تازەكردنەوەی گوتاری ئاینی یان زیندوكردنەوەی فۆڕمی ئاینی
گوتاری ئاینی بەردەوام پێویستی بە تازەكردنەوە هەیە، ئەویش لە بازنەی گوتارەكاندا، بەڵام لەهەمانكاتدا دەبێت پارێزگاری لە نەگۆڕەكانیش بكەین، چونكە بەبێ جەختكردنەوە لەسەر شتە نەگۆڕەكان، گەلانی مسوڵمان شوناسی خۆیان لەدەست دەدەن، ئیسلام كە ئاینێكە بۆ هەموو كات و شوێنێكە، گۆڕاو و نەگۆڕەكانیشی بە جۆرێكن كە لەگەڵ گیانی سەردەمەكەی خۆیدا بگونجێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گوتاری بانگخوازی هەردوو چەمكی ڕەسەنایەتی و نوێخوازی بەیەكەوە گرێ بدات، چونكە بانگەواز نابێت دابڕاوبێت لە سەردەمی خۆی و دەبێت هاوشان لەگەڵا پێشكەوتنەكان هەنگاو بنێت.
هاوچەرخ بوونی گوتاری ئیسلامی واتە كەڵك وەرگرتن لە هەموو تەكنۆلۆژیا پێشكەوتووەكانی سەردەم، بۆئەوەی كاریگەرییەكانی ئیجابی بن و لەلای خەڵكیش بە ئاسایی وەربگیرێت و كار لە دڵەكانیان بكات و گوێی بۆ بگرن، خوای گەورە دەفەرموێت (أَڵمْ تَرَ كَیْفَ ضرَبَ اللَّهُ مَثلاً كَلِمَەً طیِّبَەً كَشَجَرەٍ طیِّبَەٍ أَصْلُهَا ثابِتٌ ۆفَرْعُهَا فِی السَّمَاء تُۆْتِی أُكُڵهَا كُلَّ حِینٍ بِإِذنِ رَبِّهَا ۆێضڕبُ اللَّهُ اڵاَمْثاڵ لِلنَّاسِ ڵعَلَّهُمْ ێتَذكَّرُون) لەم ئایەتەوە ئەوە تێدەگەین كە گوتاری باش و سەركەوتوو كاریگەر ئەوەیە كە ڕەگێكی چەسپاوی هەبێت ئەویش لە ڕێگەی بوونی پەیوەندی بە سروشەوە، لەلایەكی تریشەوە ڕەگێكی بەهێزی هەبێت لە ڕێگەی مێژووی درێژی بانگخوازی لە پێغەمبەران و پیاوچاكان لە ئادەمەوە هەتا ئێستا، چڵەكانیشی بردۆتە ئاسمان و هەوای پاك لەوێوە هەڵدەمژێ و بەمەش جوانی و بەرزی و درەوشاوەییان زیاد دەكات، ئەمەش ئیشارەتە بە كەش و هەوای ئازادی و گرنگی دان بە كرانەوە و پەیوەندی لەگەڵ بەرامبەرەكان و تازەكردنەوەی گوتار و نەرمی، چونكە ئەگەر سەیری سەرچڵی درەختەكان بكەین ئەو سیفەتانەیان تێدایە.
دكتۆر (عبدالحمید الانصاری) دەڵێت ئێمە پێویستمان بە گەیشتنە بە ڕێكکەوتنێكی كۆمەڵایەتی سیاسیی، كولتوری، كۆمەڵایەتی، ئەمە لە ڕووی تازەكردنەوەی گوتاری ئاینی بێت، یان بە چ شێوازێك بێت، بەڵام لە هەر ڕوویەكەوەبێت دەبێت لە بە سیاسیكردنی گوتاری ئاینی خۆمان بپارێزین، ئەویش لەلایەن دەوڵەتەوە بێت یان لەلایەن ڕێكخراوە سیاسیەكانەوە بێت كە بیانەوێت ئاین ئیستغلال بكەن بۆ خۆیان، ئەمەش گرفتێكی گرانە و بە ئاسانی ڕزگارمان نابێت لێی.
ئاین لەو ڕۆژەوە كە دابەزیوە بۆسەر زەوی و تێكەڵاو بە ژیانی خەڵك بووە و لەڕووی بەها و ڕەوشت و مامەڵەوە كاریگەربووە پێی، بە بەردەوامی هەوڵدراوە كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و سودی تایبەت لەڕووی سیاسیی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە بەكاربهێنرێت. لەبەرئەوە دەبێت ئاگاداری ئەم لایەنە بین.
لە ئێستادا كە كزەبایەكی گۆڕانكاری لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەڵی كردووە، سەرەڕای ئەوەی كە دەبێت لە كاریگەریەكانی ڕابردوو كە بە میراتی ماوەتەوە لەگەڵ جیاكاری و ڕەگەزپەرستی و پەراوێزخستن ڕزگاری بكەین و ئەو كۆتانە لە ئاین بكەینەوە كە بۆی دروست كراوە. ئەمەش كاتێك دەبێت كە بڕوامان وابێت كە چارەسەرەكان لە ڕابردوودا تەنها بۆ ڕابردوو دەبن و ناكرێت بكرێنە چارەسەر بۆ كێشەكانی دنیای ئەمڕۆ، ئیجتیهاد و ڕایە جیاوازەكان لە رابردوودا بۆ سنورێكی زەمەنی دیاریكراو بوون و ناكرێت بیانهێنینە ئەم سەردەمەوە.
لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان كە دابڕانێك دروست بكەین لەگەڵ هەموو ئەو كولتورەى ڕابردووە و ناكرێت لەم ڕۆژگارەدا باوەڕ بەو بۆچوونانە بهێنین كە مافەكانی ئافرەت پێشێل دەكات و جووڵە و چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانی سنوردار دەكات و ڕێگەی لێ دەگرێت لە هەموو چالاكییەكی سیاسی و گەشەپێدان بۆئەوەی خزمەتی نیشتمان و گەلەكەی بكات، لەبەرئەوە دەبێت كولتوری ئیسلامی لە ڕابردوودا جارێكی تر لەبێژنگ بدرێتەوە هەموو ئەوانەی تیادا لاببرێت كە دژن بە مافەكانی مرۆڤ لەڕووی ئازادی و كەرامەت و مافە تایبەتیەكانی.
پێویستە خۆمان ڕزگار بكەین لە هەموو ئەو كولتورە ئیسلامیەی كە تۆوی ناكۆكی دەچێنێت لەگەڵی ئەوی تری ئاینی و ڕێگە لە عیبادەتەكانیان دەگرێت و ناهێڵێت بە ئازادی خۆیان چالاكیە ئاینیەكانیان جێبەجێ بكەن یان ڕێگەیان لێ دەگرێت لە بەشداری سیاسی و بە بیانووی جۆربەجۆر ناهێڵێت پۆستە سیادیەكان وەربگرێت.
دەبێت زۆر بە توندی ڕووبەڕووی ئەو گوتارە ببینەوە كە كولتوری خۆ كوژی بەرهەم دەهێنێت و مردن پیرۆز دەكات و هانی گەنجان دەدات كە ڕقیان لە ژیان و رۆژئاواییەكان ببێتەوە، كۆتایی بەو بۆچوونانە بهێنین كە لە مێژوودا بەرجەستە بوون بۆ خوێندنەوەی ئەوانی تر و جارێكی تر دانەبەزاندنەوەی بۆ واقیعی ئێستا وەك ئەوەی دەبینین كە لای هەندێك لە گروپە ئیسلامیەكان پیادە دەكرێت و رۆژئاوا بە (دار الكفر) لەقەڵەم دەدەن و ماڵ و سامانیان بە غەنیمەت سەیر دەكەن، ئەوەش بە بەڵگەی زۆر بێ بنەما بە بیانووی جیهاد و شەهادەت و شتی تر.
پێویستە گوتاری ئاینی هاوچەرخ مرۆڤ دۆستانە بێت و خۆ رزگاركردن بێت لەوەی كە هەموو تاوانەكان بداتەوە پاڵا رۆژئاوا و وەك دوژمنی پلە یەك سەیریان بكات، بەڵكو دەبێت پرۆسەی چاكسازی ئاینی لەناو خۆمانەوە دەست پێ بكەین و ئاین و كولتور لەیەكتر جیا بكەینەوە و جارێكی تر خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ دەقەكانی قورئان و فەرموودە بكەین و لەگەڵ گیانی پێشكەوتنی سەردەمدا بیگونجێنین و گەلانی مسوڵمانیش بخەینەوە سەر ڕەوڕەوەی ئەو پێشكەوتنەی كە گەلە پێشكەوتووەكان پێی گەیشتنوون، لەڕووی زانست و زانیاری و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجی و ژیانی كۆمەڵایەتیەوە.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: