی قوتابی لە بێزاربون و بێتاقەتی و وەڕسبون ، بێگومان ئەم جۆرە یاری و چالاكیانە كاریگەریەكی بەهێزیان هەیە لە سەر دەروونی قوتابیان و خۆشویستنی وانەكە .مامۆستای داهێنەر خۆی بە موڵكی كۆمەڵگا دەزانێت و گرنگی بە تەندروستی خۆی دەدات ، هەمیشەو هەردەم چاوی لە پێشكەوتن و سەركەوتنی نیشتیمانەكەی بڕیوە ، ئەمەش لە ڕێگای ئەو ئامانجە مەزنەوە دەبێت كە خۆی بۆ یەكلای كردۆتەوە لە پێناو پێگەیاندن و پەروەردەكردنی نەوەیەكی زانستخواز و چاكەخواز و هۆشیار و داهێنەر دا .
مامۆستای داهێنەر بەو چەشنەی باسمانكرد دەبێتە بارانێكی پرٍ بەرەكەت و دەرژێتە ناو كۆمەڵگاو بەهارێكی چوار وەرزە ی پڕ گوڵ و جوانی و سەوزایی پێشكەش بە ژیان دەكات …
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: