Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

كتێب و بیركردنه‌وه‌

ئارام سدیق
 سه‌ره‌تا كه‌ ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ كرد ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ ده‌مخوێنده‌وه‌، كه‌ خۆم له‌ ئه‌و واقیعه‌ سه‌خته‌ به‌دوور بگرم، كه‌ ژیان به‌سه‌رمدا سه‌پاندبووی. به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك له‌وه‌ تێگه‌یشتم خوێندنه‌وه‌ ته‌نها خۆدزینه‌وه‌ نییه‌ له‌ سه‌ختییه‌كانی ژیان، به‌ڵكو ده‌بێت ببێته‌ جۆرێك له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ژیان و مردن. كتێب بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانی پێ پڕبكه‌ینه‌وه‌. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ بیر له‌ ژیان و دیارده‌كانی نێوی بكه‌ینه‌وه‌ و ئاگاییمان زیاتر بكات و چاوێكی دیكه‌مان پێ ببه‌خشێت بۆ بینینی دونیا.
كاتێك به‌ دروستی بیرمان له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب كرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ین، كه‌ كتێبه‌كان شتگه‌لێكی بێڕۆح و بێ هه‌ست نین، ئه‌وان ده‌ژین و توانای دوان و گفتوگۆیان هه‌یه‌. كتێبه‌كان ده‌توانن رێگه‌ له‌به‌رده‌م ئێمه‌دا بكه‌نه‌وه‌ رێگه‌ش به‌ڕووی ئێمه‌دا دابخه‌ن. ئه‌وان توانای ئاڕاسته‌كردنی ئێمه‌یان هه‌یه‌ وه‌ك چۆن رێنیشانده‌ریشمانن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی خۆمان.
زۆر خوێنه‌ر هه‌یه‌ ته‌نها به‌ر ڕواڵه‌تی كتێبه‌كان ده‌كه‌وێت و ته‌نها ئه‌و ڕووكه‌شه‌ ده‌بینێت، كه‌ له‌نێو پیت و ڕسته‌كاندا به‌چاو ده‌بینرێن، یان ته‌نها به‌ر حیكایه‌ته‌كانی ڕۆمانێك، یان مردنی فیگه‌رێكی نێوی، یاخود ته‌نها به‌ر ڕسته‌ جوانه‌كان و پێناسه‌ی چه‌مكه‌كان ده‌كه‌وێت، له‌ كاتێكدا به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌ به‌ كتێب بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ حیكایه‌تی نێو كتێبه‌كان و تامكردنی ڕسته‌كان و له‌مسكردنی پیته‌كان و دواندنی فیگه‌ره‌كانه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها به‌ر ڕووكه‌شی كتێبه‌كان نه‌كه‌وین پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕووداوی نێو ڕۆمانێك بیر له‌ هۆكاره‌كانی پشت ڕووداوه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و مردنی فیگه‌رێكی نێو چیرۆكێك تێبگه‌ین ده‌بێت بیر له‌ هه‌ر جوڵه‌ و وشه‌یه‌كی ئه‌م فیگه‌ره‌ بكه‌ینه‌وه‌. نه‌ك ته‌نها سه‌رسام بین به‌ ڕه‌فتاره‌ ڕووكه‌شه‌كانی.
زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت بۆچی كتێبه‌كان هه‌ندێك له‌ مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕن و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریشیان ناگۆڕدرێن؟ بۆچی مرۆڤه‌ ئارامه‌كان ناكاته‌ بوونه‌وه‌ری بزێو و بزێوه‌كان هه‌ر وه‌ك خۆیانن؟ یان چه‌ند جارێك به‌ر ئه‌و خوێنه‌رانه‌ كه‌وتووم كه‌ پرسیویانه‌ بۆچی له‌رێی كتێبه‌كانه‌وه‌ نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تی به‌هێز و كاریگه‌ر؟ خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ بۆیه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت باشتر هه‌نگاو بنێت و وشیارانه‌تر ڕووبه‌ڕووی پێشهاته‌كان ببێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌نێو كتێبه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ دروست بێت. خوێنه‌ری ڕووكه‌ش هه‌موو ئه‌و شته‌ی له‌نێو كتێبه‌كاندایه‌ وه‌كو موقه‌ده‌س وه‌ریده‌گرێت و زۆرجار ده‌شبێته‌ كۆیله‌ی ئه‌و ئایدیایانه‌. له‌كاتێكدا خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ كتێبه‌كان و ڕووداوه‌كانی نێوی و تێزه‌كانیدا بیر ده‌كاته‌وه‌ هه‌موو كتێبه‌كه‌ وه‌كو بوویه‌كی پیرۆز سه‌یر ناكات. به‌ڵكو توانای لێكدانه‌وه‌ و ڕاڤه‌كردن و ڕه‌خنه‌كردن و ڕه‌تدانه‌وه‌ی ئه‌و تێز و ئایدیا و چیرۆكانه‌ی هه‌یه‌، كه‌ له‌نێو كتێبه‌كاندا به‌ری ده‌كه‌ون.
ڤلادیمیر نابۆكۆف له‌ وتارێكدا له‌باره‌ی خوێنه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ نامه‌یه‌كی فلۆبێر ده‌كات، كه‌ له‌و نامه‌یه‌یدا بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نووسیویه‌تی: “مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ به‌ باشی چه‌ند كتێبێك بناسێ، چ توێژه‌ره‌وه‌یه‌كی باشی لێده‌رده‌چێت.” ئه‌م ڕسته‌یه‌ی فلۆبێر ڕه‌نگه‌ به‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ بێت، كه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌ویشدا خوێنه‌ری ڕووكه‌شبین زۆر بووه‌ و ئه‌و ئه‌سه‌فی بۆ ئه‌وه‌ خواردووه‌ كه‌ خوێنه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا به‌باشی به‌نێو په‌نهانییه‌كانی نێو كتێبدا ڕۆنه‌چوون.
ئێستا كه‌ دونیا خێراتر چركه‌كانی تێده‌په‌ڕێنێت و زه‌مه‌ن تا دێت خێراتر هه‌نگاو ده‌نێت ڕه‌نگه‌ بیركردنه‌وه‌ ڕۆچوون له‌نێو كتێبه‌كاندا لای زۆر خوێنه‌ر ئه‌سته‌م بێت. به‌ڵام خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ و بیركه‌ره‌وه‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی مێگه‌لیدا هه‌نگاو نانێت و ئه‌و هێمنی ژیانی خۆی تێك نادات. له‌ كاتێكیشدا دونیا هێمنه‌ ئه‌و داوای چالاكی ده‌كات و هه‌نگاوی بوێرانه‌ی خۆی ده‌نێت. خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی وردتر به‌ر ده‌وروبه‌ر بكه‌وێت پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌دیار كتێبه‌كانه‌وه‌ ڕابمێنێت و له‌گه‌ڵیاندا بیر بكاته‌وه‌ و په‌نهانه‌كانی پشت ڕسته‌كان ئاشكرا بكات و چاوی سێیه‌می هه‌بێت بۆ بینینی ڕووبه‌ره‌ نه‌بینراو و كه‌شف نه‌كراوه‌كان.
خوێنه‌ری ئه‌كتیڤ ئه‌و خوێنه‌ره‌یه‌ له‌گه‌ڵ كتێبه‌كاندا بیر ده‌كاته‌وه‌ و هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێت و ده‌یه‌وێت لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌كانی وه‌ربگرێت و لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی ڕه‌خنه‌ بكات. بۆیه‌ ڕێگه‌ نادات كتێبه‌كان بیری بۆ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ خوێنه‌ری پاسیڤه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ كتیب ده‌كات بیری بۆ بكه‌نه‌وه‌ و رێگه‌ی پیشان بده‌ن. به‌ڵكو خوێنه‌ری ئه‌كتیڤ و ڕاسته‌قینه‌ له‌ڕێی كتێبه‌وه‌ ڕێگه‌ی خۆی ڕووناكتر ده‌كاته‌وه‌، یان ده‌بێته‌ خاوه‌نی ڕێگه‌ی خۆی.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

كتێب و بیركردنه‌وه‌ Reviewed by Unknown on 4:53:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: