سەختییەکانمان زۆر بڕیوە و کەممان ماوە،هەموو شتێک لەپێناوی کۆمەڵگایەکی خوێندەوار
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی (٢٠١٧ ) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەکەم،بەهیواین ساڵی نوێ ساڵی تێپەڕاندن و زاڵ بوون بێت بەسەر قەیران و سەختییەکان و تەواوکردنی بەرنامە و ستراتیژەکانمان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و خوێندەوار و پڕ لە زانست و مەعریفە بە کۆمەڵگا و زیاتر رۆشنکردنەوەی دوارۆژی نەوەکانمان و سپاردنیان بەچارەنوسێکی باشتر و گەشتر .
دوو ساڵی رابردوو ،دەتوانین بڵێین یەکێک لە دوو ساڵە سەخت و دژوارەکانی مێژووی سەختی خەڵکی کوردستان بووە ،لەلایەک قەیرانی سەختی دارایی و دواکەوتنی مووچە لەلایەکیتر هێرش و پەلاماردانەکانی گروپی تیرۆرستی داعش بۆ سەر بەشێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان و کوشتن و رفاندنی ژنان و مناڵان و وێرانکردنی ئاوەدانی و قوتابخانەکان،لە رووداوە ناخۆش و نەخوازراوەکانی دوو ساڵی رابردوو بووە.
بەداخەوە ئەو قەیران و رووداوە ناخۆش و تراژیدیایانە بەشی شێری بەر شانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی و سەرپەرشتیاران کەوت لەنێویشیاندا مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەرێوەبەڕایەتی پەروەردەی مەخموور کە بەشێک لە قوتابخانەکانی کەوتنە بەر ئەو شاڵاوەی تاریک پەرستان .
ئێمە لەلایەک شاهێدی ئەو دیمەن و مەشهەدە ناخۆش و سەختانە بووین، بەڵام لەلایەکیتر خۆشحاڵ بووین شاهێدی دیمەنی دڵسۆزی و گیانفیدایی سەدان و هەزاران مامۆستا بووین کە زۆر دڵسۆزانە مێژوویەکی تری پڕ شانازییان بۆ خۆیان تۆمار کرد و نەیانهێشت ڕەورەوەی زانست و پەروەردە پەکی بکەوێت،دواکەوتنی مووچە نەیتوانی دەرگای قوتابخانەکان بە رووی مناڵانی پیشمەرگە و هەژاران دابخات، هەڕەشە و پەلاماردانەکانی گروپی تیرۆرستی داعش زەڕەیەک کاریگەری لەسەر دڵ و دەروونیان نەکرد ، چونکە دەیانزانی و تێگەیشتبوون پەیامی رەشی ئەو تیرۆرستانە مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر چارەنوسی تەواوی کۆمەڵگا و ئامانجی ئەوان دابڕانی قوتابیان و خوێنکارانە لە پەروەردە و زانستی سەردەم، بۆیە بە بەردەوامی مامۆستایان لە خوێندن و پەروەردە وەڵامی خۆیان وەرگرتەوە کە کۆمەڵگای کوردستان هێزی تاریکی قبوڵ ناکات و ناگەڕێتەوە دواوە و کاروانی بەرەو پێشچوونی بەردەوامە و هیچ هێزێک نیە بیوەستێنێت .
لەکاتێکدا ئێمە پێشوازی لە ساڵێکی نوێ دەکەین، بە گیانفیدایی و قارەمانی پێشمەرگەکانی کوردستان،گروپی تیرۆرستی داعش کە بەر لەهەموو شتیک دوژمنی خوێندەواری و زانست و مۆدێرن بوون خەریکە کۆتاییان پێ دێت و گٶڕیان گووم دەبێت،بەهیواشین قەیرانی سەختی دارایش بەپاڵپشتی و بەرنامەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داریڕشتووە ووردە ووردە کاریگەریەکەی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک نەمێنیت .
بەهەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە بەڕێوەبەڕایەتی پەروەردەی مەخموور سەرەڕایی ئەو وەزعیەتەی لەسەرەوە باسکرا توانیومانە بەشێکی زۆر لە پلان و بەرنامە و ستراتیژەکانمان ببەینە پێشەوە،بۆ ئەوەش سڵمان لە هیچ کارێک نەکردۆتەوە تا مناڵەکان بێ پێداویستی خوێندن نەبن ،تا قوتابخانەکان بێ گەرمکەرەوە و سارد کەرەوە و کورسی پێویست نەبن،تا گوندەکان بی قوتابخانە و مامۆستا نەبن، هەر لە راکێشانی پشتیوانی و هاوکاری لە رێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتیەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، تادەگات بە ڕاکێشان و هاندانی سەرمایەدار و خێرخوازان لە دورستکردن و چاککردنەوە و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایان ،بەتایبەت ئەو ناوچانەی لەدوای وەدەرنانی تیرۆرستانی داعش ناوەندەکانی خوێندن کرابوونە وێرانە و جبەخانە،چەند رۆژێک دوایی ئازادکردنەوەیان میلاک و مامۆستای پێویستی بۆ دابینکراو و دەرگای قوتابخانەکان کرایەوە و بووە هاندەرێکی باش و کاریگەر بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکان بۆ شوێنی ژیانیان .
سەرەڕایی تموحی زیاترمان لە خزمەتکردنی خەلکی دەڤەرەکە و تەواوی کوردستان ،بەڵین دووپات دەکەینەوە بەردەوام دەبین لەپرۆژە و بەرنامەکانمان ،سەختییەکانمان زۆر بڕیوە و کەممان ماوە ،بەهیواین بتوانین بەهاوکاری هەموو لایەک کەشتیەکە بگەیەنینە وێستگەی چاوەڕوانکراو کە تاکێکی هۆشیار و کۆمەڵگایەکی تەندورستە .
عباس محمد
بەڕێوەڕی پەروەردەی مەخموور
کۆتایی دیسێمبەری ٢٠١٦
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: