شەڕی گەورەمان لەپێشە، هۆشیاری و هیممەت پێویستە
هەور و تارماییەكی ڕەش و باهۆزێكی وێرانكەر و زریانێكی بێ ئامان بۆ لەناوبردنی گەل و وێرانكردنی نیشتیمان و بەبادانی سەرمایە و سامان و خاپوركردنی كۆشك و تەلار و ماڵی هاووڵاتیان لەم نیشتیمانەدا كەوتووەتە ڕێ، ئەویش بە شۆفێری كردن و ڕێبەرایەتی و هەوسارگرتنی كۆمەڵێك چەتە و مشەخۆر و دزی پیس خۆر، ئەو دزانەی كە (نەفس نزم) و (لوتبەرز) و (هەلپەرست) و (خۆپەرست)ن، ئەو دزانەی كە بوونەتە گیاكەڵەی مەزرا و باخ و بێستانی نیشتیمان و دەرد و ڤایرۆسی پیس و بەڵای گیان، ئەو دزانەی كە وەك هەوری ڕەش ئاسمانی نیشتیمانیان تەنیوە و تاریكیان كردووە.
مەخابن ئەم دزانە خەریكە وەك ئەژدیهای حەوت سەر و هەشت پێ پەل دەهاون بۆ دزینی سەرجەم كار و سەرمایەكانی ژیان و گەل و نیشتیمانمان، ڕۆژ بە ڕۆژیش تەكنیك و شێوازی نوێ بەكار دەهێنن لە دزی كردن و پاساو هێنانەوە بۆ ڕەوایی بەخشین بە دزی و ڕاو و ڕووت و چەتەیی كردنەكەیان.
دزەكان نائینسانانە زۆر شتیان لێ بردین، چەتەكان بێ ویژدانانە زۆرترین سامانیان لێ فەرهود كردین، دزە ئەزمووندارەكان نائەخلاقییانە و نایاساییانە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوییان لێ شاردینەوە و ئەوەشی كە ئاشكرایان كرد جارێكی دیكە و ڕوو قاییمانە و بە ڕۆژی ڕووناك لێیان دزینەوە، ئەوان نادادپەروەرانە پۆست و پلە و پایە و حوكمڕانی و سیاسەت و تەنانەت زانستگە و زانكۆ و بازاڕ و بازرگانی و كەسابەتیشیان لێ بردین، حەسرەتەكە لەوەدایە كە دزە دیار و ئەزمووندارەكان هەر خۆشیان بوونەتە سكاڵاكار و پاسەوان و حاكم و بڕیاربەدەست و شەرعییەتپێدەری دزی و ڕاو و ڕووتەكەشیان.
ئەم دز و چەتانە هەر بەوەش ڕازی نەبوون و نابن، بەڵكو ئەیانەوێ فیكری باش و سلوكی جوان و شیرین و دین و دینداری باش و ئەخلاقی جوان و بەها باڵاكانیشمان لێ بدزن، بەداخەوە بەشێكیشیان لێ دزیوە و خەریكی پلان و پیلانی جەهەننەمین بۆ دزینی و بە تاڵانبردنی ئەوەی دیكەش كە ماوە، ئەم ناجوامێرانە زەمینە و دۆخێكی وەهایان خوڵقاندووە كە بەشێكی خەڵكیش -بەخۆیان بزانن یان نا- خەریكە بوونەتە جێبەجێكار و هاوكار و دەستباریان بۆ جێبەجێبوونی پلان و پیلانەكانیان و تاڵاوەكەش دەكەن بە قوڕگی هاووڵاتیاندا و دەستی ڕەشی سور و چەوری خۆیان دەسڕن بە سەر زۆرینەی جەماوەردا.
ئەم دز و چەتانە یەكێك لە زەقترین و خراپترین پلان و پیلانەكانیان بۆ كاڵكردنەوە و نەهێشتنی ڕۆڵی دین بەگشتی و ئایینی ئیسلامە بەتایبەتی، دواتریش هەوڵی بەردەوامیان بۆ لەناوبردن و حورمەتنەگرتنی بەها باڵاكان و برەودان بەبێ دینی و بەدڕەوشتی و لادانی ئەخلاقی و بیروباوەڕی چەپگەرایی و پوچگەرایی، ئەمە ئەو مەترسییە گەورەیەیە كە ئێستە ئاماژەكانی بە ڕوونی دەركەوتوون و لە داهاتووشدا جێكەوت و كاریگەرییە زۆر نەرێنی و خراپەكانی دەردەكەون، لەوەش زیاتر دەبنە بەڵای گیانی ئەم گەل و نیشتیمانە و ئەو كاتەش ئیدی فریای چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەوژمە خراپە چەپگەرایی و پوچگەرایی و ڕەوتە نائەخلاقی و نادینی و نائینسانییە ناكەوین، بۆیە دەبێ بزانین كە ڕووبەڕووی چ مەترسی و شاڵاوێكی گەورەی بەرنامە بۆ داڕێژراو بووینەتەوە؟
بەڕاستی شەڕی گەورەی هەموومان لە ئێستادا شەڕی پارێزگاری كردنە لە ناسنامە و شوناسی دینداریمان و شەڕی پاراستنی بەها بەرزەكان، شەڕی هێشتنەوە و پارێزگاری كردن لە ئەخلاق و ڕەوشتە جوانەكان، شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەوژمە مەترسیدار و زیانمەند و خراپە چەپگەرایی و پوچگەرایی و ڕەوتە نائەخلاقی و نادینی و نائینسانییەی كە حورمەت و بەهایان بۆ هیچ شتێك نەهێشتووەتەوە و هیچ سنوور و پیرۆزییەك نەماوەتەوە كە ئەوان بێ ڕێزیان بەرامبەر نەكردبێ و نەكەن.
ڕوون و ئاشكرایە كە تەكنۆلۆژیا بەگشتی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ئینتەرنێت و سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی، لە دیارترین و كاریگەرترینی ئەو هۆكار و ڕێگە و میكانیزمانانەن كە شەڕی و دین و بەهاكانیان پێ دەكرێ، شەڕی گەرمی دینداری و دینداران و ئەخلاق و ئەخلاقمەدارانیان پێ دەكرێ، شەڕی كوشتن و لەناوبردنی بەها باڵاكانیان پێ دەكرێ، شەڕی لەكەداركردن و ڕووشاندنی ئابڕووی گەل و نیشتیمانیان پێ دەكرێ، شەڕی شكاندنی شكۆی كلتوور و فەرهەنگی جوانی میللەتیان پێ دەكرێ، شەڕی بەزاندنی هەموو بەها و پیرۆزییەكان و هەموو سنوور و هێڵە سورەكانیان پێ دەكرێ.
تەكنۆلۆژیا و هۆكارەكانی ڕاگەیاندن و ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ ئەوەی كە چەكێكی دوو سەرە و لەبارن بۆ كاری چاك و خراپ، لەوە زیاتر هۆكارێكی بەردەست و زۆر ئاسان و كەمترین ئەرك و ماندووبوونی تێدایە بۆ گەیاندنی پەیام و مەبەستی بەكاربەر، هەركەس بیەوێ و هیممەت بكات دەتوانێت لە كەمترین كاتدا زۆرترین مەبەست و پەیامی خۆی بە زۆرترین كەس بگەیەنێت و كاریگەرییان لەسەر دابنێ، ئەوە ئاشكرایە كە بەداخەوە زۆرینە لە كاری ناباش و گەیاندنی پەیامی بێ سود و بەرهەمی خراپ و زیانبەخشدا بەكاری دەهێنن و زۆر كەسیان كردووەتە نێچیر و ڕاوی دەكەن، بەتایبەت توێژی هەرزەكار و لاوان و ئافرەتان.
بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ئایا كەسانی پەیامداری دیندار و پابەند بە ئەخلاق و بەها باڵاكانەوە چەنێك توانیویانە و هەوڵ دەدەن كە هەر بەم هۆكارانەی كە ئەوانی دیكە بە شێوازی خراپ بەكاریان دەهێنن، ئەمان بە شێوازی باش بەكاریان بهێنن و بیانكەنە فاكتەری گەیاندنی پەیامە باش و جوانەكەیان و هۆكار و میكانیزمێك بۆ پاراستنی ئەخلاق و ڕەوشتی جوان و بەها بەرزەكان و برەوپێدانیان؟ ئایا پێویست نییە زۆر بە جددی ئاوڕ لەم پرس و بابەتە بدرێتەوە و هەركەسە و لە گۆشەیەكەوە و بە پێی پسپۆڕی و توانا و لێهاتوویی خۆی لەم ڕێگانەوە ئەركی پەیامداری زیاتر هەڵگرێ و شان بداتە ژێر باری ئەم ئەركەی كە ڕاستە ئەركێكی قورس و گرانە، بەڵام كاریگەری و جێكەوتی زۆرە و حەتمەن كە لای خوای گەورەش پاداشتی زۆر و فراوانە.
وا پێویست دەكات كە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخ و تەوژمەدا بكرێ و شێلگیرانە قۆڵی مەردانەی لێ هەڵبكرێ بۆ ڕێگری كردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەوڵ و شاڵاو و پیلانگێڕییە شەیتانی و مەترسیدارانە بۆ سەر دین و كلتوور و بەهاباڵاكانی گەل و نیشتیمانەكەمان، بەرپرسیارێتی هەموو یەكە و ئۆرگان و جومگە زانستی و كۆمەڵایەتی و پەروەرەیی و ڕۆشنبیری و ڕیكخراوەییەكانە كە پەرۆشی و خەمخۆری و دڵسۆزی زیاتر بنوێنن و خەمسارد و بێ باك نەبن و چاوپۆشی نەكەن لەم تەوژم و شاڵاوە نەگریس و وێرانكەر و لەناوبەرە.
جوامێری و مەردایەتی لەوەدایە كە لە حاڵ و دۆخێكی وەها نەشیاوی مەترسیداردا هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و جورئەت و بوێری و دڵسۆزی بە خەرج بدەن، ژیری و ئاوەزیان بەكار بهێنن و توانا زانستی و ڕۆشنبیری و ئایینی و كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەییەكانیان بخەنە گەڕ و بە دوای ڕێگری و بەربەست دانان و چارەسەردا بگەڕێن، خەمی دین و ئەخلاق و كلتوور و سیما جوان و باشەكانی گەل و نیشتیمانەكەیان بخۆن.
نووسراوه لهلایهن
qasm srush
ليست هناك تعليقات: