Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

قەیرانی خوێندنەوە

_به‌شدار عبدالخالق_

ئەگەر لە واقیعی ڕۆشنبیریی ئیمڕۆی كوردستان وردبینەوە، بۆمان دەردەكەوێ‌ یەكێك لە گرفتەكانی ئەو بوارە، قەیرانی خوێندنەوەیە. مەبەست ئەوەیە، ئاست ‌و ڕادەی خوێندنەوە بەشێوەیەكی بەرچاو هاتۆتە خوارەوە، بەتایبەتی خوێندنەوەی جیدی، كە بایەخ بە ڕۆشنبیری‌ و فیكر و مەسەلە تیۆرییەكان دەدات. لێرەدا ئەگەرچی ئامارێكی وردی زانستیم لەبەردەستدا نییە بۆ سەلماندنی قسەكانم، بەڵام بەدواداچوونم بۆ ژمارە و تیراژی ئەو كتێب ‌و گۆڤارانەی بڵاودەكرێنەوە و ڕێژەی ساخبوونەوەیان لە كتێبخانەكان ‌و لای كتێبفرۆشەكان، هەروەها ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ خوێندنەوەی جیدی، نەك خۆئامادەكردن بۆ وانەكانی خوێندن‌ و تاقیكردنەوەكان، ڕوو لە كتێبخانە گشتییەكانی شار و شارۆچكەكان ‌و زانكۆ و پەیمانگەكان دەكەن، دڵنیایان كردم لەوەی قەیرانی خوێندنەوە واقیعە، كەسێكی وەك من.

هۆكارەكانی قەیرانی خوێندنەوە لای ئێمە زۆرن، لێرەدا هەندێكیان دەخەمەڕوو، بەهیوای ئەوەی گفتوگۆیەكی هەمەلایەن دەربارەی ئەو قەیرانە بكرێت ‌و هەنگاو بۆ چارەسەركردنی هەڵهێنرێت:

١ – پیواری (غیابی) كولتووری خوێندنەوە لە كوردستان: خوێندنەوە لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا نەریتێكە، مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە و لە ڕێگەی خێزان‌ و سیستەمی خوێندنەوە پێی ئاشنادەبێت‌ و لەسەری ڕادێت ‌و دواتر دەبێتە نەریتێك لە لای. كەچی لای ئێمە، ئەنجامی نەخوێندەواریی ئەلف‌ و بێی ‌و نەخوێندەواریی ڕۆشنبیری، خێزانەكان بایەخێكی ئەوتۆ بەوە نادەن منداڵەكان بە كتێب ئاشنابكەن ‌و كتێبیان لا خۆشەویست بكەن. سیستەمی خوێندنیش، بەو پێیەی سیستەمی پێ‌ لەبەركردن‌ و كۆپیكردن‌ و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیە بۆ دەرچوون، لە خشتە و نەخشەی كاری خۆیدا پانتاییەكی بۆ ئەوە تەرخان نەكردوە قوتابیان یان خوێندكاران فێری خوێندنەوە بن‌ و جگە لە كتێبەكانی خوێندن بایەخ بە كتێبی تر بدەن. هەروەها حوكمڕانیی كوردستان، وێنەی حوكمڕانیی وڵاتە پێشكەوتووەكان، ڕۆڵی نەبینیوە بۆ بنیاتنانی كولتووری خوێندنەوە لە كۆمەڵگەكەماندا. بۆ نموونە، دانانی خوێندنەوە وەك بەشێك لە پڕۆگرامی خوێندن ‌و دابینكردنی پێداویستییەكانی، دامەزراندنی كتێبخانە لە هەموو قوتابخانە و خوێندنگەكان ‌و تەنانەت گەڕەكەكاندا، بەمەبەستی هاندانی قوتابی ‌و خوێندكار و دانیشتوان بۆ خوێندنەوە، ئەنجامدانی هەڵمەتی تایبەت بە خوێندنەوە، بۆ نموونە لە ژێر دروشمی “خوێندنەوە بۆ هەموان” یان هەر دروشمێكی تردا‌ و سازدانی فێستیڤاڵ و كۆڕی تایبەت بەو مەسەلەیە و خەڵاتكردنی ئەوانەی لەو بوارەدا كاران‌ و شوێن پەنجەیان دیارە…هتد.

٢ – سەرقاڵبوونی زۆربەی دانیشتوان، بە تایبەتی چین‌ و توێژە كەمدەرامەتەكان كە زۆرینەن، بە گرفتەكانی ژیانی ڕۆژانە و بژێوییەوە و نەمانەوەی كاتی پێویست بۆ خوێندنەوە یان ڕاهێنانی منداڵەكانیان لەسەر خوێندنەوە. هەروەها نەبوونی دەرامەتی گونجاو بۆ كڕینی كتێب بۆ خۆیان یان منداڵەكانیان، بەتایبەتی كە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا قەیرانی دارایی تەنگی پێ هەڵچنیون و نرخی زۆربەی كتێبەكانیش بەشێوەیەكە ئەوان دەرەقەتی نایەن.

٣ – گەشەكردنی تەكنۆلۆژیای زانیاری‌ و ئامڕازەكانی پێكگەیشتن (كۆمۆنیكاشیۆن)، كە بۆتە مایەی سەرهەڵدانی “تەمبەڵیی زەینی” لەناو توێژەكانی كوردستاندا، چونكە خەڵك تەلەفزیۆنیان كردۆتە سەرچاوەی سەرەكیی بەدەستهێنانی زانیاری ‌و زانینەكانیان ‌و ڕۆژانە زۆربەی كاتی خۆیان بە سەیركردنی بەرنامەكانییەوە سەرقاڵدەكەن، كە ڕێژەی زۆریان بۆ سەرگەرمكردنن. هەروەها خوێندكاران، لە بری خوێندنەوە و پەنابردن بۆ كتێب، وەك سەرچاوەیەكی مەعریفە، پەنا بۆ ئینتەرنێت دەبەن ‌و بەئاسانی ‌و بێ‌ ماندووبوون‌ و پارە سەرفكردن ئەو بابەتانە بەدەستدێنن، كە بۆ ژیانی تایبەتی یان خوێندنیان پێویستە. تەنانەت خۆیان بە نووسینی توێژینەوەكانی ساڵانەشەوە ماندووناكەن‌ و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەدەستیاندێنن.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

قەیرانی خوێندنەوە Reviewed by Unknown on 4:53:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: