بە وێنە.. لە برۆکسلى بەلجیکا گوندێکى مێژوویى و کولتوریى کوردى کرایەوە
لە شارى برۆکسلی پایتەختى بەلجیکا و لە چوارچێوەى هەفتەى ڕۆشنبیریى و هونەریى کوردستاندا گوندێکى بچووکى کوردى بە هاوکاریى شارەوانیى برۆکسل و ڕێکخراوە کوردی و ئەرمەنییەکان کرایەوە و تیایدا بە ٥٠ هەزار پارچە بەردى بچووک چەندین نمونەى شوێنەوارەکانى کوردستان دروستکراون و نمایش کراون.
ئاژانسى هەواڵى فوارت بڵاویکردەوە، هەفتەى ڕۆشنبیری و هونەرى کوردستان لە برۆکسلی پایتەختى بەلجیکا بە هاوکاریى ئینستیتۆیى کورد لە بەلجیکا، کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە)، فیدراسیۆنى ڕێکخراوە کوردستانییەکانی بەلجیکا (ناڤ – بەل)، کۆمیتەى نەتەوەیى ئەرمەنییەکانى بەلجیکا ڕێکخرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە هاوکاریى شارەوانیى بەلجیکا لە گۆڕەپانى سپانی (Place d’Espagne) لە نزیک گراند پاڵاس گوندێکى بچووکى کوردی دروستکراوە و شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستانى تێدا نمایش کراون و ئەوەش وایکردووە کە گۆڕەپانى سپانى بگۆڕێت بۆ مۆزەخانەیەکى کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە گۆڕەپانى سپانی دا دەیان نمونەى شوێنەوارى مێژوویى وەک کۆشکى ئیسحاق پاشا،حەسکێف، سووری ئامەد، پردى مەلابادی، لالەش، پەرستگەى سوریانییەکان، منارەى چوار لنگ دروستکراون و خراونەتە بەرچاوى سەردانکاران.
باسى ئەوەشکراوە، چالاکییەکانى هەفتەى ڕۆشنبیرى و هونەریى کوردستان لە سەرلەبەیانیى ئەمڕۆوە بە هەڵپەڕکێ، شانۆ، پێشکەشکردنی مۆسیقا و کۆنسێرتى هونەرمەندانى کورد دەستى بە کارەکانى کردووە و تا ئێستا سەدان کەس سەردانى گوندەکە و مەراسیمەکەیان کردووە.
ئەمەل جان یەکێک لە هونەرمەندانى (تەڤ – چاند) و یەکێک لە ئامادەکارانى هەفتەى ڕۆشبنیری و هونەریى کوردستان لە برۆکسل ڕایگەیاند “ساڵانى پێشتر چالاکییەکە لە چادرێکدا بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەکى تر و بە دروستکردنى گوندێک کارمان بۆ ئەوە کرد کە شارستانیەتى کوردستان و شوێنەوارەکان و هونەرەکەى بۆ گەلی برۆکسل بخەینەڕوو و هاووڵاتیانى کوردستانیى بەلجیکا و برۆکسلیش بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵماندان و بە بەردەوامى سەردانى ڕێوڕەسمەکە دەکەن”.
ئەمەل جان ڕاشیگەیاندووە “سەربارى کەمیى دەرفەتەکان و نەبوونى کارگە بۆ دروستکردنى نمونەى شوێنەوارەکان، بەڵام بە هاوکاریى هاوڕێکانمان و هونەرمەند یەڵماز ئێمە لە دۆرتموند کۆمەڵەیەکمان دروستکرد و ماوەى ٣ هەفتە بە بەردەوامى کارمان کرد بۆ دروستکردنى شوێنەوارەکان و لە ئەنجامى ڕەنجداینێکى زۆردا ئێمە کۆشکى ئیسحاق پاشامان بە ٥٠ هەزار پارچە بەردى بچووک دروستکرد. بە گشتی شوێنەوارەکان بە هەستیارییەکى زۆرەوە دروستکراون، چونکە دەمانەوێت شوێنەوارە مێژووییەکانى کوردستان و میزۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە هەموان نیشان بدەین”.
هەفتەى ڕۆشبنیری و هونەریى کوردستان لە شاری برۆکسلى پایتەختى بەلجیکا لە ساڵى ٢٠١٤ەوە ڕێکدەخرێت و ئەمساڵیش چوارەمین هەفتەی ڕۆشنبیری و هونەریى کوردستان لە برۆکسل ڕێکخراوە.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: