خێزان و قوتابخانه وه‌ك دوو كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كی
یه‌كه‌م
به‌رچه‌نه…
په‌روه‌رده له یه‌ك كاتدا زانست و هونه‌ره، زانسته چونكه پێویستی به تیۆر و مه‌عریفه و هۆشیاریی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، هونه‌ریشه به‌و مانایه‌ی پێویستی به سه‌لیقه و هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی پێی ده‌گوترێ مرۆڤ، به‌تایبه‌تیش منداڵ. بۆ ئه‌وه‌یش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و پێشكه‌وتوو به‌رهه‌م بێنین، پێویستیمان به به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی ته‌ندروست و هۆشیار هه‌یه، به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش پێویستی به بیناكردنی سیسته‌مێكی هاوچه‌رخی په‌روه‌رده‌یی هه‌یه، كه له‌گه‌ڵ به‌هاكانی ژیان و مرۆڤدۆستی و پێداویستییه ڕۆحی و ده‌روونییه هه‌نووكه‌ییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه بێته‌وه.
بۆ جێگیركردنی ئه‌و سیسته‌مه‌ش پێویستیمان به زه‌وینه‌سازیی ژینگه‌یه‌كی له‌بار و میكانیزمی گونجاو و دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی كارا هه‌یه، دواجار له كۆی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌دا هه‌ریه‌كه له خێزان وه‌ك بچووكترین و گرنگترین یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی، له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه و به ئاكام گه‌یاندنی، ته‌واوكه‌ر و هاوكاری یه‌كترن.
له هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته له زه‌وینه‌سازیی ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ته‌ندروست بۆ خێزان، تا بتوانێ به جوانترین شێوه منداڵه‌كانی گۆش و په‌روه‌رده بكات.
لێره‌وه ده‌پرسین بنه‌ماكانی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست كامانه‌ن؟ ئه‌و بنه‌مایانه له بنیاتنانی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتوو و گۆشكردنی منداڵێكی ته‌ندروست له باری ڕۆحی و ده‌روونی و هزری چ ڕۆڵێكیان هه‌یه؟ به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن و ته‌بایی نێوان دایك و باوكان و ئاستی هۆشیاری و درككردنیان به‌و بنه‌ما و به‌هایانه له‌و پرۆسه‌یه‌دا چ گرنگییه‌كی هه‌یه؟
لێره‌وه و به سوودوه‌رگرتن له زانیاریی ناو لێكۆڵینه‌وه تیۆری و كرده‌نییه‌كانی بواری په‌روه‌رده، هه‌روه‌ها به‌رمه‌بنای ئه‌زموونی باوكایه‌تی و خزمه‌تی زیاتر له 15 ساڵ له بواری په‌روه‌رده و فێركردندا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ندێ سه‌رنج و تێبینی له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌ی سه‌ركه‌وتوو له پێگه‌یاندنی منداڵێكی ته‌ندروستدا بخه‌ینه ڕوو، به‌و ئامانجه‌ی خزمه‌تێكی بچووك به خێزانی كورد و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و دامه‌زراوه‌یی په‌روه‌رده‌یی بكه‌ین.
*****
ڕۆڵی خێزان له دروستكردنی كه‌سایه‌تیدا
زۆر له پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده و ده‌روونناسی، ژینگه‌ی ماڵ و جۆری ڕه‌فتاری دایك و باوك له‌ته‌ك منداڵه‌كه‌یان و په‌روه‌رده‌ی خێزانی، به فاكته‌رێكی فره گرنگ و هه‌ستیار ده‌ژمێرن له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵدا، به جۆرێك كه خێزان خۆی له هه‌ندێ حاڵه‌ت و شوێنكاتدا ده‌توانێ كاریگه‌ری خۆی ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ماڵه‌وه‌ش به‌سه‌ر منداڵه‌كه‌یدا هه‌بێت و هاوكارێكی باشی دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده و فێركردنی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بێت له پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنی كاره‌كته‌رێكی كارا و بنیاتنانی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتوو له تاكدا، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌م هاوكێشه‌یه چۆن و چه‌ند و تا كوێ له‌گه‌ڵ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی خێزانی كوردهواری بۆ منداڵ كۆك و ته‌بایه؟
له ده‌ره‌وه‌ی سۆز و ڕۆمانسییه‌ت، چونكه ئه‌سته‌مه دایك و باوكێك بدۆزیته‌وه ڕقیان له جگه‌رگۆشه و كۆرپه‌كه‌یان بێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕایه‌ڵی خۆشه‌ویستی و پێوه‌ستی سۆزی نێوان دایك و باوك و منداڵه‌كانیان مه‌یلێكی سروشتی و خۆڕسكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه فۆڕم و شێوازی به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و خۆشه‌ویستییه و تهوزیفكردنهوهیهتی له‌لایه‌نی دایك و باوك له په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كه‌یاندا بۆ به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی شایسته، هاوكات ئه‌و میكانیزمانه‌ی خێزان ده‌یگرێته به‌ر بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه، دیوێكی تری هاوكێشه‌كه‌ن.
لێره‌وه پرسیارێك له دایك ده‌بێ كه ئاخۆ تا چه‌ند خێزانی كوردهواری له نواندنی ئه‌و ڕۆڵه و خستنه‌ڕووی دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه و ته‌وزیفكردنی به ئاراسته شارستانی و زانستییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بووه له به‌رانبه‌ر منداڵه‌كه‌یدا؟
وه‌ك گوتمان خۆشه‌ویستیی خێزان بۆ منداڵه‌كه‌ی سروشتێكی خۆڕسكانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بینین هه‌ر له ساته‌وه‌ختی منداڵبووندا هه‌ست ده‌كه‌ین خێزانی كوردی تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ی بۆ كۆرپه‌ی چاوه‌ڕوانكراو هه‌یه. خێزانی كوردی پێش هه‌ر شت بۆ سه‌لماندنی عه‌قڵی باوكسالارییانهی خۆی، چاوه‌ڕێی موژده‌ی كوڕ ده‌كات (ئێسته‌یش ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر هه‌یه!). كه یه‌كه‌م كۆرپه كوڕ نه‌بوو، ئیتر سه‌ره‌تاكانی تێكچوونی شیرازه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان خێزان ده‌شڵه‌ژێن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنییان به‌سه‌ر منداڵه‌كه‌دا ده‌بێت.
واته تێگه‌یشتنی سه‌قه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ كچ و كوڕ و شانازیكردنی زیاتری به دووه‌م و گرنگی پێدانی، ده‌سپێكی ئه‌و نه‌هامه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه كه دێته به‌رده‌م خێزانی كوردهواری. ته‌نانه‌ت له حاڵه‌تی بوونی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زیش له ماڵێكدا، به ئاشكرا هه‌ست به جیاكاریی نێوانیان ده‌كرێ له‌لایه‌ن خێزانه‌وه له ته‌واوی بواره‌كاندا، بایه‌خپێدانی زیاتری خێزان چڕ ده‌كرێته‌وه سه‌ر كوڕ و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان و له ڕێی ئاماژه‌ی مامه‌ڵه‌كانی خێزان له ته‌ك هه‌ردووكیاندا، كچ ده‌كرێته قوربانی.
دیوێكی تری ترسناك له شێوازی په‌روه‌رده‌ی منداڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، كه ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی هێزی ئیراده و بڕوابوونی منداڵ به تواناكانی، نازكێشانی له ڕاده‌به‌ده‌ری دایك و باوكه بۆ منداڵه‌كانیان، هه‌ر له خواردن پێدانه‌وه، بگره تا ده‌گات به جلگۆڕین و پێڵاو له‌پێكردن و به‌ڕێكردنی منداڵ بۆ باخچه‌ی ساوایان، یا قوتابخانه. له سه‌یران و گه‌شتیشدا خێزانی كوردی ده‌رفه‌تی منداڵ نادات به ئازادیی خۆی له ته‌ك سروشت و ئه‌و شته نوێیانه‌ی ده‌یبینێ و هه‌وڵی بۆ ئه‌وسه‌ر و ئه‌مسه‌ركردن هه‌ڵسوكه‌وت بكات، ئه‌وه‌نده‌ی پێی ده‌ڵێن وامه‌كه و وا مه‌ڵێ و وا مه‌چۆ….، هه‌ستی بڕوابوون به خۆی و هێزی ئیراده‌ی له‌لا ده‌كوژن.
خۆشییهكه له‌وه‌دایه هه‌موو دایك و باوكێك پێیان وایه ئه‌مه‌یان له خۆشه‌ویستی و له‌به‌رچاوی منداڵه‌كه‌یانه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره دواجار جۆرێك له ترس و سڵه‌مینه‌وه له زۆربه‌ی شته‌كانی ده‌وروبه‌ری له دڵ و مێشكی منداڵدا ده‌چێنێ. یان كاتێ منداڵ نه‌خۆش ده‌كه‌وێ، یاخۆ به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه و یاریی، شوێنێكی ئازاری پێ ده‌گات، یان ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رگه‌رمی یارییه‌كه و شتێكی بۆ ناخرێته سه‌ریه‌ك و بۆی ڕێك ناخرێ، زیاد له پێویست دهلاوێنرێتهوه و به په‌له‌پروزێ ئه‌ندامانی خێزان و به‌تایبه‌تی دایك ده‌گه‌ن به هانای و سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن، یاخۆ بۆی ڕێك ده‌خه‌ن، كه دواتر ئه‌و ڕه‌فتاره‌یان وا له منداڵ ده‌كات له ئاینده‌دا نه‌توانێ له ئاست هه‌ر ڕووداوێكدا كه دێته ڕێی، ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه و به‌رده‌وام چاوه‌ڕێی فریادڕه‌سێك بكات. ئه‌م نازهه‌ڵگرتنه زیاد له پێویست و ده‌ستگرتنه زیاده‌ڕۆییه، وا ده‌كات منداڵ شوناسێك بۆ خۆی و تواناكانی نه‌دۆزێته‌وه .
ئه‌گه‌ر ئه‌وه نمایشكردن و ته‌وزیفكردنی خۆشه‌ویستی خێزان بێت بۆ منداڵه‌كه‌ی، ئه‌وا له قۆناغێكی تری ته‌مه‌نیدا و هه‌ندێ جار هه‌ر له ساته‌وه‌ختی منداڵی‌دا، خێزانی كورد ڕه‌فتارێكی دژ و ڕێك پێچه‌وانه له به‌رانبه‌ر منداڵه‌كانی ده‌كات، كه ڕاسته‌وخۆ له به‌ها و كه‌سایه‌تیی منداڵه‌كه داده‌به‌زێنێ و تووشی شكستێكی ده‌روونی ده‌كات، كاتێكیش منداڵ تهفسیرێكی بۆ ئه‌و بانێكه و دوو هه‌وای دایك و باوك پێ نییه، ئیتر یان منداڵێكی بێتوانای شه‌رمن و ترسنۆك و ده‌سته‌پاچه‌ی لێ ده‌رده‌چێت، یاخۆ ده‌بێته كاراكته‌رێكی شه‌ڕانگێز و تووڕه له هه‌موو شتێك و خاوه‌ن ڕۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه.
كه‌واته خراپ و به‌هه‌ڵه ته‌وزیفكردنی خۆشه‌ویستی و سۆزی دایك و باوك بۆ منداڵه‌كه‌یان، دواتریش شێوازی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌كردن له قۆناغه‌كانی تری ته‌مه‌نیدا، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌داته‌وه كه فه‌لسه‌فه و شێواز و جۆری په‌روه‌رده‌ی خێزانی كوردی و ڕۆڵی ئه‌رێنی له پێگه‌یاندنی كه‌سایه‌تیی منداڵدا، ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی سه‌رده‌می و شارستانییانه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنه. ئه‌وه نییه هه‌ر له یه‌كه‌م چركه‌ی بوونه‌وه‌ی زمانی منداڵدا، گیانی پرسیار له ناخیدا ده‌كوژرێ. ئاخر منداڵ كه ده‌نێردرێته به‌ر خوێندن، خێزانی كوردی له بری لێپێچینه‌وه و چاودێریكردن و به‌دواداچوونی له قوتابخانه، ده‌یكاته نێچیرێكی ده‌ستبه‌سته‌ی به‌رده‌م باوكێتیی مامۆستا!
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، خێزانی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می وه‌چه‌نانه‌وه‌ی هه‌یه، له‌وه‌ش زیاتر هێنده‌ی خه‌می زۆركردنی ژماره‌ی كوڕی هه‌یه، نیو ئه‌وه‌نده به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و شارستانی بیری له په‌روه‌رده‌كردن و ئاراسته‌كردنی منداڵه‌كانی نه‌كردووه‌ته‌وه، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پێویسته دایك و باوكی كورد چاو به شێوازی په‌روه‌رده‌كردن و مامه‌ڵه و ڕه‌فتاركردنیان له ته‌ك منداڵه‌كانیاندا بگێڕنه‌وه و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و شێوازه هه‌ڕه‌می و میتافیزیكییه بن له په‌روه‌رده‌كردندا، كه له به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی كۆیله و بێ پرسیار و گومانی ده‌سته‌پاچه و دووره‌په‌رێز بترازێ، به‌رهه‌مێكی جوانتری نابێت. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه و به‌مه‌به‌ستی هاوكاری و دهستگیرۆكردنی دایك و بابی كورد له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و دواجار له پێوه‌ست به قۆناغی خوێندن و گرنگیی جۆر و سروشتی پێوه‌ندیی نێوان خێزان و قوتابخانه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی منداڵ، ئاماژه به چه‌ند لایه‌ن و گۆشه‌نیگایه‌كی پرۆسه‌كه ده‌كه‌ین.
دووه‌م
شیری دایك و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌فتاری منداڵ
لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه ئه‌و دایكه‌ی كه‌متر له شه‌ش مانگ شیری خۆی ده‌دات به منداڵه‌كه‌ی، كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر گه‌شه‌ی عه‌قڵی و جه‌سته‌یی منداڵه‌كه ده‌بێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌خوازراوی به‌سه‌ر ڕهفتارهكانیشیهوه ده‌بێ. ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و دایكه‌ی له ماوه‌ی كه‌متر له شه‌ش مانگ جا به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت (بچووكی ته‌مه‌نی دایك، نه‌خوێنده‌واری، هه‌ژاری، دڵه‌ڕاوكێ، خۆویستی….) جگه‌رگۆشه‌كه‌ی له شیری خۆی بێبه‌ش كردووه، به‌راورد به‌و دایكه‌ی له ماوه‌ی دیاریكراو و پێویستدا شیری به مناڵه‌كه‌ی به‌خشیوه، منداڵه‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر له ڕووی گه‌شه‌ی عه‌قڵی و جه‌سته‌یی دواكه‌وتووتر بووه، به‌ڵكو له باری هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاریشه‌وه به خراپ له كه‌سایه‌تی منداڵه‌كه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، تا ئه‌وه‌ی ئه‌و بێبه‌شبوونه‌ی له شیری دایك بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی منداڵێك بێت شه‌ڕانی و هه‌میشه به‌سه‌رخۆدا داخراو.
*****
ناونانی منداڵ و ڕه‌نگدانه‌وه‌كانی
یه‌كێك له‌و لایه‌نه گرنگانه‌ی كه له ئایندهی دووردا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی منداڵه‌وه ده‌بێت، جۆر و مانای ئه‌و ناوه‌یه كه لێی ده‌نرێ. له‌م ڕووه‌وه هه‌ر نه‌ته‌وه و له‌ناو هه‌ر كولتوورێك و ته‌نانه‌ت له‌ناو خێزانی یه‌ك نه‌ته‌وه و كولتووریشدا، جۆرێك تێگه‌یشتن و سه‌رده‌ركردن له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌یه. شتی هه‌ره باو له‌ناو خێزانی ڕۆژهه‌ڵاتی و به تایبه‌تیش كورده‌واریدا، ناونانی منداڵه به ناوی باوك و دایك و باپیره و داپیره‌ی كۆچكردووی دایباب، ئه‌مه‌ش وه‌ك ڕێزلێنانێك و زیندووڕاگرتنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه له یاده‌وه‌ریی نه‌وه‌كاندا.
خێزان هه‌یه تیایدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ڕۆڵ له ناونانی منداڵه‌كه‌یاندا ده‌بینێ، وه‌ك چۆن هه‌ندێ خێزان له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی ئاین و هونه‌ر و ڕۆشنبیری و هتد. له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا لێكۆڵینه‌وه ده‌روونناسییه‌كان دووپات له‌سه‌ر به‌ها و سه‌نگ و قوڕسایی مانا و ناوه‌ڕۆكی ناو ده‌كه‌نه‌وه، به‌و پێیه‌ی له ئاینده‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر سروشتی كه‌سایه‌تیی منداڵه‌كه‌وه ده‌بێت، تا ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه زۆرجار ئه‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌یه نه‌خوازراو بێت و په‌رچه‌كرداری نه‌رێنیشی لای منداڵ لێ بكه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه منداڵه‌كه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌رپشك و ئازاد نه‌بووه.
ئایا تا ئێسته چه‌ند دایباب ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان كردووه كه له‌سه‌ر چ بنه‌ما و پێوه‌رێك ناو له منداڵه‌كانیان ده‌نێن؟ ئاخۆ ویست و ئاره‌زووی ئه‌وان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه له منداڵ زه‌وت بكه‌ن، كه سبه‌ی ڕۆژ كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵه‌كه به‌رانبه‌ریان لێ بكه‌وێته‌وه؟ ئایا ڕێزگرتنی دایباب له دایباب و برا و خوشكه‌كانیان به‌وه ده‌درێته‌وه منداڵه‌كانیان به‌ناوی ئه‌وانه‌وه بكه‌ن، له كاتێكدا تا له ژیاندا بوونه وه‌ك پێویست ڕه‌نگه ڕێزیان نه‌گرتبن و هاوكاریان نه‌كردبن؟ ئایا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنی كه‌سێكی ئاینداری و خه‌ڵك ستایشت بكات، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ناوێكی ئاینی له منداڵه‌كه‌ت بنێی؟ ئایا ئاین ڕێگره له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ت به‌ناوێكی خۆماڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆت ناو بنێیت؟ ئایا كاتێك ناوێكی ناسكی پڕ سۆز و جوانیی هونه‌ری كه سه‌رچاوه له ژینگه و كولتوور و زمان و ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌كه‌ت ده‌گرێ له منداڵه‌كه‌ت ده‌نێی، مانای ئه‌وه‌یه ڕێزت له باوباپیرانت نه‌گرتووه و سه‌رپێچی فه‌رمانێكی خواییت كردووه و بێ ئاین بوویت؟ ئایا ئه‌وه ناوه مرۆڤ دروست ده‌كات، یان مرۆڤه ناو دروست ده‌كات و به‌ها و سه‌نگ و قورسایی بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟
به‌مانایه‌كی تر، ئایا په‌روه‌رده چ ڕۆڵێك ده‌بینێ له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ت ببێت به خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی ڕه‌وشتبه‌رز و هوشیار و پابه‌ند به ئاین و نه‌ته‌وه و نیشتمان؟ كاتێك ناوێكی شه‌ڕانی، یان نامۆ، یان غه‌یره نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له منداڵه‌كه‌ت ده‌نێی، گوناهی ئه‌و منداڵه چییه سبه‌ی ڕۆژ له‌ناو هاوڕێكانی شه‌رم له ناوی خۆی بكاته‌وه؟
ئه‌مانه و زۆری تریش ئه‌و پرسیارانه‌ن كه پێویسته دایباب به‌ر له ناونانی منداڵه‌كانیان له خۆیانی بكه‌ن. دواجار له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه، ناوێك هه‌ڵبژێریت مانایه‌كی به‌هادار و ناوه‌ڕۆكێكی سه‌نگینی هه‌بێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جوانی ژیان و ژینگه و كولتوور و ژیاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیت بێت.
*****
منداڵ و پژانی زمان
گه‌شه‌كردنی مرۆڤ پرۆسه‌یه‌كی گشتگیره و قۆناغ دوای قۆناغ باڵا ده‌كات، هه‌ر له گه‌شه‌كردنی مێشكه‌وه بگره تا گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و پژانی زمان و گه‌شه‌ی سۆز و فیكر و به كۆمه‌ڵایه‌تیبوون. به قسه‌ی شاره‌زایانی بواری ده‌روونناسی، مێشك به سروشتی خۆی له قۆناغی به‌رله له‌دایكبوون ده‌ست به گه‌شه‌كردن ده‌كات و له ته‌مه‌نی سێ ساڵان ئه‌و گه‌شه‌كردنه به هۆی پته‌وبوونی خانه‌كانی، خێراتر ده‌بێت، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی تری پرۆسه‌كه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ستن به ژینگه‌ی دوای له دایكبوون و ئه‌و زهوینهسازییانهی بۆی ده‌ڕه‌خسێن، تا خێراتر و باشتر گه‌شه بكات. واته له‌و قۆناغه به‌دواوه به‌رپرسیارێتیی یه‌كه‌می دروست ڕێچكهگرتنی ئه‌و پرۆسه‌یه، هه‌ر له گه‌شه‌كردنی زمانه‌وه بگره تا ده‌گاته لایه‌نه‌كانی تری گه‌شه‌كردن، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی خێزان و ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
بۆ نموونه، گه‌شه‌ی زمان و قسه‌كردن له‌لای منداڵ له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای دوای له‌دایكبوونی ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له ڕێی بیستنی قسه و گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامانی خێزان، ئه‌گه‌رچی منداڵ پیت و وشه و چۆنیه‌تیی ده‌ربڕینیان نازانێ و ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌یش كه زمانی گۆ ده‌كات، زۆرجار ده‌ربڕینی هه‌ندێ پیتی له‌لا قورس ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و قۆناغه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ دروست پژانی زمانی منداڵ. له‌به‌رئه‌وه ئه‌ركی خێزانه به زمانێكی پاراو و بێ گرێ و گۆڵ، گوێچكه‌ی منداڵ له‌سه‌ر ڕیتمی وشه و ده‌ربڕین و زمانی له‌سه‌ر گۆكردنی دروستی ئه‌م وشانه ڕابێنێ.
منداڵ چی ده‌بیستێ، ئه‌وی له یاده‌وه‌ریدا جێگیر ده‌بێت و دواتر هه‌مان شت و به هه‌مان ڕیتم و ده‌ربڕین دووباره ده‌كاته‌وه. كه‌واته له بری ئه‌وه‌ی منداڵ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه ده‌ربڕینێكی نامۆ كه له‌ناو خێزانه‌كانماندا باون، ڕا بێنین، یان به هه‌ڵه هه‌ندێ پیت كه به هه‌ڵه له‌سه‌ر ده‌ربڕینیان ڕاهاتووین له مامه‌ڵه و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانماندا دووباره بكه‌ینه‌وه، باشتره ناوی كه‌س و شته‌كانی ده‌وروبه‌ری وه‌ك خۆیان و پیته‌كانی به دروستی بۆ ده‌ربڕین، بۆ ئه‌وه‌ی زمانی به دروستی بپژێ و گۆ بكات.
هه‌ر بۆ نموونه، كێشه‌یه‌كی گه‌وره له ناو خێزانی كوردیدا ده‌ربڕینی پیته‌كانی (ع) و (ح)ـه كه تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت زۆربه‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، به زۆر له‌وانه‌یشه‌وه كه خوێنده‌وار و هه‌ڵگری بڕوانامه و ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیریشن!
نووسراوه له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: