Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

چۆن لە پۆلی ١٢ سەرکەوتوبم، ئامۆژگاریەک شایانی خوێندنەوەیە

دواى ڕێزو سڵاو..لەم نوسینەدا دەمەوێت بەزمانێکی سادە لەگەڵ پۆلی ١٢ ەکانی ئەمساڵدا ئاخاوتنێک ئەنجام بدەم و لەگەڵ ناخ و دەرونیاندا قسە بکەم.سەرەتا باسی ئاستەنگەکان دەکەم بە شێوەیەکی گشتی و پاشان باسی هۆکار ئەوجا باسی ڕێگاکانی چارەسەرو گەیشتن بەسەرکەوتن.

هەروەک ئاشکرایە قۆناغەکانی ژیان بەبەرزو نشێوێکی زۆردا دەچن و لەوانەش قۆناغی خوێندنە کە ئاستەنگەکانی ژیان زیاتر دەکات.لەو قۆناغانە دەتوانم ئاماژە بە قۆناغی ئامادەیی بەگشتی و پۆلی ١٢ بەتایبەتی بکەم.خوێندکار هەر لە پۆلی ١٠ و ١١ ەوە توشی سترێس یان دڵەڕاوکە دەبێت و نازانێت چۆن خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە پۆلی ١٢ سەرکەوتوو بێت.خوێندکار لە ژینگەیەکدا دەژی کە پڕە لە ڕەشبینی ، ئاخۆ ڕەشبینیەکە لە مالە یان لە قوتابخانە یان لە ژینگەیەکی تری ژیانی قوتابی.پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی ئەو ڕەشبینی و سترێسە بۆ قوتابیان دروست دەکات لە پۆلی ١٢؟دەتوانم ئاماژە بە چەند فاکتەرێک بکەم کە هۆکاری سەرەکی ئەو دڵەراوکێ و حالە ناهاوسەنگە دەرونیەی خوێندکارە، لەوانە خراپی سیستمی پەروەردەو فێرکردنی وڵات چونکە هێشتا ئەوانەی لە خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردەن نازانن کە خوێندکار دەبێت ڕێنمایی بکرێت لەقۆناغە سەرەتاییەکانی ئامادەییەوە بەوەی کە ئەوان دەگەنە پۆلی ١٢ دوای ئەوە چی قۆناغێکەو دەبێت خۆیان چؤن ئامادەبکەن بۆ ئەو قۆناغە.، واتە دەبێت وەزارەتی پەروەردە بابەتێکی لەم جۆرە بخاتە مەنهەجی قوتابیانەوە لە پۆلی ١٠ ەوە داخل بکرێت و باسی حالەتە دەرونیەکانی خوێندکار بکات و رێگاکانی چارەسەرکردنیان بۆ دیاریبکات.دەبێت بەرچاو ڕوونی بۆ خوێندکار دەستەبەربکات کە دەیەوێت لە داهاتوودا ببێتە چی؟ واتە دەبێت وا لە خوێندکار بکرێت تواناکانی خۆی بناسێتەوە پێش ئەوەی بگاتە پۆلی ١٢ و بڕیار بدات دەچێتە چ بەشێک کە پۆلی ١٢ ی تەواوکرد.کەواتە هۆکاری سەرەکی ئەو دڵە راوکێ و بارودۆخە ناجێگرەی خوێندکاران خودی سیستمی پەروەردەکەیە .هەروەها خێزانەکان بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵیکی نێگەتیڤیان هەیە لەسەر خوێندکاران و ئەوان والە خوێندکار دەکەن کە بەردەوام بەشی پزیشکی و بەشی ئەندازیاری بکەنە ئەولەویەتی ئەو بەشانەی کە دەیانەوێت لیی وەربگیرێن لەکاتێکدا خوێندکار خۆی حەزی لەو بەشانە نیە. هۆکارێکی تر کە خوێندکار توشی دڵەراوکێ دەکات و جگەلەوەی سیستمی پەروەردە هۆکارە بەڵام خودی خوێندکاریش هۆکارە لەو زیادبوونی ئەو حالەتە ، چوونکە قوتابی هەوڵ نادات خۆی بناسێت و تواناکانی خۆی بناسێت .ئێستا زۆربەی خوێندکاران دەزانن کە سیستمی پەروەردە لەو ئاستەدا نیە کە رێنیشاندەری خوێندکارانبێت ، بەڵام خوێندکار ئەو راستیەش دەزانێت کەچی هەولی ناسینی خودی خۆی نادات کەئەمە زۆر گرنگە.کە خۆت ناسی دەتوانیت لایەنی بەهێزو لاوازی خۆت دیاری بکەیت وبەوەش چارەسەرو میکانیزمی گەیشتن بەچارەسەر دابڕێژیت.بەدڵنیایەوە لێرەدا مەبەستم لەچارەسەر گەیشتن بەئامانج و سەرکەوتنە لەپۆلی ١٢.

بەو سەرەتا سادە دەستمپێکردو تەنها پەنجەم خستە سەر یەک دوو هۆکاری سەرەکی دروستکردنی دڵەراوکێ و نائارامی دەرونی خوێندکار لەپۆلی ١٢. بەڵام ئایا زاڵبوون بەسەر ئەو حاڵەتانەدا چۆن دەبێت؟

من لێرەدا بەچەند خاڵیک باسی دەکەم و هیوادارم باش لێی وردبنەوەو گەر پرسیاریشتان هەبوو دەتوانن پەیوەندی بەو کۆنتاکتەی خوارەوە بکەن و ئامۆژگاریی زیاترتان بۆ باس دەکەین:

١- ناسینی خاڵی بەهێز و لاوازی خۆت واتە بزانە لە چیدا بەهێزیت و لەچیدا لاوازیت ،گەر ئەوە بزانیت دەتوانیت بزانیت دەتەوێت لەداهاتوودا ببیت بەچی بەمەرجێک خاڵی دووهەم لەخۆتدا بەدی بکەیت.خاڵی دووهەم چیە؟ لەخوارەوەیە

٢- دەبێت پاشنت هەبێت، پاشن وشەیەکی ئنگلیزیە واتە ئارەزویەکی لائیرادیت تێدابێت کە حەزت بەبوارێکبێت ، بۆ نموونە خەڵک هەیە حەزیان لێیە بەس مۆبایل بکەنەوەو بیبەستن و شاشەکەی بگۆڕن ، کەسی تر هەیە حەزی لە ئیشی کارەباییە و هەر لەخۆیەوە تەل دەدا لەیەک و پلایس و ئیسپانەو دەرنەفیسی پێیە، کەسی تر هەیە بەردەوموام حزی لە شعرەو دیوانەکان دەخوێنێتەوە، کەسی تر هەیە حەزی لەوەیە کە ژمارەکاری بکات و دەرەنجامی ژمارەکان وەرگرێت و تا دوایی، واتە ئەو حەزانە خۆڕسکن و بەئاسانی دروست ناکرێت بەو حالەتە دەڵین پاشن.کەواتە گەر خاڵی دووت تێدابێت ئەوا سەرکەوتن لە ژیانت لێرەدایەو بەدوای پاشنی خۆت بکەوە، بەڵام لێرەدا ژینگەی وڵات زۆرجار دەبێتە ڕێگر وەک نەبوونی هەلی کارو دامەزراندن کە ئەمەش دیسان دەگەرێتەوە بۆ خراپی سیستمی وڵات و نەبوونی کەسانی عادل و راستگۆ لەهەرەمە بەرزەکانی دەسەڵات.

٣- بەردەوام لەخۆت بپرسە من دەمەوێ ببم بەچی؟ چۆن دەبم بەو شتە؟ پاشان بیر لەخاڵی یەک و دوو بکەوە

٤- پۆلی ١٢ قۆناگێکی تایبەتەو زۆرجار هاوڕی خۆی بەراورد دەکات بەنمرەی پێش کۆتایی ساڵ و وادەزانێت ئیتر تەواو ئەو هەرئەوەندە ئاستیەتی و ئیتر ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەمە گەورەترین هەڵەیە کە خوێندکاران بیری لێدەکەنەوە.هەرگیز ئەوە راست نیە گەر تۆ بتەوێ شتێک بکەیت دەتوانی پێی بگەیت ئەویش بەوەی کە باوەڕت بەخۆت هەبێت، چۆن باوەرط بەخۆت دەبێت؟ باوەڕبەخۆبوون لەوەوە پەیدا دەبێت بزانیت چیت دەوێت و ببیت بەچی بەبێ ئەوەی بیرلەوەبکەیتەوە کە ئێستا نمرەکەت چەندە.

٤-خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی بەکالۆری لە پۆلی ١٢ دەبێت بەپێی ناسینی توانای لەبەرکردن و بیرمانەوەی بابەتەکان دابنێیت.واتە ئەو مادانەی کە لەبەرکردنن وەک کوردی و عەرەبی بیخەیتە ئەوکاتانەی کە نزیکی تاقیکردنەوەکانەو بابەتەکانی تر بخەیتە سەرەتاو ناوەندی خشتەی رۆژانی خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ.

٥- گرنگترین شت لە قوتابیدا کە دەبێت هەبێت پێشبینیکردنە بۆ پرسیارەکان و بزانن چۆن بابەتێکی دورودرێژ بەبشترین شێوە لەبیریان بمێنێتەوە.بۆنمونە لەکاتی سەعی کردندا دەبێت خوێندکار بەردەوام لەخۆی بپرسێت :چی؟ بۆ؟ لەکوێ؟ کەی ؟چۆن؟بەوشێوە دەتوانن پێشبینی بکەن چ بابەتێک زۆر گرنگە کاتێک سەعی دەکەن

٦- ترس، یەکێکە لەهۆکارە هەرە مەترسیدارەکان کە قوتابی تێیدایەتی بەدرێژایی ئەو سالە و باشترین چارەسەر ئەوەیە بەردەوام سەری لەسەر کتێبەکە نەبێت بەڵکو پشوو بدات بەخۆی و بەکوردیەکەی جەو بگۆڕێت ونەترسێ لەوەی کە ئەو کاتە بەزەرەر لەسەری دەشکێتەوە.

٧- قوتابیان جۆرێک لە منافەسە هەیە لەنێوانیان و هەریەکەو دەیەوێت لە پۆلی ١٢ نمرەیەک بهێنێت وە جۆرێک لەوەی بڵی ها من زۆرترم هێنا، ئەمە لەهەندێ حالەتدا باشە منافەسە، بەڵام لە زۆر حاڵەتی تردا خراپە چوونکە ئەمە وات لێدەکات تۆ ئامانجە سەرکیەکەی خۆت ونببکەیت و کەسێکی تر هاوبەش بکەیت لەگەڵ ئامانجەکەی خۆت. کەواتە تۆ خۆتبەو بۆ داهاتووی خۆت سەعیبکە چوونکە خۆت خۆتی و کەسێکی تریش خۆی و هەرکەسەو بەجیا چارەنووسێک بۆ خۆی دیاریدەکات.

گەر ئەم بابەتە بەسودبوو بڵاوی بکەنەوە بۆ هەموو پۆلی ١٢ ەکانی کوردستان.

ئەمە بەشی یەکەم بوو، بەشی دووەمیش لەماوەی داهاتوودا دەنووسم.




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
zankoline

چۆن لە پۆلی ١٢ سەرکەوتوبم، ئامۆژگاریەک شایانی خوێندنەوەیە Reviewed by Unknown on 8:43:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: