Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

چۆن دەکرێ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەین، لەكاتێكدا ئەم میللەتەی ئێمە هیچ متمانەیەكی بەدەسەڵات و دامودەزگاكانی نەماوە،

عآدل مورادی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە ڕونکردنەوەیەکدا هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی حزبەکەی.

رازی نابین بەلەباربردنی هەوڵەكانمان بۆ چارەسەری و گەڕانەوەی شەرعییەت و سەروەری یاسا بۆ هەرێم

دوای ئەوەی كە نەخشە رێگاكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەندین قۆناغی سەخت و ململانێیەكی زۆری بڕی و لەلایەن هەردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی و ناوەندی پەسند كرا.. ئەم نەخشە رێگایە بەرهەمی رەنج و كۆششو هەوڵی بەشێكی زۆری سەركردەو كادیری بەتواناو ئەندامانی دڵسۆزی یەكێتیەوە هاتە بون، دوای دەڕبڕینی دەیان تێبینی و راوسەرنجی تێكۆشەرانی یەكێتی لەگشت ئۆرگاناكاندا بەشێوەیەك دارێژرایەوە كە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بگونجێت و وەڵامی هەمو ئەو پرسیارانەش بداتەوە لەبارەی رۆڵی یەكێتی لەچارەسەری وەزعی قەیراناوی میللەتو كێشەكانی ئەم سەردەمە، بەڵام بەداخەوە ئەبینین هەندێ لایەن لەهەوڵدان بۆ لەباربردنی ئەم نەخشە رێگایەو فەرامۆشكردنی ئەم دەسكەوتە گەورەیەی یەكێتی و هاندانی خەڵكی لەدژی نەخشەكە، جارێكتر لەژێر ناوی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ڕای گشتی ئەشێوێنن كە مەبەستی سەرەكی لەو هەوڵانە مەشغوڵكردنی خەڵكەكەیە، چونكە ئەم مەسەلە گرنگ و چارەنوسسازە پێویستی بە زەمیینەسازی و ئامادەكارییەكی زۆرە كە تا ئێستا بەداخەوە نەهاتۆتە ئاراوە، ئەم چەواشەكارییەی مییللەت لەبری نییەتی جیدی و راستگۆیانە بۆ چارەسەری كێشەو قەیرانەكانی میللەت و دژایەتی گەندەڵی و بەرتەسككردنی ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ و گەرانەوەی شەرعییەت و سەروەری یاسا هەوڵی بۆ ئەدرێ.
بەپێی ئەزمونی شۆڕشەكانی رزگاریخوازی كوردو تەجرەبەی حوكمڕانی، ئەتوانین بەراشكاوی و بێ پەردەپۆشكردنی راستیە مێژوییەكان ئەو راستییە دووپات بكەینەوە كەوا وەزعی سیاسی و لەڕوی بابەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانین سەربەخۆیی رابگەیەنین، ئەمەو جگە لە نەبونی هاوكاری و پشتگییری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ ئەم بابەتە، ئەمەش زۆر بەئاشكرا لەسەر زاری بەشێك لەوڵاتە زلهێزەكانی جیهان و ناوچەكەوە بیستومانە وەك ئەمریكاو روسیاو ئەوروپا و توركیاو ئێران، بۆیە لەم روانگەیەوە ئەبێ ئێمەی سەركردایەتی كورد لەم قۆناغەدا پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بین:
1-پابەندبون بەو پرەنسیپانەی كە سەرۆك مام جەلال بۆی دیاریكردوین لەشێوازی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دەوڵەتی عیراقی فیدرال، جگە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی عیراق كە مام جەلال لەیەكەم ساتی دەرچونی بەیانی دامەزراندنی یەكێتییەوە پەیوەست بوە پێیانەوە تا ساتی نەخۆشكەوتنی.
2- سەرلەنوێ دارشتنەوەی شێوازی حوكمی هەرێم لەرێگەی رێكکەوتنێكی سیاسی سەرتاسەری لەگەڵ گشت لایەنە سیاسیەكان بەشێوەیەك زامنی سازانێكی راستەقیینە بێت كە هاوسەنگی لەحوكمدا بێنێتەدی دوور لە تاكڕەویی و خۆسەپاندنی هیچ لایەنێك.
3- رەتكردنەوەی هەر گەلەكۆمەكییەك سەبارەت بە دوا دەقی نەخشەرێگاكەی یەكێتی و، پێویستە ئەم نەخشە رێگایە ببێتە بناغەیەك بۆ چارەسەری و ئاساییكردنەوەی وەزعی هەرێم و دەسكردن بە چاكسازی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی.
٤- پێویستە یەكێتی كار بۆ ئەوە بكات سەرلەنوی سیاسەتەكانی خۆی دابرژێتەوە كە لە بەرژەوەندی میللەتەكەیدا بێت و بەو شێوەیەی كە میللەت چاوەڕانیەتی وەكو حزبی شەهیدان خاوەن نەخشەو هەڵوێستی خۆی بێت نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان.
٥- كاركردنی جددی بۆ جێبەجێ كردنی رێكکەوتنەكەی یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و، هەماهەنگی و هاوكاری یەكتر سەبارەت بەسەرجەم كێشەو مەسەلە هەنوكەییەكان.
٦-ئەگەر دەسەڵات راستگۆیە لەهەوڵەكانی بۆ سازدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی، پێویستە بەر لەهەر شتێك كار بكات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی پەكخراو، گەڕاندنەوەی سەروەری یاساو شەفافییەت لە دۆسیەی نەوت و گاز.
٧-پێویستە سنورێك دابنرێ بۆ سەركردایەتی یەكێتی كە بەداخەوە هەڵوێست و سیاسەتەكانیان یەك ناگرنەوە لەگەڵ خواست و ویستی ئەندام و كادیرانی یەكێتی كە ئومێدیان بەوەیە یەكێتی ببێتە خاوەن بریاری سەربەخۆی خۆی و پابەند بێت بە هەڵوێستە نیشتمانییەكانی بەڕێز مام جەلال، بەتایبەت ئەو سەركردانەی دەستەمۆی پارتی بوون، كە فشارێكی زۆری خستۆتە سەر ئەو سەركردانەو لەرێگای یاریكردن بەكارتی نەتەوەیی هەوڵئەدات سیاسەت و ئیرادەی خۆی بەسەر هەمو لایەنە سیاسی و دیموكرات و ئیسلامییەكانی كوردستاندا بسەپێنێ.
٨- چۆن ئەكرێ داوا لەهاونیشتمانیانمان بكەین پشتگیری ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەن، لەكاتێكدا ئەم میللەتەی ئێمە هیچ متمانەیەكی بەدەسەڵات و دامودەزگاكانی نەماوە، كە تەنها لەخزمەتی بەشێك لە بەرپرسەكانی حزب و حكومەت و پیسخۆرەكانی دەوری دەسەڵاتدایەو دوورە لە ئازارەكانی میللەت.
٩- بەپێی راوبۆچونی بەشێكی زۆری پسپۆرو یاساناسان ریفراندۆم پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان هەیە كە ئێستا سەرۆكەكەی ناتوانێ بچێتە ناو پایتەختی هەرێم و نوسینگەكەیەوە، چۆن ئەتوانین ئەو پێشیلكارییە یاساییانە هەڵگرین تا بتوانین بەپێی یاسا ئەم مەسەلەیە یەكلا بكەینەوە.
١٠- لەكۆتاییدا هەمومان بینیمان كە هەردو وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەرۆژی ٢٠١٧/٤/٢ دا چۆن پڕوپاگندەی ریفراندۆمیان ئەكرد، ئایا نەخشە رێگاكەی یەكێتی بۆ كۆی چوو كە هێشتا مەركەبەكەی وشك نەبۆتەوە، ئایا مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەم نەخشە رێگایەی داوەتە دەست سەركردایەتی پارتی؟ یان ئەوەتا خراوەتە سەر رەفەوە وەك هەر پێشنیارو پرۆژەو نەخشەو دەستێپشخەرییەكانی پێشوتر، چۆن ئەكرێ تەنها یەك خاڵی ئەم نەخشە رێگایە هەڵبژێردرێ كە تایبەتە بە ریفراندۆم و ئەوانی تر بەگشتی فەرامۆش بكرێن؟..

عادل موراد
سلێمانی ٢٠١٧/٤/٤

بۆ ناردنی وتارەکانتان پەیوەندی بکەن بەم کۆنتاکتانەوە:

zankolinezankolinezankoline@gmail.com

+18596840052




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
zankoline

چۆن دەکرێ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەین، لەكاتێكدا ئەم میللەتەی ئێمە هیچ متمانەیەكی بەدەسەڵات و دامودەزگاكانی نەماوە، Reviewed by Unknown on 5:58:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات: