کورده‌کان
باسی کوردستان لە ڕۆژنامەی “آذربایجان” دا – 24
آذربایجان، ژماره‌ی 206 ، پێنجشه‌مۆ 2ی جۆزه‌ردانی 1324ی هه‌تاوی/23ی مه‌ی 1946
کورده‌کان
نووسینی ف. ب.
وه‌رگێڕان له ترکی ئازه‌ربایجانییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
کوردستان به به‌شێک له‌و شوێنه ده‌گوترێ که کورده‌کان تێیدا ده‌ژین. ڕووبه‌ری کوردستان په‌نجا هه‌زار کیلۆمێتری چوارگۆشه‌یه.ئه‌و ناوچه‌یه له باکووره‌وه تا ئه‌رمه‌نستان و له لای باشوره‌وه تا لوڕستان درێژ ده‌بێته‌وه.کوردستان له چیای به‌رز پێک دێ.چاندنی زه‌وی و مه‌ڕداری له به‌رهه‌مه سه‌ره‌کییه‌کانی کوردستانن. … [ووشه‌یه‌ک له ده‌قی ماک دا ناخوێندڕێته‌وه. تێبینی وه‌رگێڕ ] حاسڵی هه‌ره گه‌وره‌یه‌تی، له شوێنی پڕ ئاو، کاری کشتوکاڵ ده‌کرێ. کانگاکانی کوردستان بریتین له ئاسن، قورقوشم، مس، قه‌ڵایی و نه‌وت. ئه‌و کانگایانه زیاتر به هۆی ئامرازی وه‌خت به‌سه‌رچوو و کۆن ده‌رده‌هێندرێن،
کورته‌یه‌ک له مێژووی کوردستان
به بێ گومان کورده‌کان هه‌زار ساڵ به‌ر له زایینی مه‌سیح ده‌رکه‌وتوون. چونکه یه‌کێک له کتیبه کۆنه‌کانی سومه‌ری سه‌ر به‌و مێژوویه‌یه و، له‌وێدا هێمایان پێ کراوه. به دڵنیایی ڕون بووته‌وه کورده‌کان له سه‌ده‌ی پێنجه‌م دا له سه‌ر زه‌وییه شاخاوییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی لای سه‌ره‌وه‌ی چۆمی ده‌جله بوون. هه‌ر وه‌ک سه‌ده‌ی یه‌که‌م کورده‌کان به هه‌موو هیممه‌ت و بوێرییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان پاراست. به‌ڵام هێندێک جار سه‌ریان وه‌به‌ر ده‌سته‌ڵاتی هێندێک ده‌وڵه‌تی به‌هێز هێنا.ده‌وڵه‌تانی وه‌ک ئاسۆری، ئه‌رمه‌نستان، ڕۆم و ئێران. تا سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌م ئه‌وه ڕوون بووه‌ته‌وه که هێندێک هۆزی کورد له خاکی فارسان دا بوون. به له به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه هێندێک له مێژوو نووسان له‌و بڕوایه دان شایانی ساسانی ئێران به ڕه‌چه‌ڵه‌ک سه‌ر به لکێک له ئێتنیکی کوردی بن. ئه‌و جۆره‌ی وه‌به‌ر چاو دێ له سه‌رده‌می خه‌ڵیفه‌کان دا کورده‌کان له خاکی خۆیانه‌وه به‌ره‌و ڕۆژئاوا موهاجه‌ره‌تیان کرد بێ،له زه‌مانی خه‌ڵێفه به هێزه‌کان دا ووڵاتی کوردستان وه‌ک خاکی دیکه که‌وته به‌ر ده‌سته‌ڵاتی ئیسلام و داگیرکاری و له لایه‌ن ئه‌و حاکمانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو که خه‌ڵیفه‌کان دایان ده‌نان. ئه‌و سه‌روبه‌نده له مێژووی کوردستان پڕه له سه‌رهه‌لدان و جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی[!!] ئازایانه‌ی گه‌لی کورد و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌وان هه‌میشه له پێناو ئازادیی خۆیان دا له مله و خه‌بات دا بوون. دوای که‌مبوونه‌وه‌ی هێزی حکوومه‌تی خه‌ڵیفه‌کان و ئیسلام، بۆ یه‌که‌مجار، که‌سێک له‌نێو کورده‌کان به نێوی [ ووشه‌که له ده‌قی ماک دا ناخوێندرێته‌وه.وه‌رگێڕ] بوو به فه‌رمانڕه‌وای گه‌له‌که‌ی خۆی.حکوومه‌ته‌که‌ی وی له ساڵی 951ی زایینی دامه‌زرا و حاکمه‌که بۆ خۆی به سه‌رۆک هۆزی ڕاوه‌ندی داده‌ندرا.کوڕه‌کانی به شه‌دادیان به نێوبانگن و به دوو تیره دابه‌ش بوون، شه‌دادیانی ئاتی و شه‌دادیانی گه‌نجه.ئه‌و دوو حکوومه‌ته هه‌ر دووکیان تا دوایی سه‌ده‌ی دووه‌م به‌رده‌وام بوون و مێعماریی گه‌وره و باشیان له دوای خۆیان به یادگار به جێ هێشتووه.
دوای ئه‌وان مه‌روانییه‌کان حکومه‌تیان دامه‌زراندووه.ئه‌و حکوومه‌ته له حکوومه‌ته‌کانی دیکه به‌نێوبانگتره.ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی دامه‌زراند ئه‌بووعه‌لی کوڕی مه‌روان کوڕی دۆسته‌ک و سه‌رۆک هۆزێک بوو. شایه‌کانی ئه‌و حکوومه‌ته تا ساڵی 1096 پادشایه‌تیان کرد و توانیان نیزیکه‌ی سه‌د ساڵ حکوومه‌تی خۆیان بپارێزن. ئه‌و حکوومه‌ته‌ش شوێنه‌واری مێعماری له دوا به جێماوه که له شاره‌کانی دیاربه‌کر و میافارقین [ فارقین] دروست کراون. ئێستا پاشماوه‌کانی ئه‌و حکوومه‌ته له ویلایه‌تی سیلوان وه‌ک فه‌رمانڕه‌وای خۆجێیی هه‌ر ماون.
له سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌م توروکومانه‌کان به سه‌ر کوردستان دا فه‌رمانڕه‌واییان ده‌کرد. کورده‌کانیش له ئاست تورکومانه‌کان ده‌ستیان له خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی هه‌ڵنه‌گرت، به‌پێچه‌وانه له ساڵی 1185 شه‌ڕی قورس له نێوانیان دا ڕووی دا. له نێوه‌ڕاست سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌م حکوومه‌تی ئه‌ییووبی سه‌ری هه‌ڵێنا. سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی به نێوبانگ سه‌ر به‌و بنه‌ماڵه‌یه بوو. ئه‌و حکوومه‌ته له ماوه‌یه‌کی کورت دا کوردستان، سوورییه و به‌شێکی عه‌ڕه‌بستانی داگیر کرد.له‌و بار‌و دۆخه دا هێزی تورکومانه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش لاواز بوو.له به‌رایی سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م دا کاتێک ئیمپراتۆری عوسمانی دامه‌زرا ئیدی به درێژایی مێژوو کوردستان له نێوان ده‌وڵه‌ته‌کانی ئێران و عوسمانی دا ده‌وری زۆر گه‌وره‌ی گێڕا. له‌وه‌ی دواوه هۆز و تایفه‌کانی کوردستان میره‌کایه‌تی و پادشایه‌تیان دامه‌زراند و حکوومه‌تی عوسمانی به له به‌ر چاو گرتنی ئه‌و بار‌و دۆخه و به ته‌گبیر توانی کوردستان ڕازی ڕابگرێ.
له سه‌ده‌ی 18 و 19 ده‌وڵه‌تی عوسمانی ته‌مای گرت سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی زیاتری کورده‌کان به ته‌واوی له نێو به‌رێ و نه‌یهێڵێ.ئه‌و سیاسه‌ته بووه هۆی جووڵانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی توند له نێو کورده‌کان دا. ئه‌و جووڵانه‌وانه تا ئه‌و زه‌مانی له مێژووی کورد دا پێشینه‌یان نه‌بوو.دنه‌ده‌ری یه‌که‌می ئه‌و جووڵانه‌وانه عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان ی خه‌ڵکی سڵیمانی بوو. ئه‌و له ساڵی 1812ی زایینی وه‌فاتی کردووه.عه‌بدولڕه‌حمان پاشا که‌لکی له ڕقه‌به‌ری نێوان عوسمانی و ئێران وه‌رگرت سه‌ربه‌خۆیی کوردانی زیندوو کرده‌وه به‌ڵام دواتر له شه‌ڕێک دا له به‌رانبه‌ر حاکمی به‌غدا تێک شکا. ئیدی به دوای ئه‌وه دا مێژووی کورده‌کان بریتی یه له جووڵانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی ئاوا. ئه‌وان له هه‌موو بار‌و دۆخێک‌دا حه‌ولیان داوه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان. له به‌ر زۆر و زه‌وه‌ند بوونی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه پێ ڕاناگه‌ین هه‌موویان باس بکه‌ین به‌ڵام ده‌کرێ بڵێین که شه‌ڕی ڕابردووی دنیاگره‌وه زه‌ره‌ری زۆر گه‌وره‌ی له کورده‌کان دا. ژماره‌یه‌کی زۆریان له شه‌ڕه‌کانی قوشوونی عوسمانی دا له نێو چوون. مێژووی کوردستان مێژوویه‌کی زۆر شیرین و هه‌موو لایه‌نه‌یه. به‌شی هه‌ره گرینگی ئه‌و مێژوویه بریتی یه له‌و جووڵانه‌وانه‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کراون که ئێمه ئه‌وان له بن سه‌ردێڕێکی دیکه دا ده‌نووسین.
جووڵانه‌وه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
له شاعیرانی کورد ئه‌حمه‌دی خانی له شێعرێکی دا به نێوی مهم و زین (له سه‌دی 17) باسی سه‌ربه‌خۆیی خوازی کورده‌کانی کردووه. جاری یه‌که‌م حه‌ولدان له پێناو یه‌کگرتنی کورده‌کان له هه‌موو دنیا دا له به‌رایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م دا کراوه. نیزیکه‌ی 49 ساڵ به‌ر له ئێستا له ساڵی 1897ی زایینی بۆ جاری یه‌که‌م رۆژنامه‌یه‌کی کورده‌کان به نێوی “کوردستان” بڵاو کراوه‌ته‌وه. له ساڵی 1908ی زایینی ڕووناکبیرانی کورد له ئه‌سته‌نبووڵ کۆمه‌له‌یه‌کیان به نێوی ” کۆمه‌ڵه‌ی هێڤی” دامه‌زراند، به‌ڵام ئه‌و ڕێکخراوه‌یه له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شا و دیسان له ساڵی 1918 پارتییه‌ک به نێوی پارتیی میللی و دواتر کۆمه‌ڵه‌ی هه‌یئه‌تی سه‌ربه‌خۆیی دامه‌زران. ئه‌و ڕێکخستنه‌ی دوایی له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشای وه‌ک نوێنه‌ری خۆی نارد بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاشتی. له ساڵی 1920 دا، په‌یماننامه‌ی سێڤر ئیمزا کرا و له ماده‌کانی 63 و 64 ی ئه‌و په‌یماننامه‌یه دا ئه‌وه‌ی که کورده‌کان حکوومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن له به‌رچاو گیراوه. به‌ڵام ئه‌و په‌یماننامه‌یه وه‌دی نه‌هات و دواتر به هاندانی هێندێک ده‌وڵه‌تان کورده‌کان هه‌ڵخه‌ڵه‌تان. هه‌ر چۆنێک بێ ئه‌و په‌یماننامه‌یه له نێو چوو و له جیاتیان قه‌راردادی لۆزان ئیمزا کرا و کوردستانی له نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌تان دا دابه‌ش کرد و به شێوه‌یه‌کی خائینانه سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی له نێو برد، دیاره زه‌ره‌ری ئه‌و هه‌ڵه‌یه به ئه‌ستۆی ئه‌و ووڵاتانه‌یه که کوردستانیان دابه‌ش کرد،به‌ڵام جووڵانه‌وه‌کانی کورده‌کان و خه‌باتی ئازایانه‌یان له هه‌موو دنیا ده‌نگی داوه.
له تێبینی 3ی ماده‌ی 38ی په‌یماننامه‌ی لۆزان دا دیاری کراوه که به بێ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌زه‌ب،زمان و نه‌ته‌وایه‌تی کورده‌کان ئازادییه‌کانیان ده‌درێتێ*. هه‌ڵبه‌ت ته‌نێ ترکییه به‌رعۆده‌ی ئه‌و بڕیاره ببوو.کورده‌کان دژی ئه‌و په‌یماننامه‌یه ده‌رکه‌وتن. دوای ئه‌وه‌ی چ ئاکام له‌و ئعترازانه شین نه‌بوو نا‌ئومێد نه‌بوون و بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یان وه‌ڕێ خست.له ساڵی 1925 شێخ سه‌عید به هێزێکی گه‌وره هێرشی کرده سه‌ر دیاربه‌کر و چی وای نه‌مابوو ئه‌و شاره داگیر بکا.له‌و سه‌روبه‌نده‌ش دا جووڵانه‌وه و ڕاپه‌ڕینی ناوچه‌یی کران به‌ڵام له به‌ر نه‌بوونی ڕێکخستنێکی پته‌و و نه‌بوونی فه‌رمانده‌یه‌کی تاقانه کورده‌کان تێک شکان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به ساڵانی خایاند تا ئه‌و جووڵانه‌وانه له نێو بچن. له ساڵی 1930 به فه‌رمانده‌یی ئێحسان نووری له چیای ئاگری شه‌ڕ ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام له به‌ر بارودۆخی ناله‌باری ناوچه‌که له‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ش دا کورده‌کان شکان.دیسان له ساڵی 1938 له چیاکانی ساسون و ده‌رسیم پێکدادانی کورده‌کان و هێزی ده‌وڵه‌تی ترکییه به‌رده‌وام بوو.
له عێڕاقێ ئینگلیسییه‌کان سه‌روبه‌ندێک به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی سلێمانییان دایه ده‌ست کوردێک به نێوی شێخ مه‌حموود. به‌ڵام شێخ مه‌حموود چه‌ند جار له ئاست ئه‌وان ڕاپه‌ڕی و له ساڵی 1923 ده‌وڵه‌تێکی دامه‌زراند که دوای ماوه‌یه‌کی کورت له نێو چوو. له ساڵی 1930 به پێی په‌یمانێک که له نێوان ئینگلیستان و عێڕاق دا به‌سترا ده‌سته‌ڵاتی به‌ربڵاوی کولتووری و ئیداری درا به کورده‌کان به‌ڵام ئه‌وه به‌کرده‌وه چه‌تی تێکه‌وت و دژایه‌تی زۆری به دوو دا هات.
هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی له یه‌کێتی کۆماره‌کانی سۆڤییه‌ت دا ده‌ژین ده‌سته‌ڵاتی گه‌وره‌یان به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌وان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵان له نه‌خجه‌وان کۆمارێکی یه‌کگرتوویان پێک هێنا. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ووڵاته به ئه‌رمه‌نستانه‌وه لکێندرا کۆماره‌که نه‌ما، به‌ڵام مافی کولتووری و ده‌سته‌ڵاتی ئیداریی کورده‌کان هه‌ر پارێزرا.ئێستا ئێره‌وان یه‌کێک له نێوه‌نده هه‌ره گه‌وره کولتوورییه‌کانی کورده‌کانه.له‌وێ ژماره‌یه‌کی زۆر چاپه‌مه‌نی به زمانی کوردی به ڕێنووسی لاتینی بڵاو ده‌بێته‌وه.
له ئێرانێ له سه‌رده‌می حکوومه‌تی ڕه‌زا شا زوڵمێکی زۆر له کورده‌کان ده‌کرا، ئه‌وه پێویسته دوور و درێژتر باسی لێوه بکرێ.هه‌ر چۆنێک بێ له‌و ماوه‌یه دا ده‌سته‌ڵاته ناوچه‌ییه‌کانیان له‌نێو چوون و به ژماره‌یه‌کی زۆر و به پانه‌وه له زێدی خۆیان دوور خرانه‌وه. گشت ئه‌و سه‌ر و به‌ندانه‌ی که کورده‌کان له چاره ڕه‌شی دا ژیاون و ئه‌و هه‌موو خه‌باته‌ی که له‌پێناو سه‌ر به‌خۆیی دا کردوویانه و هه‌ر وه‌ها روحیه‌ی گه‌لی کورد و به‌رزی ووره‌ی بوونه هۆی ئه‌وه که به دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕ [شه‌ڕی دووه‌می جیهانی] داوای مافه‌کانی خۆیان بکه‌ن.له 25ی مارسی 1945 به پێی خه‌به‌رێک نوێنه‌رانی گه‌لی کورد بیرخه‌ره‌وه‌یه‌کیان نارد بۆ گشت ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی کۆنفڕانسی سانفرانسیسکۆ و تێیدا داوا کرا ده‌وڵه‌تی خودموختاری کوردستان پێک بهێندرێ. له‌و بیرخه‌ره‌وه‌یه دا گوتراوه ئه‌و کوردانه‌ی له ئێران، عێڕاق و ترکییه دا هه‌ن نفووسیان نۆ میلیۆن و نیوه.
حه‌شیمه‌تی کورده‌کان
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی کورده‌کان هه‌ژماری وورد و دروست به ده‌سته‌وه نییه.ده‌گوترێ ژماره‌ی کورده‌کان له کوردستان 8 میلیۆنه.هه‌ڵبه‌ت کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له‌و هه‌ژماره دا له‌به‌رچاو نه‌گیراون. له سه‌دا 29ی ڕووبه‌ری ترکییه و له سه‌دا 25ی حه‌شیمه‌تی، له سه‌دا 23ی رووبه‌ری ئێران و له سه‌دا 12ی حه‌شیمه‌تی، له سه‌دا 29ی ڕووبه‌ری عێڕاق و له سه‌دا 28ی حه‌شیمه‌تی، ڕووبه‌ر و ئه‌و شوێنانه‌ن کورد لێیان ده‌ژین که له سه‌ر یه‌ک ده‌کاته 8 میلیۆن و نیو نه‌فه‌ر کورد**.
زمان و ئه‌ده‌بییاتی کورده‌کان
زمانی کوردی زۆر وه زمانی فارسی ده‌چێ.کوردی سێ له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه که بریتین له کورمانجی (له ڕۆژئاوا و له باکوور)، له‌هجه‌ی خواروو که پێی ده‌ڵێن سۆرانی یان کوردیی بابانی که له سلێمانی باوه.له‌و په‌ڕی ڕۆژهه‌ڵات له‌هجه‌ی دملی یان زازا که له خارپیت و بیرچیک و ساسۆن دا ره‌واجی هه‌یه. ئه‌و سێ له‌هجه‌یه ته‌نێ له ڕووی ڕێزمان و ووشه‌وه جیاوازییان هه‌یه. به‌شی هه‌ره شیرینی ئه‌ده‌بییاتی کوردی بریتییه له ئه‌ده‌بییاتی زاره‌کی یان فۆلکلۆریک.نه‌قڵ،داستانی ئه‌وینداری،حه‌ماسه‌ی شه‌ڕ، شێعری سه‌ما (وێڕای جووڵاندنه‌وه‌ی به‌ده‌ن)،بریتین له به‌شی هه‌ره به‌رز و گرینگی فۆلکلۆری کوردی.له‌مه‌ر ئه‌ده‌بییاتی نووسراو ده‌بێ بگوترێ له حاڵی حازر دا کورده‌کان بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ماندوویی بکه‌ن کار ده‌که‌ن بۆ یه‌کێتیی زمانه‌که‌یان. ئێستا له سوورییه چوار ڕۆژنامه‌ی کوردی چاپ ده‌کرێ. ئه‌و ڕۆژنامانه به له‌هجه‌ی کورمانجی و به تیپی لاتینی بڵاو ده‌بنه‌وه. به له‌هجه‌ی سۆرانی و به تیپی عه‌ڕه‌بی له عێڕاقێ سێ ڕۆژنامه و گۆوار بڵاو ده‌بنه‌وه. له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت کورده‌کان به کورمانجی و به تیپی لاتینی ڕۆژنامه‌ی زۆر باشیان هه‌یه.له ئێرانیش چاپه‌مه‌نییه‌کانیان به‌ره‌و پێشکه‌وتن ده‌چن و له ژماره‌یان زیاد ده‌بێ.
ئه‌خلاق و خه‌سڵه‌تی کورد
کورده‌کان له نێو ئه‌و ئینسانانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات دا ده‌ژین خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی به‌رزی له‌مه‌ڕ خۆیان هه‌یه. له ناوچه شاخاوییه‌کانی کورده‌کان گوڵخانه‌ی جوان و خاوێن هه‌ن. ئه‌و جۆره ماڵانه به فه‌ڕش ده ڕازێندرێنه‌وه. له‌و ماڵانه دا میوانان به‌و په‌ڕی کراوه‌ییه‌وه میواندارییان لێ ده‌کرێ. کورده‌کان سه‌رنجێکی زۆر ده‌ده‌نه سه‌ر به‌خێوکردن و ئاگالێبوونی زه‌وی و زار و باغه‌کانیان.
جووتێری کورد زۆرجار له هه‌وای ناله‌بار و که‌م ئاویی دا به‌رهه‌می خۆی ڕه‌نێو دێنێ و له‌و کاره دا خۆی زۆر ماندوو ده‌کا. کورد به‌ر له هه‌موو شتی دا شه‌ڕکه‌رێکی به‌نێو بانگه.ئازایه‌تی کوردان هه‌میشه له سه‌ر زمانانه.کورد زۆر به هاسانی ده‌توانێ به‌رگه‌ی شه‌ڕی قورس بگرێ. کورد چه‌کێکی جوانی له هه‌موو شتێکی دیکه زیاتر خۆش ده‌وێ. کورده‌کان په‌ندێکی پێشینیانی به‌نێوبانگیان هه‌یه که ده‌ڵێ: ” شه‌ڕ له بێ‌کاری چاکتره”. کورده‌کان هه‌میشه حه‌ول ده‌ده‌ن له شه‌ڕ دا فیشه‌ک خه‌سار نه‌که‌ن و به وه‌سیله‌ی که‌م ڕه‌قیب له نێو به‌رن.دیاره کورد به توانان، ئه‌وان زۆر دڵپاکن وله ئاست وه‌عده و به‌ڵێنێکی ده‌یده‌ن به‌وه‌فان و په‌یمان شکێن نین. کورد که‌م قسه ده‌کا و هیچ کاتێک خۆی وه‌پێش ناخا و حه‌زی له قسه‌ی به‌تاڵ نییه. گشت ئه‌و ئوڕووپاییانه‌ی له گه‌ڵ کورده‌کان هه‌ستاون و دانیشتوون ، باسی زیره‌کی کورده‌کانیان کردووه و په‌سنی ته‌بیعه‌تی ناسکی ئه‌وانیان داوه و گوتوویانه کورده‌کان بۆ فێر بوونی شتێک خێرا و ووردن، بۆیه زۆریش ڕق ئه‌ستوورن. کورده‌کان هه‌رچۆنێک بێ توڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان له لێبوردن پێ باشتره. تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه بۆ ئه‌وان ئه‌رکێکی پیرۆزه.
چه‌ند تێبینی وه‌رگێر
*ده‌قی ماده‌ی 38ی په‌یماننامه‌ی لۆزان ئاوایه: ” حکوومه‌تی ترکییه به‌رعوده ده‌بێ بۆ پاراستنی ته‌واو و هه‌موولایه‌نه‌ی ژیان و ئازادیی گشت دانیشتووانی ترکییه به بێ له به‌رچاو گرتنی شوێنی له دایک بوون،نه‌ته‌وایه‌تی،زمان،ڕه‌گه‌ز یان دینیان. هه‌موو دانیشتوانی ترکییه بۆیان هه‌یه چ له ژیانی تایبه‌تی و چ له کۆمه‌ڵ دا، ئازادانه هه‌ر باوه‌ری یان مه‌زهه‌بێکیان هه‌یه ڕه‌چاوی که‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ڕه‌چاوکردنه نه‌بێته هۆی ئاڵۆزاندنی نه‌زمی گشتی و ئاکاری چاک.که‌مایه‌تییه ناموسوڵمانه‌کان به پێی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی داده‌ندرێن مافی ته‌واوی جووڵه و موهاجه‌ره‌تیان هه‌یه له هه‌موو یان به‌شێک له خاکی ووڵات دا،به پێی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی داده‌ندرێن که ئه‌وه‌ش هه‌موو هاووڵاتیان ده‌گرێته‌وه.حکوومه‌تی ترکییه ده‌کرێ له پێناو پاراستنی به‌رگریی نه‌ته‌وه‌یی، یان بۆ پاراستنی نه‌زمی گشتی ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌ڵبهێنێته‌وه.”
**ئاشکرایه که ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی دراون یان له به‌ر هه‌ڵه‌ی چاپی یان وه‌کوو دیکه ته‌واو نین و زیاد کراون.
نووسراوه له‌لایه‌ن
didar othman
لینك: http://www.historyofkurd.com/?p=9072
كات December 24, 2016 at 09:36PM
ليست هناك تعليقات: