سەرۆكی زانكۆی سەلاحەددین دژی بە ئختیار كردنی وانەی كوردی و عەرەبی یە
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین: بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ زمانی کوردی کارەساتە
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ڕای دەگەیەنێت، لەگەڵ بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا نین، چونکە بڕیارەکە بۆ بەشێکی زۆر لە خوێندکاران نەرێنییە.
د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو ڕۆژەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو بڕیارەی دەرکرد، لە کۆبوونەوەدا بەشدار نەبووم، بەڵام نوێنەرەکەم لەوێ بوو، بەو بڕیارەش ڕازی نەبوو، ھەموو پێشنیار و بابەتێک مافی خۆیەتی لە ئەنجومەنی وەزارەت بخرێتەڕوو و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام ھەندێک بابەتی زۆر گرنگ ھەیە، کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە، لەبەر ئەوەی نەک تەنیا پەیوەندیدارە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵکو پەیوەندی بە زۆر لایەنی دیکە و ناو ماڵی کوردەوە ھەیە”.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەوەشی خستەڕوو: “پێویست بوو بڕیارێکی وا گرنگ سەرەتا لە کارنامە دا بنووسرایە و ھەموو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵای لێ ئاگادار بکرایەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو بابەتە پێشنیارێک بووە و خراوەتە ئەنجومەن، بەبێ ئەوەی بخرێتە کارنامە و ئەندامانی ئەنجومەنی لێ ئاگادار بکرێتەوە، بێ ئەوەی ڕای بەشەکانی زمان وەربگیرێت، بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە”.
ئاشکراشی: “بە زۆرینەی دەنگ ئەو بڕیارە دراوە، نەک بەکۆی دەنگ، بۆیە بڕیارەکە تێپەڕێنراوە، لەوانەیە بڕیارەکە بۆ بەشێک لە خوێندکاران ئەولا کە 3 مانگ خوێندنیان دواکەوتووە ئەرێنی بێت، بەڵام بۆ بەشێک لە خوێندکارانیش نەرێنییە، چونکە لە سەرەتای ساڵەوە ئامادەکاریان بۆ کردووە”.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: “بڕیارێکی لەو جۆرە بۆ زمانی کوردی کارەساتە، نەدەبوو زمانی کوردی بە زمانی عەرەبی بەراورد بکرێت، چونکە زمانی عەرەبی زمانی دووەم و سێیەمە، ھەروەھا بابەتێکی وا گرنگ دەبوو لەسەرەتای ساڵەوە گفتوگۆی لەسەر بکرایە و بڕیاری لەسەر بدرایە، بۆ ئەوەی ھەموو قوتابییەک ئاگادار بێت، ئەگەریش بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە قوتابیان لە قۆناغەکانی سەرەتاوە بەھای زمانی کوردی نازانن و نایخوێنن، وەک سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و مامۆستایانی بەشی کوردی، لە داھاتوو کۆدەبینیەوە، یاداشتی خۆمان بەڕاشکاوی پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکەین، ئەگەریش وەزارەتی خوێندنی باڵا مکوڕ بێت لەو بڕیارە، ئەوە خۆیان لێی بەرپرسن، ناشتوانم بڵێم بڕیارەکە جێبەجێ ناکەم، چونکە ئەو دەسەڵاتەمان نییە”.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: