فاتەو حەمەساڵح ، ئەم چۆن ژیاو ئەو چۆن ژیا
فاتەو حەمەساڵح ، ئەم چۆن ژیاو ئەو چۆن ژیا ؟.حسێن علي شريف/مالپەری زانکۆلاین
ئەگەر ئەو شەست ساڵەی تەمەنی بۆ ورد کەینەوە گومانی تێدا نیە پەنجاو پێنج ساڵی لە ناو یەک حەوشەدا بە ڕێ کردوە.
ئەو بە درێژایی ئەو تەمەنە تەنها سێ جێگای دیوە.
بیست ساڵی یەکەمی لە کوێرە گوندەکەی خۆیانا لە ناوچەی ئەوبەری سیروان، چل ساڵەکەی دواتریش لە ئۆردوگای زۆرە ملێی زەڕایەن.
تەنها سێ جاریش چوەتە سلێمانی ،جارێکیان بۆ دەرهێنانی شەهادە جنسیەو دو جارەکەی تریشیان بۆ لای دکتۆر.
حەمە ساڵح
حەمە ساڵح ئەو کاتانەشی کە لە گوند ئەژیا مانگی جارێک سەردانی دەربەندیخانو خانەقینی ئەکرد لە ماوەی ئەو بیست ساڵەی گوندا سەدان جار سەردانی گوندەکانی ترو شارو شارۆچکەکانی تری ئەو ناوچەی ئەکردو ئەم چل ساڵەی دواییش جێگەیەک نەمابو لەو عێراقەدا کە حەمە ساڵح نەیدیبێ.
خۆ ئەو رۆژانەشی کە لە ئۆردوگا ئەژیا مەگەر بۆ خواردنو خەوتن سەری بکرادیەتەوە بە ماڵا.
ئەگەر بە وێنەی فاتە ئەم شەست ساڵەی ژیانی حەمە ساڵح ورد کەینەوە لانی کەم چلو پینج ساڵی لە دەرەوەی حەوشەکەی خۆیان بە ڕێ کردوە.
فاتمە
فاتمە کە شوی کرد ئەو کەسی هەڵنەبژارد بەڵکو هەڵیان بژاردو ئەویش ئەو کاتە زانی کە مەلا ساڵحو پیاوانی گەڕەک هاتن بۆ سەردانیان.
حەمە ساڵح
بەر لەوەی ژنی یەکەمیشی بێنێ زیاتر لە دە جار لە گەڵ کچانی ئاوایی دڵداری کردبو کە ژنیشی هێنا ئەو خۆی ژنەکەی هەڵبژارد.
فاتە
کە قادری مێردی عەمری خوای کرد تەمەنی تەنها بیستو دو ساڵ بو یەک دانە هەفتە فاتە هەمو رۆژیک دەمو چاوی خۆی ئەڕنیو قوڕی ئەپێواو خۆی ئەکوشت.ژنانی ناسراوو دەوروبەریش هانی فاتەیان ئەدا کە زیاتر لە خۆی بداتو ئەیان وت خۆت زیاتر بڕنە تۆ شێرێکت لە دەست چوە.
دوای ساڵێکیش قەومو خوێش لە فاتە کۆ بونەوەو وتیان بە حەیاو حورمەتی خۆتەوە دانیشەو دو مناڵەکەت بە خێو کەو بیر لە شو کردن مەکەرەوە.
فاتە بەو جلە ڕەشەی کە دوای مەرگی مێردەکەی لە بەری کرد هەتا ئەمڕۆش کە کوڕەکەی ژنی هێناوەو کچەکەی شوی کردوە هەر بە تەنیا دانیشتوە.
حەمەساڵح
ئەو کاتەی ڕبابی ژنی حەمە ساڵح کۆچی دوایی کرد تەمەنی حەمە ساڵح پەنجاو نۆ ساڵی ڕێک بو.
حەمە ساڵح لە سەر قەبران دو دڵۆپە فرمێسک کەوتە چاوی ب،بەڵام هەر زو سۆفی سمایل لێی توڕە بوو پێی وت پیاو عەیبە بۆ ژن بگری .
دوای تەنها سێ رۆژیش خزمە کەسو کار ڕیشیان بە حەمەساڵح تاشیو جلەکانیان گۆڕی.تەنها دوای چل رۆژیش قەومو خوێش لێی کۆ بونەوەو وتیان برا خۆ ئەمە دوای دونیا نیەو تۆش کەسێکت پێویستە بۆ هاودەمیو پێکەوە ژیان.ئیتر حەمەساڵح یەکو دوی لێ نەکردو ژنێکی تری هێنا.
من دڵنیام ئەو ڕۆژەی فاتە ئەمرێت خەڵک ئەڵێن خوا عافوی کات بەشی خۆی ژیانی کردبو !.
نووسراوه لهلایهن
zankoline
ليست هناك تعليقات: