هەولێر.. جارێکی تر بەشێک لە دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گردبوونەوە
ئەمڕۆ جارێکی تر بەشێک لە دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی لە هەولێر گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد. ئەمڕۆ ١٦ی شوباتی ٢٠١٧، دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان، دەرمانسازی و پەرستاری لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا گردبوونەوە و داوایان کرد کە حکومەت دایانبمەزرێنێت. یەکێک لە دەرچووەکان بە ئێن ئاڕ تی وت، گردبوونەوەکەی ئەمڕۆیان بردووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو یەکێک لە بەرپرسان بێت بە دەم داواکارییەکانیانەوە بڕیاری دامەزراندنیان دەربکات. ئەوەشی وت، حکومەتی هەرێم جیاوازی دەکات لەنێوان دەرچوواندا، بەجۆرێک دەرچووانی کۆلێجی پزیشکی گشتی دادەمەزرێنێت، بەڵام ئەوانی پشتگوێ خستووە لەکاتێکدا ئەوانیش لایەنێکی گرنگی ناوەندەکانی تەندروستین. هاوکات گردبوونەوەکەی ئەمڕۆی دەرچووانی ئەو کۆلێژانە سێیەم گردبوونەوەیە کە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەنجامدەدرێت، پێشتریش دوو جاری دیکە چوونە بەردەم وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر. ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە دامەزراندنى ٣٥٦ دەرچووى کۆلێژى پزیشکیى گشتى ساڵى ڕابردوو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: