ژمارەیەک لە دەرچووانی کۆلێجی پزیشکی لە هەولێر گردبوونەوە
ژمارەیەک لە دەرچووانی کۆلێجی پزیشکی دەرمانسازی و ددان و پەرستاری لە هەولێر گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.
شیراز عەبدوڵا
ئەمڕۆ ١٢ی شوباتی ٢٠١٧، لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر دەرچووانی کۆلێجی پزیشکی دەرمانسازی و ددان و پەرستاری گردبوونەوەی ناڕەزاییان دەربڕی و داوایان کرد هاوشێوەی پزیشکانی گشتی ئەوانیش دابمەزرێن.
ئەو دەرچووانە شەقامی بەردەم وەزارەتی تەندروستییان گرت و ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
دکتۆر شاخەوان جێگری سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان بە ئین ئاڕ تی وت، خۆپیشاندەران کە دەرچووی ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ن، داوایەکی سادەی خۆیان دەکەن کە دامەزراندنە.
هەروەها وتیشی، دەرچووی سێ ساڵی ڕابردوون و تا ئێستا کەسیان دانەمەزراون، ئەوەش زیانی هەیە لەسەر خزمەتگوزاری تەندروستی هاوڵاتیان و باری زانیاری پزیشکان بە گشتی.
ڕاشیگەیان، تا ئێستا چەند جارێک لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی کۆبوونەوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە و بەڵێنی دامەزراندنیان پێداون، بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردووەتە سەر.
هاوکات بەشێک لە دەرچووان بە ئێن ئاڕ تییان وت، لایەنە پەیوەندیدارەکان متمانەیان نەماوە، لەمەودوا هەموو ڕۆژێک دەچنە بەردەم وەزارەتی تەندروستی و هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: