بایكۆتی مامۆستایان كۆتایی پێ دێت خوێندن دەست پێ دەكاتەوە
بایكۆتی مامۆستایان كۆتایی پێ دێت خوێندن دەست پێ دەكاتەوە
دوای زیاتر لەمانگێك لەبایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین، دەرگای ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوەو بەرپرسێكی یەكێتی مامۆستایانیش وادەی دەستپێكردنەوەی خوێندن ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت:” باسكردن لەدرێژكردنەوەی پرۆسەی خوێندن و نەهێشتنی پشووەكان، بۆ توڕەكردنی مامۆستایانە”.
دڵشاد مەجید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت پێویستدەكات پرۆسەی پەروەردە نەوەستێت و بەردەوام بێت، لەهەمانكاتیشدا حكومەت بەڵێنەكانی بەرامبەر بەمامۆستایان بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەت دیاریكردنی موچە پاشەكەوتكراوەكان بەژمارە حسابییەك و دابینكردنی زەوی و پێدانی موچە لەوادی خۆیدا.
وتیشی:” بەشێك لەبەڕێوەبەری خوێندنگەكان لەسەر داواكاری پارێزگاری سلێمانی و بەشێك لەبەڕێوەبەرانی پەروەردە، كۆبونەوەیان لەگەڵ مامۆستایان كردوەو زۆرینەیان لەگەڵئەوەدان، لەڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو 4ی 3ی 2018 دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، هەرچەندە لەم هەفتەیەشدا چەندین خوێندنگە دەوامیان كردووە”.
سەبارەت بەپرۆگرامەكانیش، دڵشاد مەجید وتی:” ئەمساڵ لەوەرزی یەكەم ئاستی خوێندن زۆر باش بوو، بۆ وەرزی دووەمیش دەكرێت بەشێك لەپرۆگرامەكان بخوێندرێت و ئەوەی مەبەستە بیگەیەننە خوێندكاران”.
سەبارەت بەكەمكردنەوەی پشووەكانیش، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان ڕایگەیاند: وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەكان بۆ گونجاندنی هەلومەرجی خوێندن، تا ئێستاش هیچ قسەیەك لەسەر درێژكردنەوەی ساڵی خوێندن یاخود نەهێشتنی پشووەكان نییە، تەنها لێرەو لەوێ قسەی لەسەر دەكرێت و بەئاراستەی زیاتر توڕەكردنی مامۆستایان و نەگەڕانەوەیانن بۆ خوێندنگەكان، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو كەمكردنەوەیەدا نین.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: