پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان International Youth Math Challenge
لە ئێستادا بۆ ئەم خولەی پێشبڕکێیەکە تەنها ٢١ ڕۆژ کات ماوە بۆ بەشداریکردن و ناو تۆمارکردنی شیکارەکانت.
پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان رکابەریەکی نێودەوڵەتی بیرکاریە کە هانی قوتابیان دەدات لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ سەلماندنی بەهرەکانیان لە بیرکاریدا و وەگەڕخستنی توانای داهێنانیان.
“بیرکاری ئەو زمانەیە کە خودا گەردونی پێ نوسیوە.” گالیلۆ
بە دڵنیاییەوە، بیرکاری بابەتێکی بنەڕەتیە بۆ تێگەشتن لە دونیا، دەسکەوتە زانستیەکان و پێشکەوتن، و ئەندازیاری و بوژانەوەی ئابوری لە کۆمەڵگادا. هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نیە کە بیرکاری بابەتێکی زەرور و پێویستە بۆ قوتابیان لە هەموو تەمەنەکاندا لە دونیادا. پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان ئامانجی دامەزراندنی پێشبڕکێیەکی جیهانیە کە کراوەبێت بۆ هەموو قوتابیان و مامۆستایان. دەرفەتێکی بێهاوتایە بۆ لاوان بۆ بەرەنگار بونەوەی بەهرەکانیان لە بیرکاریدا، دڵ گەرم و چاونەترس بە بۆ چێژوەرگرتن لە دونیا سەرنجراکێشەکەی بیرکاری.
چی وای لە IYMC کردوە بێ هاوتا بێت؟
چەندان پێشبڕکێی تری بیرکاری هەیە لەپاڵ IYMCدا بۆ ناساندن و ئاشنا کردنی خوێندنی بیرکاری. هەرچەندە، IYMC بێهاوتایە و چەندین سودی هەیە بەگەڕانەوە بۆ جۆرایەتی لە بابەتەکانیدا:
- نێودەوڵەتی بوون: پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان پێشبڕکێیەکی جیهانیە لە قۆناغی یەکەمیەوە! هەموو بەشداربووان هەمان ئەو پرسیارانە شیکار دەکەن وەک هاوتا جیهانیەکانیان لە هەموو قۆناغەکاندا. ئەوەش هەڵسەنگاندنێکی عادیلانە و ئاڵوگۆڕێکی نیودەوڵەتی دێنێتە ئاراوە.
- دانانی ئۆنڵاین: پێشبڕكێکە ئاسانکاریە نوێیەکانی بواری ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت بۆ پێدانی هەمان دەرفەت بە بەشداربوان بەبێ گرنگیدان بە نەتەوە، ناوچە، قوتابخانە یان ئەندامبون لە هەر ڕێکخراو و دەزگایەکدا. هەموو قوتابیەک ئەشێ بەشداری بکات. ئەندامبوون لە هیچ شوێنێک داواکراو نیە بۆ بەشداری کردن.
- پرسیاری تایبەت و داهێنەرانە: قۆناغی پێش کۆتایی پێکهاتووە لە سێ جۆر پرسیاری تایبەت کە تەنها لە پێشبڕکێی IYMCدا هەن: پرسیاری تایبەت و داهێنەرانە. ئەم جۆرە پرسیارانە وەڵامی کۆتاییان نیە، بەڵام شێوازی نزیک بوونەوە لە پرسیارەکە و هەنگاونان بۆ دۆزینەوەی ئەنجام خاڵی لەسەرە. ئەم جۆرە لە پرسیار نمونە گەلێکی راستەقینە پیشان دەدات لە گەڕان و دۆزینەوەی بیرکاریانە، و پێویستی بە ڕەسەنایەتیەکی تایبەت و داهێنەری هەیە. قوتابیان توانستێک وەردەگرن بۆ هەوڵدان لە بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی بیرکاریانە.
- پشتیوانی مامۆستا و ئامرازی ئۆنلاین: پشتیوانی مامۆستایان و قوتابخانەکان دەکەین بە پێدانی کەرەستە و پشتگیری کردنیان لە کاتی هەبوونی هەر پرسیار، داواکاری و ئارەزویەکدا. هەروەها، ئامرازێکی ئۆنلاینمان دروست کردوە بۆ زانینی دانانی شیکار و ئەنجامەکان.
- نوێنەری پرۆگرامی IYMC: نوێنەری پرۆگرامی iymc یارمەتی قوتابیانی هاندراو و مامۆستایانی یارمەتیدەر دەدات بۆ هاندانی گەنجان لە بیرکاری و پێشبڕکێیەکان.
کێ دەتوانێ بەشداری بکات؟
بۆ ئەوەی مافی بەشداری کردنت هەبێت لە IYMC پێویستە لانی کەم تەمەنت ١٠ ساڵ بێت و پێویستە قوتابی بیت(لە ئامادەیی یان زانکۆ). هیچ شتێکی تر نیە پێویست بێت بۆ بەشداری کردن و قوتابیان لە هەموو قۆناغەکان و هەموو وڵاتانەوە بانگێشتکراون بۆ بەشداریکردن لەم پێشبڕکێیە.
قوتابیان بە پێی تەمەنیان دابەش کراون بەسەر دوو پۆلێن دا:
- ژێر ١٨: تەمەنی ١٠ ساڵان هەتا ١٧ ساڵان.
- سەرو ١٨: لە ١٨ ساڵانەوە بەرەوسەر.
قوتابیانی هەردوو پۆلێنەکە هەمان پرسیار وەردەگرن لە هەموو قۆناغەکانی پێشبڕکێیەکەدا. هەرچەندە، ئەو قوتابیانەی تەمەنیان ١٨ ساڵ یان زیاترە پیویستە خاڵی زیاتر کۆبکەنەوە(بۆ نمونە، بۆ هەبونی مافی بەشداری کردن لە قۆناغی پێش کۆتایی، ئەو قوتابیانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە پێویستە سێ لە پرسیارەکان بە ڕاستی وەڵام بدەنەوە و ئەو قوتابیانەی تەمەنیان ١٨ ساڵ یان زیاترە پێویستە چوار لە پرسیارەکان بە ڕاستی وەڵام بدەنەوە).
بۆچی پێویستە بەشداری بکەم؟
پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان دەرفەتێکی بێهاوتات بۆ دەرەخسێنێت بۆ وەگەڕخستنی بەهرەکانت لە بیرکاریدا و بەکارهێنانیان لە پرسیارە قورسەکان. بەشداربووان شەهادە، پاداشت، خەڵاتی کاش و ناساندنی جیهانی وەردەگرن.
خەڵات و پاداشتەکان
خەڵات و پاداشتەکان بەهایان کۆی ٥٠٠ دۆلاری ئەمەریکیە: هەموو بەشداربووان(بێگوێدانە ئەنجام) شەهادەی بەشداریکردن وەردەگرن بۆ ڕێزێک لە هەوڵ و تەقەللایان. باشترین قوتابیەکان خەڵاتی ژمارە یەک، خەڵاتی ژمارە دوو و خەڵاتی ژمارە سێ وەردەگرن وەهەروەها پاداشتی تایبەتی هەیە بۆ باشترین قوتابیەکان لە هەر ناوچەیەکەوە.
- ٢٠٠ دۆلاری ئەمەریکی خەڵاتی نەقد، تایبەت. خەڵاتی ژمارە ١
- ١٥٠ دۆلاری ئەمەریکی خەڵاتی نەقد، تایبەت. خەڵاتی ژمارە ٢
- ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی خەڵاتی نەقد، تایبەت. خەڵاتی ژمارە ٣
هەموو دەرچوان بۆ قۆناغی کۆتایی شەهادەی تایبەتی قۆناغی کۆتایی
هەموو بەشداربووان شەهادەی رەسمی بەشداریکردن
+ڕێزی تایبەت بۆ تۆمارکردنی دیجیتاڵ
“ڕێزی تایبەتی بۆ تۆمارکردنی دیجیتاڵ”ی چیە؟: هەموو ئەو بەشداربوانەی کە پرۆگرامێکی پرۆفیشناڵی کۆمپیوتەریان بەکارهێناوە(بۆ نمونە LaTeX یان MS Word) بۆ نوسینی شیکارەکانیان ئەوا تێبینیەکی تایبەتی فەخری وەردەگرن لەسەر شەهادەکانیان، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەو کارامەیییە گرنگە بۆ پیشەی داهاتوی هەموو قوتابیان.
لەبەرئەوەی IYMC پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیە، شەرەفێک دەدرێت بە باشترین بەشداربووەکان لە هەر ناوچەیەکی جیهانەوە بە پێدانی شەهادەیەکی تایبەتی:
- باشترین بەشداربوو لە ئەوروپا
- باشترین بەشداربوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- باشترین بەشداربوو لە ئەفریقا
- باشترین بەشداربوو لە باشووری ئاسیا
- باشترین بەشداربوو لە (باشوری) ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
- باشترین بەشداربوو لە ئەمەریکا
“ئایا کۆپی سەر کاخەزی شەهادەکەم وەردەگرم؟ هەموو ئەو بەشداربوانەی خەڵاتیان بردۆتەوە و باشترین بەشداربووەکان لەهەر ناوچەیەکەوە کۆپی سەر کاخەزی شەهادەکانیان وەردەگرن. هەموو بەشداربووان و دەرچوان بۆ قۆناغی کۆتایی تەنها کۆپی ئەلیکترۆنی شەهادەکانیان وەردەگرن لە ڕێی ئیمەیلەوە(بە مەبەستی پاراستنی ژینگە).
ئێمە تێدەگەین لە رۆڵی گرنگی مامۆستایان و قوتابخانەکان لە خوێندنی بیرکاریدا. لەبەر ئەوەش، پاداشتی سێ قوتابخانە بە خەڵات دەکەین وەک ڕێزێک بۆ هەوڵی مامۆستاکان و قوتابخانەکە(پاداشتەکان هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵاتی کاشەوە نیە):
- پاداشتی قوتابخانە لەلایەن IYMC بۆ زۆرترین بەشداربوو: ئەم پاداشتە بۆ ئەو قوتابخانانەیە کە بە گشتی زۆرترین بەشداربوویان هەبووە لە قۆناغی یەکەمدا، وەک ڕێزێک بۆ تێکۆشانی مامۆستاکان لە هاندانی قوتابیان بۆ بەشداریکردن لە پێشبرێکێیە بیرکاریەکان.
- پاداشتی قوتابخانە لەلایەن IYMC بۆ زۆرترین دەرچوو بۆ قۆناغی کۆتایی: ئەم خەڵاتە بۆ ئەو قوتابخانانەیە کە زۆرترین قوتابیان بەشداری کردوە لە قۆناغی پێش کۆتای و قۆناغی کۆتایی.
- پاداشتی قوتابخانە لەلایەن IYMC بۆ نایابی: ئەم خەڵاتە بۆ ئەو قوتابخانانەیە کە قوتابی زۆریان هەبووە کە ئەنجامی بەرزی بەدەستهێناوە بە کۆی گشتی پێشبڕکێیەکە، خەڵاتەکە وەک ڕێزێکە بۆ کوالیتی خوێندن. ڕێکخەرەکانی ئەم پێشبڕکێیە بڕیار دەدەن کام قوتابخانە خەڵاتەکە وەردەگرێت.
پرۆسە و دوامۆڵەت
پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان IYMC پێکهاتوە لە سێ قۆناغ: قۆناغی یەکەم(قۆناغی پاڵاوتن)، قۆناغی پێش کۆتایی و قۆناغی کۆتایی. هەریەک لە قۆناغەکان تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ پێدانی ئەزمونێکی جوان و زۆر باش.
قۆناغی یەکەم(قۆناغی پاڵاوتن)
قۆناغی پاڵاوتن قۆناغی یەکەمە و پێکهاتوە لە پێنج پرسیاری بیرکاری: A، B، C، D و E. پرسیارەکان بە ئۆنلاین لە وێبسایتی سەرەکی IYMC بەردەستن. پرسیارەکانیش دەگۆڕێن بە پێی مەوزوع، زەحمەتی و بابەت. پرسیارەکان دەگۆڕێن لە بابەتی ئەندازەوە هەتا تیۆری ژمارەکان ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو قوتابیەک ئەو پرسیار بدۆزێتەوە کە پێی خۆشە هەتا ئیشی لەسەر بکات. ئەم پرسیارانە تەنها بیری قوتابی تیژ ناکات بەڵکو بەرەنگاری بەهرەی بیرکاریشیان دەبێتەوە.
هەموو بەشداربوانی قۆناغی پاڵاوتن شەهادەی بەشداری کردن وەردەگرن. و پێویستە لانی کەم سێ لە پرسیارەکان حەل بکەن(ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە) و ئەوانەیشی تەمەنیان لەسەرو ١٨ ساڵە دەبێت چوار پرسیار حەل بکەن بە ڕاستی هەتاوەکو دەربچن بۆ قۆناغی پێش کۆتایی.
دوا مۆڵەت بۆ تۆمارکردنی شیکار بریتیە لە 30.09.2018 واتە ٣٠ ی مانگی ٩ ی ٢٠١٨. |
بۆ ئەوەی خۆت بەدوور بگری لە کێشەی نەبوونی ئینتەرنێت، هەبوونی کێشە لە ناردنی شیکارەکانت، و کێشەی تر، هەوڵبدەن شیکارەکانتان پێش دوا مۆڵەت بۆ تۆمارکردن دابنێن کە 30.09.2018 یە.
فایلی شیکارەکانت ئەکرێ(پێشنیاز کراوە) بە دیجیتاڵی بنوسیت یان ئەکرێ وێنەیەکی ڕوونی دەستوخەتت بێت. لە کاتی بوونی زیاتر لە وێنەیەک ئەکرێ ئامرازی ئۆنلاین بەکاربهێنی بۆ لێکدانی وێنەکان بۆ یەک فایل.
دڵنیا ببەرەوە لەوەی کە ناوی یەکەم و ناوی دووەم(نازناو)ت بەڕاستی دەنوسیت. چونکە بەکاردێت لە بەشداریکردن، دەرچون بۆ قۆناغی کۆتای، و بردنەوەی خەڵاتەکان. و تەنها پیتە ئینگلیزیەکان بەکاربهێنن.
ئەنجامەکانی قۆناغی پاڵوتن(قۆناغی یەکەم) لە بەرواری 08.10.2018 ڕا دەگەیەنرێن. |
قۆناغی پێش کۆتایی
ئەو بەشداربوانەی کە پرسیارەکانی قۆناغی پاڵاوتنیان بە سەرکەوتوانە شیکارکردووە شیاون کە بەشداری قۆناغی پێش کۆتایی بکەن. پرسیارەکای ئەم قۆناغە ململانێی زیاتریان تێدا دەبێت، بەڵام هێشتا زۆر سەرنجڕاکێش دەبن.
پرسیارەکان و خاڵەکان
قۆناغی پێش کۆتایی پێکهاتووە لە ١٥ پرسیاری جیاواز کە دەگۆڕین بەپێی زەحمەتی، خاڵەکان، و بابەت. هەموو بابەتەکان لە ئەندازەوە بۆ تیۆری ژمارە لەم قۆناغەدا بونیان هەیە. سێ جۆری جیاواز لە پرسیار هەیە لەم قۆناغە کە بەشێکیان ٢ خاڵ و بەشێکیان ٤ خاڵ و بەشێکیان ٨ خاڵی لەسەر دەبێت:
- شەش دانە پرسیاری سەرەتایی: ئەم جۆرە پرسیارە نزمترین ئاستی زەحمەتیان هەیە لە قۆناغەکەدا. وە وەڵامی ڕاست بۆ هەر پرسیارێکیان دوو خاڵی لەسەرە.
- شەش دانە پرسیاری پێشکەوتوو: ئەم جۆرە پرسیارەیان زیاتر زەحمەتی هەیە. وە وەڵامی ڕاست بۆ هەر پرسیارێکیان چوار خاڵی لەسەرە.
- سێ دانە پرسیاری تایبەت و داهێنەرانە: ئەم جۆرە پرسیارەیان وەڵامی کۆتایی نیە، بەڵام شێوازی نزیک بوونەوە لە پرسیارەکە و چۆنیەتی دۆزینەوەی وەڵام خاڵی لەسەرە لە نێوان سفر هەتا هەشت. ئەم جۆرە پرسیارە پیشاندانی نمونە گەلێکی ڕاستیەقینەی بیرکردنەوەی بیرکاریانەیە و پێویستی بە تێگەیشتنی قوڵ و داهێنەرانە هەیە بۆ شیکار.
ئەشێ هەر قوتابیەک هەتا ٦٠ خاڵ بەدەست بهێنێت. وە ئەو قوتابیانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە پێویستە لانی کەم ٢٥ خاڵ بەدەست بهێنن هەتا مافی ئەوەیان هەبێت بەشداری قۆناغی کۆتایی بکەن، وە ئەوانەی سەرو ١٨ ساڵن پیویستە لانی کەم ٣٥ خاڵ بەدەست بهێنن.
پرۆسە و ناردنی شیکار
هەموو ئەو بەشداربوانەی مافیان هەیە و خۆیان تۆمار کردوە بۆ قۆناغی پێش کۆتایی پرسیارەکانی ئەم قۆناغە لە ڕێی ئیمەیلەوە وەردەگرن لە رۆژی دووشەمە 29.10.2018. لەو ڕۆژە بەدواوە ماوەی هەفتەیەکیان پێدەدرێت هەتا ڕۆژی یەکشەمە 04.11.2018 بۆ شیکار کردنی هەرچەندە پرسیار کە بتوانن.
قوتابیان دەتوانن شیکارەکانیان بە ئۆنلاین لە ڕێی فۆرمێکی ناردنی تایبەتەوە بنێرن: ئەتوانن شیکارەکانیان بە دەستی بنوسن یان بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بینوسن.
تۆمارکردن و تێچونەکان
ئەگەر سەرکەوتوبویت لە قۆناغی پاڵاوتن، ئەوا دەرفەتێکی بێ وێنەت هەیە بۆ بەشداری کردن لە قۆناغی پێش کۆتایی. بۆ ئەوەی خۆت تۆمار بکەی، فۆرمێکێ خۆ تۆمارکردنت بۆ دەنێردرێت لەلایەن پێشبڕکێکەوە.
دوا بەروار بۆ خۆ تۆمارکردن بۆ قۆناغی پێش کۆتایی 28.10.2018 یە. |
ئەم پێشبڕکێ جیهانیە چەندین خەرجی و تێچونی هەیە وەک سەرچاوەی مرۆیی، چەند ئامادەکاریەکی تەکنیکی، پێداویستیەکان، و زۆر شتی تر. سپۆنسەرەکانی پێشبڕکێیەکە زۆربەی خەرجیەکان دابین دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە ئەنجام بدرێت داوا لە بەشداربووان کراوە کە بڕی ٥ دۆلاری ئەمەریکی بدەن بۆ خۆ تۆمارکردن.
تێچوەکانی تۆمارکردن پێویستیەکە بۆ پێدانی ئەو سەرچاوانەی کە بەکاردێن لە هەڵسەنگاندنی پێشبڕکێیەکە و بە تەواوی بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشکەوتنە.
ئایا دەتوانم تەنها لە قۆناغی پاڵاوتن بەشداری بکەم و لە قۆناغی پێش کۆتایی بەشداری نـەکەم؟: بەدڵنیایی، ئەتوانیت بەشداری بکەیت لە قۆناغی پاڵاوتن(یەکەم) و شەهادەی بەشداریکردن وەربگریت و خۆت تۆمار نەکەی بۆ قۆناغی پێش کۆتایی. هەرچۆنێک بێت، لەم حاڵەتەدا، دەرفەتەکە لە دەست دەدەیت.
ئەنجامەکانی قۆناغی پێش کۆتایی لە 12.11.2018 ڕادەگەیەنرێن. |
قۆناغی کۆتایی
ئەو بەشداربوانەی کە پرسیارەکانی قۆناغی پێش کۆتاییان بە سەرکەوتوانە شیکار کردوە مافی ئەوەیان هەیە بەشداری قۆناغی کۆتایی بکەن. پرسیارەکانی ئەم قۆناغە هەڵبژاردنن و ماوەی ٦٠ خولەک دەدرێت بە بەشداربووەکان بۆ وەڵام دانەوە.
تاقیکردنەوە و خاڵەکان
قۆناغی کۆتایی یەک تاقیکردنەوە دەگرێتە خۆی کە ٣٠ پرسیاری هەڵبژاردنە. پرسیارەکان پیویستی بە لێهاتووی بیرکاری و هەروەهازانیاریە لەسەر پێناسە بیرکاریەکان. دەرچوان بۆ قۆناغی کۆتایی ماوەی ٦٠ خولەکیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکە! بۆ هەر پرسیارێک ٤ وەڵامی شیاو دراوە(تەنها یەکێکیان ڕاستە). وەڵامی ڕاست یەک خاڵی لەسەرە. پاداشت و خەڵاتەکان دەدرێت بەو دەرچوانەی کە زۆرترین خاڵ بەدەست دەهێنن لە قۆناغی کۆتایی.
ناونوسینی مامۆستا
تاقیکردنەوەی قۆناغی کۆتایی(بەزۆری) لە قوتابخانەی قوتابیە دەرچوەکان بۆ قۆناغی کۆتایی ئەنجام دەدرێت کە سەرپەرشتی دەکرێت لە لایەن مامۆستایەکەوە. هەموو بەشداربوانی قۆناغی کۆتایی پێویستە مامۆستایەک(یان کەسێکی تری متمانە پێکراو) دیاریبکەن کە ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر چاودێری کردنی تاقیکردنەوەکە. رێکخەرانی پێشبڕکێیەکە هەموو زانیاریە پیویستەکان و تاقیکردنەوەی کۆتایی دەنێرن بۆ مامۆستا دیاریکراوەکە کە کاتی هەیە ئەم تاقیکردنەوە ٦٠ خولەکیە بەڕێوە ببات هەتا 30.11.2018. فۆرمێکی ئۆنلاین دابین کراوە لەلایەن پێشبڕکێکەوە بۆ مامۆستاکان هەتا ئەنجامەکانی تیا دابنێن بەبێ هیچ ماندووبونێک.
مامۆستاکە پیویستە دڵنیابێت لەوەی کە قوتابیەکان فێڵ ناکەن و پیویستە تاقیکردنەوەکە کۆتای پێ بهێنێت هەرکە ٦٠ خولەکەکە تەواو بوو بەبێ ئەوەی گرنگی بدات بەوەی کە چەند پرسیاریان وەڵام داوەتەوە.
ئەنجامەکانی قۆناغی کۆتایی لە 03.12.2018 ڕادەگەیەنرێن. |
خشتەی کاتەکان(هەموو دوامۆڵەتەکان)
لە خوارەوە خشتەی هەموو رۆژە پەیوەندارەکان و دوامۆڵەتەکان(ئەشێ گۆڕانگاری ڕوو بدات) هەیە.
یەک شەممە 30.09.2018 دوا مۆڵەت بۆ ناردنی شیکارەکانی قۆناغی یەکەم
دوو شەممە 08.10.2018 ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی قۆناغی یەکەم
یەک شەممە 28.10.2018 دوا مۆڵەت بۆ خۆ تۆمارکردنی قۆناغی پێش کۆتایی
دوو شەممە 29.10.2018 بڵاو کردنەوەی پرسیارەکانی قۆناغی پێش کۆتایی
یەکشەممە 04.11.2018 دوا مۆڵەت بۆ ناردنی شیکارەکانی قۆناغی پێش کۆتایی
دوو شەممە 12.11.2018 ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی قۆناغی پێش کۆتایی
هەینی 30.11.2018 تۆمارکردنی مامۆستایان/ دوا مۆڵەت بۆ ناردنی شیکارەکانی کۆتایی
زانیاری بۆ مامۆستایان و قوتابخانەکان
مامۆستایان، دایک و باوکان، و قوتابخانەکان هەموان بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لەم دەرفەتەدا لەگەل قوتابیەکانیان و دروست کردنی قوتابیەکی بەهرەدار بەتایبەتی بە سود بینین لەم پێشبڕکێیە.
پێشبڕکێی بیرکاری نێودەوڵەتی لاوان IYMC ڕێگەیەکی نایابە بۆ یارمەتی دانی مێشکی قوتابیەکانت کە باشتر بیربکەنەوە، و بۆ هاندانیان و ڕووبەڕوکردنەوەیان لەگەڵ پرسیاری گەلێکی داهێنەرانەی بیرکاری. پرسیارەکان دەکرێت وەک ئەرکی ماڵەوە یان پرۆژێکت بەکاربهێنرێن: پێشبڕکێیەکە پرسیاری هەمەجۆری تیادایە هەر لە بابەتەکانی ئەندازەوە هەتا تیۆری ژمارەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، مامۆستایان و قوتابیان ئەکرێ پرسیارەکانی پێشبڕکێی IYMC بەکاربهێنن لە چالاکیەکانی دەرەوەی پۆل یان لە ۆرکشۆپەکاندا. پرسیارەکان هانی قوتابیان دەدەن کە زیاتر خۆشی و چێژ لە بیرکاری وەربگرن و هەلێکی ناوازە دەدات بەو قوتابیانەی کە بەهرەیان لە بیرکاریدا هەیە هەتا ڕووبەڕوو و بەرەنگاری زیرەکی و کارامەیی خۆیان ببنەوە.
پاداشی قوتابخانە: ئەو قوتابخانە و مامۆستایانەی کە زۆرترین قوتابیان بەشداری دەکات و قوتابی زۆریان سەرکەوتوو دەبێت پاداشتی تایبەتییان هەیە. پاداشتەکان پەیوەندیان نـیـە بە خەڵاتی کاشەوە، بەڵکو وەک ڕێز و شەرەفمەندیەکە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی قوتابخانە و ئەو مامۆستایانەی یارمەتی قوتابیەکان دەدەن.
ئەگەر ئارەزوی ئەوە دەکەیت کە گروپێکی IYMC لە قوتابخانەکەت دروست بکەیت یان پرسیارەکانی IYMC لە مەنهەجەکەتدا یان وەک ئیشی پرۆژەی قوتابیان بەکاریبهێنیت، ئەوە هیچ دوودڵ مەبە لەوەی پەیوەندی بە ڕێکخەرانی پێشبڕکێیەکەوە بکەی. هەروەها کەرەستەی تر، پۆستەر و زانیاری زیاتر لە وێبسایتی سەرەکی پێشبڕکێیەکە داندراون.
بۆ دەسکەوتنی پرسیارەکانی قۆناغی یەکەم(پاڵاوتن)ی ئەم خولەی پێشبڕکێیەکە کلیک لێرە بکە. یان سەردانی وێبسایتی سەرەکی پێشبڕکێیەکە بکە http://www.iymc.com .
سەرچاوە وێبسایتی پێشبڕکێ www.iymc.info
وەرگێڕان و نوسینی: چێنەر عەبدوڵا-باڵیۆزی پێشبڕکێ.
نووسراوه لهلایهن
Chenar
ليست هناك تعليقات: