وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێک دەردەکات
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم، رەزامەندی لەسەر کردنەوەی لقی زانکۆیەکی ئێرانی لە ھەرێم دەردەبڕێت و چەند بڕیارێکیش لەبارەی کرێی وانەبێژی و بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و وەرگرتنی خوێندکار بەشێوازی ڕاستەوخۆی زانکۆیی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧/ ٢٠١٨) دەردەکات.
ئەمڕۆ ٢٨ی شوباتی ٢٠١٧، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی ھەرێم، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی دارایی بەوەکالەت، کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتە، کە وێنەیەکی بۆ SNN نێردراوە، گفتوگۆ لەسەر چەند پرس و تەوەرێک کراوەو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە، بڕیاردراوە بەھەماھەنگی ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو دارایی، لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی تایبەت بە کرێی وانەبێژی پێکبھێنرێت و وەزارەتی داراییش بانکەکان ئاگادار بکاتەوە بەھیچ شێوەیەک دەستکاری داھاتی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا نەکرێت و بۆ خودی زانکۆکان خەرج بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا، داوای لە وەزارەتی دارایی کرد لە پێداچوونەوە بە پاشکەوتی موچەدا، ھاوشێوەی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، ڕەچاوی مامۆستایانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکرێت.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا ڕەزامەندی نیشاندرا بۆ دانانی ڕێنماییەکی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی بۆ توێژەر و مامۆستایانی خاوەن شارەزاییە تایبەتەکان.
لەبارەی پێداچوونەوە بە مەرجی زمانی ئینگلیزیش بۆ کاندیدەکانی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا، کۆبونەوەکە بڕیاریدا مەرجی زمان ھەر وەک خۆی بمێنێتەوە.
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریشیدا بە کردنەوەی لقێکی زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای ئێران لە ھەرێمی کوردستان، کە لە ریزبەندی یەکەمی زانکۆکانی ئەو وڵاتەیە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، تاوتوێی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی وەرگرتنی شێوازی ڕاستەوخۆی زانکۆیی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧/ ٢٠١٨) لە زانکۆکان کرا، بە جۆرێک ھەمو بەشەکان بگرێتەوە، جگە لە بەشەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، یاسا)، کە ھەر بە شێوەی وەرگرتنی ناوەندی (قبول مرکزی) دەمێنێتەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: سیستمی ناوەندی وەرگرتن، جگە لەوەی ڕەچاوی ئارەزووی خوێندکاری تێدا نەدەکرا، لەھەمان کاتدا زانکۆش نەیدەتوانی ستراتیژی کاری خۆی دابنێ، بۆ ئەمساڵیش وتی: ھەر زانکۆیەک کە ئارەزووی دەکات فراوانی بکات، دەتوانێ داواکەی بەرز بکاتەوە، بەڵام پێویستی بەجۆرێک پێداچوونەوە ھەیە.
لەو چوارچێوەیەشدا کۆبوونەوەکە بڕیاریدا بەدوو قۆناغ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) بەسیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی وەربگرێ، بەشێوەیەک بۆ ھەر خولێک ڕێژەیەک دیاری دەکرێ.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ پرسی بەئەلکیترۆنیکردنی دامەزراوەکانی وەزارەت، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی سەرجەم دامەزراوەکان بەئەلکیترۆنی بکرێن.
لەسەر پێشنیازی وەزیری خوێندنی باڵاش، کۆبونەوەکە بڕیاریدا کورسی تایبەت بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە سیمستەری ھاوینەی ئەمساڵ لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێ.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، د.یوسف گۆران داوای لە سەرۆکی زانکۆکان کرد، مامۆستا و فەرمانبەرانیان، بەتایبەت ئەوانەی خەڵکی کەرکوکن، ھانبدەن بۆ گواستنەوەی ڕاژەیان بۆ زانکۆی کەرکوک، وتی: چونکە ئێستا دۆخێکی دارایی جیاواز ھەیە و لەھەمان کاتدا ڕێژەی مامۆستایانی کورد لە کەرکوک زۆر کەمە، بۆیە ھەر سەرۆک زانکۆیەک دەتوانێ لە زانکۆکەی خۆیەوە دەست پێ بکات.
نووسراوه لهلایهن
RAW RAW
ليست هناك تعليقات: