Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

مامۆستا نامۆكه‌!

به‌ڕێز عه‌باس
مامۆستای نامۆ له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ نه‌توانێت وه‌ك خۆی په‌یامی مامۆستایه‌تیی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ین ئێستا له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندندا به‌و مامۆستایانه‌ ده‌وترێت كه‌ تائه‌ندازه‌یه‌كی باش ده‌توانن په‌یامی مامۆستایه‌تیی بگه‌یه‌نن‌و ده‌یانه‌وێت له‌مامۆستا بچن‌و به‌ئه‌ركی مامۆستایه‌تی هه‌ستن‌و بنه‌ما زانستی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن!

به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی مامۆستا به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت زۆر له‌یه‌ك ده‌چن‌و به‌شێوازێك له‌شێوازه‌كان توانای پیاده‌كردنی وه‌كو خۆی په‌یامی مامۆستایه‌تیان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و مامۆستایه‌ی بیه‌وێت له‌وچوارچێوه‌یه‌ ده‌رچێت كه‌ زۆرینه‌ دیاریكردوه‌ تووشی چه‌ندین كێشه‌و گرفت ده‌بێته‌وه‌و وه‌ك ته‌نزێكیش پێی ده‌وترێت مامۆستای نامۆ!

مه‌به‌ست له‌مامۆستای نامۆ ئه‌وه‌یه‌ كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌و هانی فێرخوازه‌كانی ده‌دات بۆ پرسیاركردن‌و دیالۆگ ده‌كات له‌گه‌ڵیانداو تێیان ده‌گه‌یه‌نێت‌و ده‌زانێت‌و ده‌توانێت چۆن له‌گه‌ڵ رۆحی فێرخوازه‌كانیدا مامه‌ڵه‌ بكات، بۆیه‌ له‌دواجاردا ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ری له‌لایه‌ن مامۆستاكانی تری هاوپیشه‌یه‌وه‌، نه‌وه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو بانگی ئه‌وه‌ ده‌درێت به‌خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگا یان كه‌سوكاری فێرخواز به‌وه‌ی مامۆستا نامۆكه‌ فێرخوازه‌كان توشی ده‌رده‌سه‌ری‌و و بیركردنه‌وه‌و پرسیاركردن ده‌كات‌و له‌ته‌قلیدی باو ده‌ریان ده‌كات!
ئه‌مه‌ش زۆرجار مامۆستای نامۆ توشی نائومێدی ده‌كات‌و ته‌نانه‌ت بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی پیشه‌یه‌كی تر بدۆزێته‌وه‌ چونكه‌ شه‌پۆلی نه‌یارانی مامۆستای نامۆ زۆرترو به‌هێزتره‌ وه‌ك به‌رگریكه‌ران لێی!

فێرخواز له‌ڕاستیدا خۆی له‌بنه‌مادا ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ گونجاوه‌و په‌سه‌نده‌ لای كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت‌و بیركردنه‌وه‌و شێوازو رێگای وانه‌وتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی‌و په‌روه‌رده‌یی بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دژی ئه‌م بۆچونه‌یه‌ به‌شێكی گرنگی مامۆستاكانن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه‌ پێویستی زیاتری به‌خۆماندوكردن‌و ئاماده‌كردن هه‌یه‌ به‌شێكی زۆریش له‌مامۆستایان ئه‌مه‌ ناكه‌ن به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ كاتێكیش مامۆستایه‌ك بیه‌وێت رێگایه‌كی دروست‌و زانستی له‌وانه‌وتنه‌وه‌ پیاده‌بكات فێرخوازه‌كانیش خۆشیان بوێت‌و وانه‌ی مامۆستاكه‌یان به‌دڵ بێت ده‌بێت به‌مامۆستایه‌كی نامۆو له‌لایه‌ن مامۆستاكانی تره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر په‌لاماردان‌و وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆخۆیانی وێنا ده‌كه‌ن، چونكه‌ ناچاریان ده‌كات خۆیان بگۆڕن‌و به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مامۆستا نامۆكه‌ بچن! كه‌ ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزو قورسه‌و كات له‌به‌رژه‌وه‌ندییان نییه‌، یاخود نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێیانوایه‌ مامۆستای نامۆ هه‌ڵه‌یه‌و فێرخواز توشی لادان ده‌كات گه‌ر بێت‌و بیانجوڵێنێت‌و فێری پرسیاركردن‌و دیالۆگ‌و كتێب خوێندنه‌وه‌یان بكات، پێیانوایه‌ فێرخواز به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵاو له‌كۆڵیان نابێته‌وه‌!

گرفت‌و كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ییش له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی باودایه‌و ئه‌و مامۆستایانه‌ په‌راوێز ده‌خرێن كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه‌ به‌مامۆستای نامۆ بانگ ده‌كرێن هیچ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان پێ نادرێت تاوه‌كو لانیكه‌م پرسیار لای مامۆستاكانی تر دروست بێت یاخود هانیان بدات به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ رێگای راست‌و دروست له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن پیاده‌ی ده‌كات مامۆستا نامۆكه‌یه‌ نه‌وه‌ك ئێوه‌یه‌ یان ئه‌وانیتر.

گرنگه‌ مامۆستایه‌ك زانرا كه‌ مامۆستایه‌كی سه‌ركه‌وتوه‌و فێرخوازه‌كانی تاڕاده‌یه‌كی باش لێی تێده‌گه‌ن‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر فێرخوازه‌كانی جێهێشتوه‌و ده‌ستكاری هه‌ڵسوكه‌وت‌و بیركردنه‌وه‌یانی كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش كه‌ رۆحی په‌روه‌رده‌و فێركردن ئه‌مه‌یه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك تانه‌یه‌ك به‌مامۆستای نامۆ بانگ بكرێت‌و وه‌ك نه‌یار ته‌ماشا بكرێت پێویسته‌ چاوی لێبكرێت‌و سودی لێببینرێت. ده‌مانه‌وێت بڵێین مامۆستای نامۆ مامۆستایه‌كی په‌روه‌ده‌یی‌و مه‌ده‌نییه‌ ئه‌وه‌ی نامۆی كردوه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو سیسته‌مێكی خراپدا ده‌توانێت مامۆستایه‌كی باش بێت كه‌ زۆر گرنگه‌ توانیویه‌تی ئه‌مه‌ بكات، نه‌وه‌ك نامۆبونی له‌خراپییه‌وه‌ بێت‌و له‌سیسته‌مێكی باشدا مامۆستایه‌كی خراپ بێت.

له‌دونیای ئێمه‌دا هه‌مو حه‌زو ئاره‌زوی بون به‌مامۆستا ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌تی بكات ته‌نانه‌ت سه‌ر سوڕمانییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ وه‌كو پیشه‌و په‌یامێكی ئاسایی‌و ئاسان سه‌یرده‌كرێت! له‌كاتێكدا قورسترین‌و ئاڵۆزترین په‌یام‌و پیشه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وه‌كو خۆی سه‌یری بكه‌ین‌و هه‌ست به‌گرنگییه‌كه‌ی بكه‌ین.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

مامۆستا نامۆكه‌! Reviewed by Unknown on 4:23:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: