سێ رێگا بۆ ئەوەی ببیت بە سەرکردە نەک بەڕێوەبەر
سەرکردایەتیکردنی تیم لە جێگای کار رەنگە گرنگترین ئەرک بێت، جا شوێنی کارەکە چ پرۆژە و بزنسی خۆت بێت یان هی کەسانی دیکە، بەتایبەتی ئەوانەی کاری نوێ دادەمەزرێنن و لە قۆناغی سەرەتادان دەبێت رۆڵێکی زۆر کاریگەر ببینن. سەرکەوتنی ئەرکەکەش زۆر پەیوەستە بە رێز و متمانەی فەرمانبەرەکانتەوە بۆت و کاریگەرییەکی دیار لەسەر ئەزموون و هەڵسوکەوت و شێوازی کارکردنی فەرمانبەرەکانت دادەنێت لە داهاتوودا.
جا بۆ ئەوەی لە ئێستات یان لە داهاتوتدا تەنها نەبیتە بەڕێوەبەر بەڵکو وەکو سەرکردە مامەڵە بکەیت ئەم ٣ هەنگاوە زۆر گرنگن بۆت :
پەیوەندیکردن
زۆر گرنگە زوو زوو لەگەڵ تیمەکەت دابنیشیت و داوایان لێ بکەیت شتە باش و خراپەکانت بۆ باس بکەن. گوێیان لێ بگرە چونکە ئەم کارە زۆر گرنگە بۆ راپەراندنی تیمەکەت و نیشانی بدە کە هەموو شتێک نازانیت و ئامادەیت لەوان فێر بیت. سەرکردە دەبێت شەفاف بێت للەبارەی ئەو شتانەی نایزانێت و ئەو شتانەش کە ئەوان نایزانن. ئەم پەیوەندییە متمانە لەگەڵ تیمەکەت دروست دەکات.
باوەڕبەخۆبوون
وەکو سەرکردە، دەبێت باوەڕت بە خۆت و بە تواناکانی تیمەکەت هەبێت. بۆیان ڕون بکەوە کە تۆ ناتەوێت پێیان بڵێیت چی بکەن بەڵکو ئەوان خۆیان دەبێ نیشانت بدەن کە دەتوانن چی بکەن . ئەمەش تاوەکو بتوانن بەهرەکانی خۆیان نیشان بدەن. گرنگە ئەندامانی تیمەکەت باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت. رەنگە دوای ماوەیەکی تر ئەوان کۆمپانیا و شوێنی کارەکەت بۆ بەڕێوەببەن.
پابەندبوون
بەقەد ئەوەی تیمەکەت پابەندن بەتۆ تۆش پابەندیان بە، چونکە پەیوەندییەکی فراوانی لەسەر بنەمای رێز و پابەندبوونی لێ دەکەوێتەوە. پابەندبوون واتا باوەڕبوون کە تیمەکەت کارەکانیان بە باشی دەکەن و ئەنجامی باشیشی لێ دەکەوێتەوە.
کاتێک بە رێز و متمانەوە مامەڵەت لەگەڵ تیمەکەت کرد، ئەوانیش هەمان شت دەکەن و ئەوەش ئەخلاقی کارکردنی تیمەکەت بەرزتر دەکاتەوە. تیمێکی بەرهەمدار یەکسانە بە سەرکەوتنی درێژخایانی کۆمپانیاکەت. سەرکردەبوون واتا مامۆستاییەتی. نموونەی خۆت لەواندا ببینەوە، باوەڕت بە تواناکانیان هەبێت و پەیوەندییەکانت مەپچڕێنە.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: