کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
ئەمڕۆ کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوایانکردووە، بەدەستهێنانی بڕوانامەى توانستی ئینگلیزییان بۆ دوابخرێت بۆ کۆتایی خوێندنەکەیان.
پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، کاندیدانی وەرگیراو لە خوێندنی باڵا “ماستەر و دکتورا” بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ داوایان لە وەزیری خوێندنی باڵا کردووە بارۆدوخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و باروگوزەرانی کاندیدەکان لە بەرچاو بگرێت.
هاوکات ئەو خۆپیشاندەرانە ڕاشیانگەیاندووە “داوا دەکەین راستەوخۆ کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا دەست بە خوێندنی کۆرسات بکەن و بەدەستهێنانی توانستی ئینگلیزی وەکو ساڵێ رابردوو بۆ کاتی تاوتوێ کردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆراکە دوابخرێت”.
هەروەها یەکێک لەو خوێندکارانە بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند ، “داوامانکردووە هەر کاندیدێکی ماستەر و دکتورا نمرەی توانستی ئێنگلیزی و هاوشێوەکانی کەمتربێت لەو نمرەی کە لە رێنمایەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیدا هاتووە، توانستی ئینگلیزیەکەی بەرزبکرێتەوە لە رێگەی خول لە سەنتەری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بۆ هەر نمرەیەک چەند هەفتەیەک بخوێنرێت وەک ئەوەی لە زۆربەی ووڵاتیانی پێشکەوتوو جێبەجێ دەکرێت”.
پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ڕاشیگەیاند، ئەو کاندیدانە زیاتر لە سێ کاتژمێر رێگای بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵایان داخست بەڵام هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدەم داواکەیانەوە نەهاتووە.
هاوکات ئەو خۆپیشاندەرانە بریاریان دا لە حەفتەی داهاتوودا خۆپێشاندانەکەیان بگوازنەوە بەر ئەنجوومەنی وەزیران.
ئەمەش لە دواى ئەوە دێت زۆربەى کاندیدانى خوێندنى باڵا لە ئێستادا بە هۆى مەرجى بە دەستهێنانى توانستى زمانى ئینگلیزى، نەیانتوانیوە دەستبکەن بە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و پێشتریش چەند جارێک ئەم خوێندکارانە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
نووسراوه لهلایهن
user post
Post Comment
ليست هناك تعليقات: