Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

پەیامێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی یەوە بۆ ڕای گشتى

وەک ئاشکرایە هەرێمى کوردستان لە ئێستادا بە بارودۆخێکى سیاسى و دارایى تایبەت تێدەپەرێت، ئەم دۆخە هەموو کایەکانى ژیانى هەرێمەکەمانى گرتۆتەوە، بێگومان کەرتى خوێندنى باڵا-ش بەدەر نەبوە لە کاریگەرییەکانى ئەو دۆخە تایبەتە، لە ماوەى ڕابردودا نەتوانراوە وەک پێویستە شایستە داراییەکانى مامۆستایان و فەرمانبەران لە کاتى خۆیدا دابین بکرێ، بودجەى زانکۆکان لە ژێر کاریگەرى قەیرانى داراییدا کەمى کردوە، هەرچەندە وەزارەتەکەمان لە ڕێگەى پڕۆژەى (سەربەخۆى دارایى) هەوڵیداوە بەشێک لەو کێشانە چارەسەر بکات، بەڵام هێشتا زانکۆکان بۆ بەردەوامیدان بەپڕۆسەى خوێندن پشتیوانى دارایى زیاتریان دەوێت، قوتابیان و خوێندکارانیش کە ڕۆڵەى وڵاتەکەمانن بەهۆى ئەو دۆخەوە بەهەمان شێوە ڕوبەڕوى ئاڵنگارى (تحدیات)ى گەورە بونەتەوە.

بەڵام سەربارى هەمو ئەم ئاستەنگیانە، وەزارەتەکەمان لە هەوڵەکانى خۆى بەردەوام بوە و، بەچەندین ڕێگە و ئاراستەى جیاواز کارى کردوە بۆ ئەوەى پڕۆسەى خوێندن لە ناوەندەکانى خوێندن بەردەوامى پێ بدرێت، بۆ ئەوەش هەوڵ و هەماهەنگى بەردەوامى مامۆستایان بەرز دەنرخێنین، کە توانیان بەو پەڕى دڵسۆزى بەردەوامى بە پڕۆسەى خوێندن بدەن و نەهێڵن دەرگاى زانکۆ و کۆلێژەکان بەڕوى ڕۆڵەکانماندا دابخرێت، مامۆستایانى زانکۆ کەسانى بەهەرەمەند و سەرکەتون لە ژیان و دەسکەوتى زانستى مەزنیان هەیە، بۆیە مافى خۆیانە لە ڕوى ئابورییەوە ژیانى خۆیان و خانەوادەکانیان پارێزراو بێ، بۆیە وەزارەتەکەشمان پشتیوانى تەواو لە باشکردنى ژیان و گوزەرانى مامۆستایان دەکات.

وەک ئەزانین پرۆسەى خوێندن لە بنەما و پایە گرنگەکانى پێشکەوتنى هەر کۆمەڵگەیەکە، بەبێ خوێندنێکى ئاست بەرز و تەندروست هیچ کۆمەڵگەیەک لە دونیادا ناتوانێت لەسەر پێیى خۆى ڕابوەستێت، گەر ئابورییەکى گەشەکردو و، سیستمێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و یاسایى سەقامگیرمان لە هەرێمەکەمان بوێت، دەبێ زۆر بە وریایى بەهەمو لایەکەمان هەوڵى پاراستنى بەها و کواڵیتى و ئاستى بەرزى خوێندن بدەین، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئێمە هەموو هەوڵ و کاروپڕۆژەکانمان بەو ئاڕاستەیە ناوە و دەنێین، چونکە دابەزین و داڕمانى ئاست و بەهاى خوێندن لە زانکۆکان دەبێتە هۆى دواکەوتنى هەمەلایەنەى هەموو کایەکانى ژیان لە هەرێمەکەمان، کە ڕەنگە بەچەندین نەوەى تر نەتوانین هەڵەکان ڕاست بکەینەوە.

لەبەر ڕۆشنایى ئەو ڕاستیانەى ئاماژەمان پێکرد، بەئەرکى خۆمانى دەزانین لەم بارودۆخەدا داوا لەسەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکان و دەزگا و دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن و، رێکخراوە خوێندکارى و قوتابیەکان و، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و نوخبەى ڕوناکبیران و زانستخوازان و، کەس و کار و دایکان و باوکانى قوتابیان و خوێندکاران و کەسایەتیە دڵسۆزەکان بکەین، کە پشتیوانى تەواوى پڕۆسەى خوێندن بکەن و، هاوشانى وەزارەتەکەمان رێگە نەدەن پڕۆسەى خوێندن لە کوردستان پەکى بکەوێ، یان دوا بکەوێ، یاخود ئاست و کواڵتى و بەهاکانى پێشێل بکرێ، هەروەک داواکارین ڕێگە لەو فشارە جۆر بەجۆرانە بگیرێ کە ماوەیەکە ڕۆژانە بەناو و بیانوى جیاوازەوە و، لە ژێر پەردەى خۆپیشاندان و فشارى دیکەوە ڕوبەڕوى پرۆسەى خوێندن دەکرێتەوە.

بەڕێزان..

وەک ئاشکرایە بەپابەندوبون بەسیستمێکى خوێندنى ئاستبەرز و پێشکەوتوو دەتوانین ئایندەیەکى ڕون و گەش بۆ میللەتەکەمان و نەوەکانى داهاتومان دابین بکەین، مێژوش ئەو ڕاستیەى سەلماندوە نەتەوەى زیندو ئەو نەتەوانەن کە لە بارودۆخى ناهەمواردا دەتوانن پڕۆسەى خوێندن بەئاست و بەهاکانیەوە بپارێزن، بەڵام بەدابەزاندنى ئاستى خوێندن لەگەڵ ئەوەى زیانێکى کوشندە بەمیللەتەکەمان دەگەێنین، لەهەمان کاتدا دڵى دوژمنانى گەلەکەشمان خۆش دەکات و هێندەى دیکە لە گەیشتن بەئامانجە نیشتیمانى و نەتەوەیەکانمان دورمان دەخاتەوە، بەوەش میللەتەکەمان بەرەو قۆناخێکى هەڵدێر دەبات.

لە کۆتایدا..

دڵنیاتان دەکەینەوە، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرجەم زانکۆکان پابەندن بە بنەماکانى یاسا و سەرجەم بڕیار و ڕێنماییە کارپێکراوەکانى خوێندنى باڵا لە پێناو چەسپاندنى دادپەروەرى و بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندن لەسەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتیەکان و، درێژەدان بەخەباتى زانست و ئەکادیمى لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش هەموو ڕێگەیەک دەگرینەبەر و هەوڵەکانمان دەخەینەگەر بۆ ڕێگەگرتن لە دابەزاندنى ئاستى خوێندن لە کوردستان و، ناکەوینە ژێر هیچ فشار و خۆپیشاندانێک کە دەبێتە هۆى داڕمان و دابەزینى ئاستى خوێندن لە هەرێمەکەمان، لەهەمان کاتدا بەردەوام دەبین بۆ دەستەبەرکردنى ئایندەیەکى گەش بۆ نەوەکانى داهاتو و قوتابیان و خوێندکاران و میللەتەکەمان.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Raw Raw

پەیامێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی یەوە بۆ ڕای گشتى Reviewed by Unknown on 3:23:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: