نامەیەكی هەڕەشە ئامێز بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا/بڵاوی بكەرەوە لە بەرژەوەندی تۆیە
سەبارەت بە بڕیارە سەیر و هەڵە و شۆکهێنەرەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ پەراویزخستنی زمانی کوردیی(زمانی دایک) لە ناوەندەکانی خوێندندا.
نامەیەک بۆ بەڕێزان:
-پەرلەمانی کورستان
-حکومەتی هەرێمی کوردستان
-وەزارەتی پەروەردە
-مامۆستایانی زمانی کوردیی
-بەشەکانی زمانی کوردیی لە زانکۆکانی کوردستان
-دەزگاکانی ڕاگەیاندن
-دەزگا و ناوەندە پەیوەندیدارەکان
-خەمخۆرانی زمانی کوردیی
بەڕێزان، دەرکردنی وەها بڕیارێک کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە سەبارەت بە سەرپشککردنی خوێندکاری پۆلی دوازەدە لە هەژمارکردن و نەکردنی نمرەی زمانی کوردیی جێی سەرسامییە، چوون فەرامۆشکردن و بێبایەخکردنەکە لە یادگەی خوێندکارانی پۆلی دوازەدەوە دەگوازرێتەوە و شۆڕدەبێتەوە بۆ یادگەی کۆی خوێندکارانی قۆناغەکانی خوارتر.
ئەم سەرپشککردنە دڵەڕاوکێیەکی گەورە دروست دەکات لای خوێندکارانی پۆلی دوازدە، چوون سیستەمی وەرگرتن بەپێی نمرەیە و خوێندکار لەسەرەتاوە نازانێت چ بەشێکی بۆ دێتەوە، لێرەوە خوێندکاران لەنێوان بایەخپێدان و بایەخپێنەداندا تیا دەمێنن.
ناکرێت وەها بڕیارێکی هەڵە بێ هیچ لێوردبوونەوە و تێڕامانێک و ڕاوێژێک دەربکرێت سەبارەت بە فەرامۆشکردن و بێبایەخکردنی زمانی دایک. گەر بێدەنگی لێ بکرێ، بڕیاری هاوشێوەی بەدوادا دێت.
هەمووان دەزانن زمانی دایک شوناسی تاکە، ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بەباشی توانای بەسەریدا دەشکێت و باشتر دەتوانێت قسەی پێ بکات و تەعبیر لە هزر و لەپاشخانە مەعریفییەکەی بکات و بیری پێ بکاتەوە.
ناکرێت زمانی دایک ڕاماڵیت لە ئاخێوەرانی، بەدیدی دەروونناسان و کۆمەڵناسان زمان لەپەیوەندیدایە لەگەڵ بیر و دەروون و پەیوەندییەکانیدا، هەر بۆیە لە ئێستادا زانستەکانی وەک دەروون-زمانی و کۆمەڵ-زمانی بووەتە جێی بایەخی توێژەران.
هاوکات زانایانی ئەم بوارە وەک ڤیگۆتسکی و کەمینز جەخت لە گرنگی و زانینی زمانی یەکەم دەکەنەوە بۆ فێربوون و زانینی زمانی دووەم، بۆیە ناکرێت زمانی یەکەم نادیدە بکرێت و لەبەرچاو نەگیرێت، کە دواجار تاکێکی نامۆ بەرهەم دەهێنێت.
جێی خۆشحاڵی بوو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا هۆشیاری زمانیی بەتایبەتی هۆشیاریی سەبارەت زمانی کوردیی بووبووە جێی بایەخی خوێنەران و قسەپێکەرانی زمانی کوردیی، کەچی لە پڕێکدا و بەپلان و بەبەرنامە ئەم جۆرە بڕیارانە دەرکرێت بۆ سووککردن و وەلاوەنانی زمانەکەمان، بەدەستی کێش؟ کوردزمانان!
لێرەوە هەمووان ئاگادار دەکەینەوە، پێویستە لەسەر ئەم بڕیارە بوەستین و قسەمان هەبێت و نەهێڵین بچێتە بواری کارپێکردنەوە.
هەژار فەقێ سلێمان
مامۆستا و ڕاهێنەر لە پەیمانگای گەشەپێدانی پەروەردەیی گەرمیان.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: