مامۆستایانى ناڕازى: هەموو ڕێکارێکى مەدەنى دەگرینەبەر بۆ کۆتایهێنان بەپاشەکەوتى مووچە
کارزان تارق- سلێمانى
خۆپیشاندانى مامۆستایان لەبەردەم پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى دەستیپێکرد و وەک خۆیان دەڵێن، داواکارییەکانیان هەمان داواکارى پار ساڵە.
هەر لە خۆپیشاندانەکەدا مامۆستایانى ناڕازى بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تیایدا هاتووە، پارساڵ حکومەت گوێى لە داواکارییەکانمان نەگرت و لایەنە سیاسیەکانیش پاڵپشتمان نەبوون، بۆیە لەساڵى نوێى خۆێندندا “بەڵێنى بەردەوامى بەخەباتى مەدەنى و پشودرێژییەوە هەموو ڕێگاکان دەگرینەبەر، بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانمان”.
هەروەها دەشڵێن، مامۆستایان ئەمڕۆ دەکەنە دەستپێکى چالاکییەکان و ڕوو دەکەینە بەرپرسان و ئەوانەى خۆیان بەخەمخۆرى مامۆستایان و پرۆسەى پەروەردە دەزانن “داوایان لێدەکەین هەتا ١-١١ هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ و بەتەنگ ژیانى مامۆستایان و مووچەخۆران و کەرتى پەروەردەوە بێن”.
لەبەشێکى ترى بەیاننامەکەدا هاتووە “لە ئەگەر بەدەمەوە نەهاتنى داواکارییەکانمان، ئەوا هەڵوێست و ڕێگاى نوێ دەگرینەبەر، دواجار ئەوانەى کەمتەرخەمن لەبەرامبەر ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەراندا بەرپرسیارن”.
هەروەها دەڵێن “لە ئێستاوە چەندین ڕێگاى مەدەنى دەگرینەبەر و ناڕەزایى فراوان دەردەبڕین لە پێناو مافەکانماندا، داواش لە هاوڵاتیان و کەسوکارى خوێندکاران دەکەین بەدەنگمانەوە بێن بۆ ئەوەى فشارى کاریگەرى دروست بکەین”.
مامۆستایانى ناڕازى ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن “بە خەباتى مەدەنى کۆتایى بەو جیاوازییەى نێوان ژیانى هاوڵاتیان و بەرپرسان دەهێنین و کەرتى پەروەردە دەخەینەوە سەر ڕێڕەوى تەندروستى خۆیى”.
هاوکات عوسمان گوڵپى یەکێک لە مامۆستایانى نارازى ڕاگەیاند، داواکارییەکانیان هەمان داواکارى ساڵى ڕابردووە و هیچ لە دۆخى مامۆستایان نەگۆڕاوە، بەڵکو خراپتر بووە.
گوڵپى ئەوەشى وت لە سایەى ئەم حزبانەدا، توشى تەنگەژەى ئابورى سیاسى بوین و داواکارییەکانمان زیادیکردووە، داواش دەکەن پاشەکەوتى مووچە لاببرێت و سیستمى مووچە هەڵبوەشێتەوە، “ئەگەر حکومەت دەتوانێت ئیدارەى خەڵک بکات دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات، خۆ ئەگەر ناتوانێت با شکستى خۆى بۆ هاوڵاتیان ڕابگەیەنێت”.
ئەوەش لەکاتێکدایە پارساڵ بەهۆى سیستمى پاشەکەوتى مووچەوە نزیکەى سێ مانگ لە سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزاى کۆیە بایکۆت بەردەوام بوو.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: