بەهۆی هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین 19 قوتابی شەهیدبوون
–
تورکیا لە هێرش و بۆردومانەکانیدا بۆ سەر عەفرین ١٩ خوێندکارى شەهید کردووە و ٢٧ خوێندکارى تریشى بریندارکردووە. هەورەها بەهۆى بۆردومانەکانەوە خوێندن لە ٣١٨ خوێندنگە ڕاگیراوە و ٥٠ هەزار خوێندکاریش لە خوێندن بێبەش بوون.
ئەمڕۆ حەمۆ شێرۆ و ئەمیرە حەمۆ ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمیتەى پەروەردەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک لە عەفرین و بە بەشداریى دەیان مامۆستاى خوێندنگەکانى عەفرین و لە بەردەم بیناى خوێندنگەى شەهید نەشەت لە ناوەندى شارى عەفرین ڕایانگەیاند، تورکیا هاووڵاتیانى مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بە تایبەت خوێندنگەکانى سەرتاسەرى هەرێمى عەفرینى کردووەتە ئامانجى هێرشەکانى.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەوڵەتى تورکیا لە هێزى خوێندکاران و پێگەیاندنیان بۆ داهاتو دەترسێت و بۆ ئەوەش دەیەوێت پەروەردە و کولتور بە زمانى کوردی و بنیاتنانى تاک و دروستکردنى کەسایەتیى خۆڕاگر لە عەفریندا نەهێڵێت. لەبەر ئەوەش بە فڕۆکە، تانک و تۆپ هێرش دەکاتە سەر ناوەندەکانى خوێندن، زانکۆ و پەیمانگەکانى عەفرین.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆى هێرش و بۆردومانەکانى تورکیاوە خوێندن لە زانکۆ، پەیمانگە و ٣١٨ ناوەندى خوێندن ڕاگیراون و ٥٠ هەزار خوێندکاریش لە خوێندن بێبەشبوون. سەربارى ئەوەش بەهۆى بۆردومانەکانى تورکیاوە ١٩ خوێندکار شەهیدبوون و ٢٧ خوێندکارى تریش برینداربوون و زیانیش بە بیناى ١١ خوێندنگە گەیشتووە.
دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمیتەى پەروەردەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک لە عەفرین، داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، ڕیکخراوەکانى بوارى پەروەردە و مافەکانى مرۆڤ کردووە، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەهێرشەکانى تورکیا و کار بۆ ئەوە بکەن مافى خوێندنى خوێندکاران پارێزراو بێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨ەوە، سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر عەفرین و لەو هێرشەیاندا، خانووى هاووڵاتیان، بازاڕ، شوێنى مانەوەى هاووڵاتیان، گوندەکان، شوێنەوارە مێژوویەکان، مزگەوتەکان، گۆڕستانەکان، خوێندنگەکان، وێستگەى ئاو و بەنداوى عەفرینى کردووەتە ئامانج و زیانیان بەو شوێنانە گەیاندووە.
بەپێى ئامارە بڵاوکراوەکانی شەڕڤانانەوە و بە هۆى ئەو هێرشانەى تورکیاوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٧ تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سەربازیى سوپاى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێنراونەتەوە و ٧٨١ سەرباز و چەکدارى تورکیاش کوژراون. لە بەرامبەریشدا ٧٧ شەڕڤان شەهیدبوون. هەروەها بەهۆى هێرشى و بۆردومانەکانى تورکیاوە زیاتر لە ١٤٨ هاووڵاتیى عەفرین شەهیدبوون و نزیکەى ٤٠٠ هاووڵاتیى تریش برینداربوون.
هەروەها زیاتر لە ٥٠ هەزار خوێندکار لە عەفرین بەهۆى هێرش و بۆردومانەکانى تورکیاوە لە خوێندن بێبەشبوون.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: