نامەى ماڵئاوایى یورى گاگارین بۆ هاوسەرەکەى پێش گەشتەکەى بۆ بۆشایى ئاسمان
میدیاکانى وڵاتى ڕووسیا بەبۆنەى ٩٣ساڵەى یادى لەدایکبوونى یەکەم کەشتیوانى ئاسمانى ئەو وڵاتەوە”یورى گاگارین”نامەى ماڵئاوایى ئەو کەشتیوانەیان بڵاوکردەوە کە بۆ هاوسەرەکەى نووسیبوو پێش گەشتەکەى بۆ دەرەوەى زەوى.
ڕۆژى پێنج شەممە بەروارى ٩ى ئازارى ساڵى ٢٠١٧ یادى ٩٣ ساڵەى لەدایکبوونى یورى گاگارین بوو، بەو بۆنەیەشەوە دەزگاکانى ڕاگەیاندنى ڕووسى نامەى ماڵئاوایى و کۆتا نامەى ئەو کەشتیوانەیان بڵاوکردەوە کە پێش ڕۆشتنى بۆ دەرەوەى زەوى بۆ هاوسەرەکەى نووسیبوو.
ئەمەش بەشێک لەنووسینى ناو نامەکە :
“دەمەوێت ئەو ئاهەنگ و خۆشییەى کە هەستیپێدەکەم ئێوەش بەشدار بن لەگەڵمدا کاتێک کە لیژنەى حکومەت بڕیاریان دا کە من بنێرن بۆ بۆشایى ئاسمان و یەکەم کەس بم کە بڕۆم بۆ بۆشایى، لەو خەونە زیاتر هەیە کە ئاواتى بۆ بخوازم؟ چونکە ئەوە مێژووە، ئەوە سەدەى نوێیە…
من تەواو دڵنیام لەوەى کە تەکنەلۆجیاکان بێهیوام ناکەن، بەڵام هەموو شتێک لەوانەیە ڕووبدات تەنانەت نەک لەئاسمان بەڵکو لەسەر زەویش، بەڵام من بڕوا بەوە ناکەم و ئەگەر هەرکاتێک هەستم بەشتێک کرد تکایە”ڤالانتینا”دڵگیر مەبە و ئاگادارى پەروەردەکردنى کچەکانمان بیت بەوەى کە لەلایەنەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى بێبەش نەبن، هیواداریشم هیچ کات ئەم نامەیە نەخوێنیتەوە چونکە من بڕوا ناکەم کە شتێکم لێبێت و هیواشم وایە کە لەدواى چەند ڕۆژێکى تر لەگەڵ یەکتر بین و تۆش دڵخۆش بیت..
بۆیە تکایە ڤالانتینا دایک و باوکى منت بیر نەچن و یارمەتیان بدەیت ئەگەر توانیت و سڵاوى منیان بۆ بنێرە و بەڵکو لێم خۆش بن لەوەى کە پێم نەوتوون دەربارەى چارەنووسم…
من دەمەوێت ژیانم بۆ ئەم گەشتە تەرخان بکەم و پێشکەشى کۆمەڵگەى شیوعى نوێى بکەم کە چاوەڕوانمانە لەگەڵ نیشتیمانى گەورە و ئاڵاکەشمان…
ماڵئاوا خۆشەویستەکەم، باوەشت پێدا دەکەم و ماچت دەکەم و سڵاوى خۆمت پێدەگەیەنم”..
ئەوەى جێى سەرنجە هاوسەرەکەى یورى گاگارین ئەم نامەیەى نەخوێندبووەوە تاوەکو دواى مردنى لە٢٧ى ئازارى ساڵى ١٩٦٨ لەڕووداوێکى ئاسمانیدا.
یورى گاگارین یەکەم کەشتیوانى ئاسمانى بوو کە لە ساڵى ١٩٦١ گەشتى كرد بۆ دەرەوەى زەوى.
یورى لە٩ى مارسى ١٩٣٤لەدایکبووە، لەکاتى ئەنجامدانى گەشتێکى بەسەرکردنەوەیەکى ڕۆتینیدا، لە٢٧ى مارسى ساڵى ١٩٦٨دا فڕۆکەکەى بەهۆى بوونى گرفتێکەوە کە نەزانرا گرفتەکەى چیبووە کەوتە خوارەوە و ئەوەش بووە هۆى وەفاتکردنى لەگەڵ مامۆستایەکى ڕاهێنان کە لەگەڵى بوو، پارچە تابلۆیەک کەناوى”ڕائیدى ئاسمانى لەدەستچوو”لەسەر مانگ دانراوە وەک زیندووڕاگرتنى ئەو دەستکەوتانەى کە یورى و هەموو ئەوانەى تریش کە بەشداریانکردبوو لەپرۆسەى بەرەوپێشبردنى توێژینەوەکانى بۆشایى ئاسمان.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: