پارە چەندین میکرۆبی لەسەر کۆدەبێتەوە
سەرجەمی ئەو کەسانەی لە جیهاندا کاردەکەن مەبەستیانە لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی دەیکەن بڕێک پارەیان دەست بکەوێت، ئەم پارەیەش بۆ کڕینی شمەکە جیاوازەکان چەندین دەست دەکات، ئەمە وادەکات کە دەیان میکرۆبی لەسەر کۆبێتەوە کە زیانیان بۆ تەندروستی هەیە و ئەگەر توشبوون بە چەند نەخۆشییەک زیاد دەکەن .
پسپۆڕانی تەندروستی چەندین توێژینەوەیان لەسەر زیانی پارە بۆ تەندروستی مرۆڤ ئەنجامداوە و بۆیان دەرکەوتووە بەهۆی دەستاو دەستکردنی پارە و بردنی بۆ چەندین شوێنی جیاواز، ژمارەیەکی زۆر میکرۆبی لەسەر کۆدەبێتەوە، بە جۆرێک پارە بۆتە خانە خوێیەکی باش بۆ گەشەی ئەو میکرۆب و بەکتریا زیان بەخشانە، کە ئەگەری توشبوونی مرۆڤ بە چەندین کێشەى تەندروستی زیاد دەکەن.
نوێترین توێژینەوە کە لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەریخستووە بەشێکی میکرۆبەکانی سەر پارە دەچنە ناو لەشەوە و ئەگەری توشبوون بە هەوکردن زیاد دەکەن.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕەکانی زانکۆی پیتەرسبێرگ ئەنجامدراوە کە یەکێکە لە زانکۆ دیارەکانی ویلایەتی فلۆریدا و پسپۆڕەکان پشکنینیان بۆ بەکتریا و میکرۆبی سەر پارە جیاوازەکان کردووە.
پسپۆڕەکان جۆرە بەکتریایەکیان ئاشکرا کردووە کە بە مرسا ناسراوە و لەکاتی چونە لەشدا دەبێتە هۆی توشبوون بە هەوکردنێکی قورس کە چارەسەرکردنی ئاسان نییە.
بەپێی توێژینەوەکە ئەو بەرکتریایە زۆرجار لەڕێی برینی کراوەوە دەچێتە لەشەوە و هەندێ کاتی دیکەش دەمی مرۆڤ دەبێتە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ چونە ناوەوەی ئەو بەکتریا زیانبەخشە.
پسپۆڕەکان ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن کە لە هەموو کاتێکدا بایەخ بە تەندروستی جەستەیان بدەن هەروەها پارە لەشوێنێکدا نەبێت کە نزیک بێت لە برینەوە یاخود پارەکە بە دەستی بریندار هەڵنەگرن. بەمەش ئەگەری توشبوون بەو کێشە تەندروستییانە کەمدەبێتەوە کە بەکتریا و ڤایرۆسەکانی سەر پارە بە هۆکاری توشبوونیان دادەنرێت.
کۆتایی توێژینەوەکەش باس لەوە دەکات کە بەشێکی بەکتریا و میکرۆبە زیانبەخشەکان لەناو ئەو جزدانەدا کۆدەبنەوە کە پارەی تێدا هەڵدەگیرێت. بۆیە پێویستە هەفتانە ئەو جزدانە پاک بکرێتەوە. هەروەها دوای دەستدان لە جزدان و پارە، ڕاستەوخۆ دەستەکان بشۆرێن پێش ئەوەی هیچ کارێکی دیکەیان پێ ئەنجامبدرێت.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: