وەزارەتى تەندروستى داواى لە دەرچوانى کۆلیژە پزیشکییەکان کردووە خۆبەخشانە دەوام بکەن
وەزارەتی تەندروستی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کەمیی پزیشک و کارمەند، کە بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو پزیشکانەی وازیان هێناوە یان مۆڵەتی درێژخایەنیان وەرگرتووە، ڕێنمایی بۆ دەرچووانی کۆلیژە پزیشکییەکان دەرکردووە تا وەکو خۆبەش دەوام بکەن.
هەرچەندە وەزارەت بەڵێنی دامەزراندنی هەمیشەیی بەو خۆبەخشانە نەداوە، بەڵام هەرکاتێ دەرگای دامەزراندن بکرێتەوە، ئەوا ئەوخۆبەخشانە شانسی دامەزراندنیان لە هەموو کەسێ زیاترە.
ئەوانەی تائێستا وەکو خۆبەخش وەرگیراون بریتین لە پزیشکی گشتیی، پزیشکی ددان و دەرمانساز، لەگەڵ دەرچووانی کۆلێژی پەرستاری و پەیمانگاکانی پەرستاری کە بەسەر هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی دابەشکراون.
بێجگە لە وازهێنان و مۆڵەتی درێژخایەنی پزیشکان، کەمی پزیشک و کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە جۆرێکە کە بەڕێوبەری بەشی پلان لەو بەڕێوبەرایەتیە ئاماژە بەوە دەدات پێویستیان بە دوو هەزار و ٣٠٠ پزیشکە لە بوارە جیاوازەکاندا.
وەزارەتی تەندروستی لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی، بەرچاوڕوونی داوە بە پزیشک و خۆبەخشەکان کە ئەو ماوەیەی وەکو خۆبەخش کار دەکەن بە خزمەت بۆیان حساب ناکرێ، بۆیە داوا دەکات لە داهاتوودا ئەگەر کۆتایی بە خۆبەخشی هات، نەیکەن بە ماڵ بەسەر وەزارەتی تەندروستییەوە.
وەرگرتنی پزیشکە خۆبەخشەکان لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا چەندجار دەرچووانی کۆلیژە پزیشکییەکان خۆپیشاندانیان کردووە دژی دانەمەزراندنیانەوە، بەڵام بەبیانووی قەیرانی داراییەوە حکومەت ئامادە نییە دایان بمەزرێنێت.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: