چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ به‌ناوبانگترین بیركاریزانی كورد “ كۆچه‌ر بیركار” كه له ژماره‌ی 538 ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه بلاوكراوته‌وه له به‌رواری ٢\٨\٢٠١٦.
سازدانی چاوپێكه‌وتنه‌كه بۆخۆی جۆرێكه له چیرۆك كه له‌لایه‌ن من ( ئه‌مه‌ریكا) و خاتوو سروه‌ی رۆژنامه‌نووس و مامۆستا ( سلێمانی) وه پرۆفیسۆر كۆچه‌ر ( به‌ریتانیا).
فه‌رموون له‌گه‌ل چاوپێكه‌وتنه‌كه:
1-گه‌ر بكرێت له باره‌ی شوێن و ساڵی له دایك بوون و ئه‌و بڕوانامانه‌ی به ده‌ستت هێناون و ئه‌و بواره‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كه‌یت و گرنگترین كاره‌كانت، بدوێیت:
كۆچه‌ر بیركار:ساڵی 1978 لە گوندی (نێ) سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووم. قوتابخانەم لە نێ و لە مەریوان تەواو کرد. هەر لە قوتابخانە شەیدای بیرکاری بووم و بڕیارم دا بیرکاری بخوێنم لە زانکۆ. بەکالۆریۆسی بیرکاریم لە زانکۆی تاران لە ساڵی 2000 تەواو کرد و دوکتورای بیرکاریم لە زانکۆی نۆتینگهام لە بەریتانیا لە ساڵی 2004 تەواو کرد. لە ساڵی 2006 ەوە لە زانکۆی کەمبریجم و بە قۆناغەکانی ئەکادیمیدا سەرکەوتم تا بووم بە پڕۆفیسۆری تەواو.
وەک زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ، خەریک وانە وتنەوە و توێژینەوەم. لە بەشی هیندسە جەبری کار ئەکەم کە تێکەڵەیەکە لە هیندسە و جەبر. ئەمە بەشێکی سەرەکی بیرکارییە کە پێوەندی هەیە بە زۆربەی بەشەکانی تری بیرکارییەوە و هەر وەها بە فیزیکیشەوە. گرنگترین کارەکانم لە سەر بابەتەکانی هیندسەی بایەڕاشناڵە و کۆی کارەکانم حەلی زۆرێ مەسەلەی بیرکاری کۆن و تازە لە خۆ ئەگرێ. وەکوو یەکێ لە پێشڕەوانی هیندسەی بایەڕاشناڵ ناو ئەبرێم لە دنیادا.
2-“كۆچه‌ر بیركار گه‌وره‌ترین بیركارە له مێژووی کورددا”، ئه‌وه وته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له نزیكه‌وه ده‌تناسن. له‌وباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێیت؟
كۆچه‌ر بیركار: نازانم کێ گەورەترین بیرکارە لە مێژووی کورددا بەڵام باش ئەزانم کە پسپۆڕی بیرکاری و بە گشتی زانستە سرووشتییەکان زۆر کەمن لە ناو کوردان‌دا و زیاترمان پێویستە.
3-كۆچه‌ر بیركار له زانكۆی كەمبریج مامۆستایه، ئه‌وه‌ش ڕه‌هه‌ندێكی جیهانی پێ به‌خشیویت كه جیاتان ده‌كاته‌وه له بیركارەکانی تر. به‌ڵام بۆچی ژماره‌ی زانا كورده‌كان له زانكۆكانی دونیا له په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕێت؟
كۆچه‌ر بیركار: ئەمە هۆی سیاسی و فەرهەنگی هەیە. لە لایەکەوە دەوڵەتی سەربەخۆمان نییە و وڵاتەکەمان داگیر کراوە و پەراوێز خراوە. حکومەتی هەرێمیش لە باشووری کوردستان نەیتوانیوە بەرنامەیەکی وا داڕێژێ کە زانا پێبگەیەنێ. لە لایەکی ترەوە زانست و خوێندن ئەو بایەخەی نییە، نە لە لای کۆمەڵگەی کوردی و نە لە لای دەسەڵاتی کوردی. سەدان هەزار کورد هەیە لە ئەورووپا، هیچ نەبێ با دووسەد مامۆستای زانکۆیان تیا هەڵکەوتایە.
4-خه‌ڵاتی (Leverhulme) له بیركاری و ستاتیستیكدا بۆ ساڵی 2010 و خه‌ڵاتی (Moore) له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی بیركاری ئه‌مه‌ریكا (AMS) له 2016 پێت به‌خشراون. هۆكاری وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاتانه چی بوون؟ هیچ كوردێكی تر خه‌ڵاتی له‌و شێوه‌یه‌ی وه‌رگرتووه؟
كۆچه‌ر بیركار: خەڵاتی (Leverhulme) کە تایبەتە بە زاناکانی بەریتانیا لە بەر لێکۆڵینەوەکانم لە بواری هیندسە جەبریدا پێم بەخشرا. هەر وەها خەڵاتی بنکەی بیرکاری پاریس کە جیهانییە لە ساڵی 2010 پێم بەخشرا. خەڵاتی (Moore) کە جیهانییە لە بەر نووسینی نامیلکەیەک لەگەڵ چەند بیرکاری تردا پێم بەخشرا. ئەو نامیلکەیە بە باشترین نامیلکەی هیندسە جەبری دائەنرێت لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا. ئاگادار نیم ئەگەر کوردانی تر خەڵاتی ئەکادیمی لەو شێوەیان وەرگرتبێ.
5-كۆچه‌ر بیركار نایه‌وێت له میدیاكانه‌وه ده‌ربكه‌وێت یان میدیا كوردییه‌كان گرنگی به زانست و زاناكان ناده‌ن؟ به‌تایبه‌ت له دوای وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته جیهانییانه.
كۆچه‌ر بیركار: بێگومان میدیای کوردی گرنگییەکی وەها نادات بە زانست و زانایان. کاتێ فیلمێکی کوردی خەڵاتێکی جیهانی وەرئەگرێت هەموو میدیاکان باسی ئەکەن، بەڵام کاتێ بیرکارێکی کورد خەڵاتێکی جیهانی وەرئەگرێت زۆر کەم باس ئەکرێت. هۆکارێکی تری دەرنەکەوتنم ئەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی بیرکاری. بە ڕاستی ئاسان نییە باسی بیرکاری بکەیت بۆ خەڵک. پزیشکێک یا ئەندازیارێک زۆر ئاسانتر ئەتوانێ کارەکانی پیشان خەڵک بدا. هۆیەکی تریش تێکەڵاو بوونی میدیا و حیزبایەتییە.
6- له شوێنێك باسی ئه‌وه‌ت كردووه كه (هه‌ر كه‌س دوو گۆرانی بڵێت ناوبانگ په‌یدا ئه‌كات) ئه‌وه گله‌یی كردنه؟ ئایا كۆمه‌ڵگه یان ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان هۆكاری ئه‌وه‌ن؟
كۆچه‌ر بیركار: ئەوە گلەییە. میدیای کوردی کاتێکی زۆر تەرخان ئەکات بۆ گۆرانی بەڵام زانست و پەروەردە پشت گوێ ئەخات. کاتێ باسی خوێندن ئەکەن بۆی سیاسەت و حیزبایەتی لێ دێت. ئەبێ زۆر زیاتر باسی زانکۆ، قوتابخانە، لێکۆڵینەوەکان، ماندوو بوون و سەرکەوتنەکانی مامۆستا و خوێندکارەکان بکەن. هەم کۆمەڵگە و هەم ده‌سه‌ڵاتداران هۆکارن بۆ ئەو بارودۆخە.
7- شوێن و سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیت؟ گه‌ر له كوردستان بمایتایته‌وه كۆچه‌ر بیركار دروست ده‌بوو؟
كۆچه‌ر بیركار: سەرەتای خوێندنم پڕ بوو لە شەڕ و ئاوارەیی. وڵاتەکەمان دوا خرابوو و سیستەمی پەروەردە کز و لاواز بوو. سەرەڕای ئەوانە سیستەمی پەروەردەی ئێران بایەخی زیاتر ئەدات بە بیرکاری و زانست لە چاو وڵاتانی دەوروبەری و ئەوەش کاری کردووەتە سەر من. حەز و شەیدا بوونم بۆ بیرکاری هەر لە مەریوان درووست بوو. ئەو کەسەی زیاتر لە هەمووان هانی دام بۆ زانست برای گەورەم (حەیدەر) بوو. ئەو بوو کە مۆمی ئەو حەزەی داگیرساند.
بۆ سەرکەوتن لە زانست تەنیا حەز بەس نییە. ئەبێ لە زانکۆ بخوێنی تا دوکتورا، ئاشنا بی بە زانستی سەردەم و فێری لێکۆڵینەوە بی. ئەمە نە لە کوردستان و نە لە ئێرانیش دەستی ئەدا بۆم. ئەگەر لە ڕۆژاوا نەمخوێندایە و دنیا نەگەڕامایە سەرکەوتنم زۆر کەمتر دەبوو. بۆ توێژینەوە پێویستە بگەڕێی و بەشداری بکەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە زانستییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات‌دا.
8-گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بگاته ئاستی به‌ڕێزتان ده‌بێت به‌هره‌ی هه‌بێت یان كۆششی زۆربكات؟
كۆچه‌ر بیركار: ئەبێ حەزێکی ببێ جا ئیتر حەز لە بیرکاری بێ یا ئەندازیاری بێ یا ئەدەب یا هەرچی. کێ ئەو حەزە درووست بکا؟ سیستەمی پەروەردە، خانەوادە، میدیا. دوای درووست بوونی حەزەکە ئەبێ ئەو کەسە تێکۆشەر بێ، کۆڵنەدەر بێ، بەتاقەت بێ و گەشبین بێ. بەڵام نابێ خۆی بپڕووکێنی و زۆر کات لە خۆی. سەرکەوتن کاتی ئەوێ و پرۆسەیەکی درێژخایەنە.
9- زاناكان له كاتی داهێنانی كارێك یان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌ك، ساتێكی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئافراندنانه‌ی تیا بخولقێنن، ئایا ساتێكی له‌و جۆره‌تان هه‌بووه؟
كۆچه‌ر بیركار: کاتێ ئەمەوێ مەسەلەیەکی گرنگی بیرکاری حەل بکەم، لە ئەوەڵەوە ئەو ساتانەم بۆ نایەت، بەڵام دوای دوو سێ حەفتە بیرکردنەوە و زۆرانبازی لەگەڵ مەسەلەکە ئەو ساتانەم بۆ دێ. لە پڕ هەست ئەکەم بیری تازەی جۆراوجۆر دێتە مێشکم. ڕێگە کردنی لە سەرخۆ یارمەتی ئەدا بۆ هاتنی ئەو بیرانە.
10- له زانكۆكانی دونیادا سوود له تواناكانی به‌ڕێزتان وه‌رئه‌گیرێت، به‌ڵام ئایا له سه‌ر ئاستی كوردستان له‌سه‌ر هیچ بابه‌تێك پرس و ڕاوێژتان پێكراوه؟
كۆچه‌ر بیركار: ساڵی 2010 سەردانی زانکۆی سەلاحەدینم کرد لە هەولێر و چەند سمینارێکم پێشکەش کرد. ئەو سەردانە ڕێکخراوی (CIMPA) سازی کرد و خەرجەکەی دا. هەر لە سەر داواکاری ئەم ڕێکخراوە جارێک وانەکانی بیرکاری ئەو زانکۆیەمان تاووتوێ کرد. جگە لەوە نایەتە بیرم هیچ ڕێکخراوەیەکی کوردی داوای هاوکاری لێکردبم. بەڵام خوێندکارانی کورد زۆر جار داوای ئامۆژگارییان لێکردووم.
11- ده‌وترێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی قه‌یراناوی كوردستان كه مه‌ترسی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كرێت له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام بوونیدا، ده‌بێت گرنگی به كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا بدرێت، ئایا ئه‌وانه ده‌بنه فریادڕه‌س، چۆن؟
كۆچه‌ر بیركار: خوێندن چارەسەری کێشەکانی کوردستان ناکات لە ماوەیەکی کورت‌دا. خوێندن پرۆژەیەکی درێژخایەنە. خوێندن دارێکە کە مێوەکەی بە دوو سێ ساڵ پێناگات. ئەگەر ئەتەوێ کوردستانێکی پێشکەوتووت ببێ بیست سی ساڵی داهاتوو، ئەبێ لە ئێستەدا ژێرخانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە باشی بنیات بنرێت. ئەبێ سیستەمی پەروەردە توانا و بەهرەکانی منداڵان بدۆزێتەوە، حەزیان تێدا درووست بکات، فێری زانست و ئەخلاقیان بکات. ئەبێ زانکۆکان خوێندکاران پێبگەیەنن، زانا و داهێنەر درووست بکەن و چارەسەری کێشەی ئابووری، تەندرووستی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بکەن. نابێ چاوەڕوانی پارەی نەوت بین. ئەمە سەردەمی خوێندن و تەکنۆلۆژییە.
12-پاش هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان و خراپ بوونی دۆخه‌كه، به‌شێك له گه‌نجان له نائومێدیدا كوردستانیان به جێ هێشت، ئه‌وانه‌ش كه ماونه‌ته‌وه باوه‌ڕیان به خوێندن نه‌ماوه، به تایبه‌ت به هۆی نه‌بوونی هه‌لی كار پاش ته‌واو كردنی خوێندنیان. پێویسته چی بكرێت تا وزه‌ی گه‌نجان به فیڕۆ نه‌چێت؟
كۆچه‌ر بیركار: هەلی کار لە ناو دەزگاکانی حکومەت و لە ناو بازاڕدا ئەڕەخسێت. ئەگەر حکومەت ژێرخانی ئابوورییەکی پتەو بنیات بنێ ئەوا هەلی کار زۆرتر ئەبێ. بۆ وێنە ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ پەرە پێبدرێ ئەوا هەم زۆر کەس دائەمەزرێن و هەم وڵات سەربەخۆتر ئەبێ. دوای ئەوە لە دەزگا حکومییەکان ئەبێ کەسی شیاو دامەزرێ نە کەسی سەر بەم حیزب و ئەو حیزب. لە لایەکی ترەوە ئەبێ خوێندکاران ئامادەی هەموو جۆرە کار و پیشەیە بن نە تەنیا بە شوێن کاری دانیشتن لە پشت کورسیدا بگەڕێن. ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە شەڕی داعش هەتاهەتایە نامێنێ.
13-دوای سەردانەکەتان لە هه‌رێمی كوردستان لە ساڵی 2010، سه‌رنج و تێبینتان چییه له سه‌ر زانكۆكانی كوردستان؟ ده‌وترێت بێ ئومێد بوون؟
كۆچه‌ر بیركار: لەو سەردانەدا تەنیا زانکۆی سەلاحەدینم بینی. لە باری مادییەوە وا دیار بوو کە وەزعی زانکۆکە باش بوو. خوێندکارەکان و مامۆستاکان پێشوازی باشیان کرد لە سمینارەکانم. لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی کوردستان هێشتا زۆر کەمە و کاری زۆری ئەوێ تا ئاستیان بەرز بێتەوە. پێم وابێ زانکۆکان پێداویستییەکانی پێگەیاندنی خوێندکاری دوکتورایان نییە و باشترە هەوڵ بدەن گەشە بە دەورەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر بدەن.
14-به‌ستنه‌وه‌ی كۆلێژ و توێژینه‌وه‌كانیان، به بازاڕەوه ئه‌ركی زانكۆیه یان چ شوێنێكی تر؟
كۆچه‌ر بیركار: ئەرکی زانکۆیە، ئەرکی بازاڕە و ئەرکی حکومەتە. سەرچاوەی زۆربەی داهێنانەکان لە دنیادا زانکۆیە. کۆمپانیاکان توێژینەوەکانی زانکۆکان بەکار ئەهێنن بۆ چارەسەری کێشەکانیان و بۆ درووست کردنی ئامرازی تازە. زانکۆکان ئەتوانن خۆیان کۆمپانیا دامەزرێنن و داهاتەکانی بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ، بۆ وێنە کۆمپانیای دەرمانسازی. ئەگەر حکومەت ئابووری بەهێز بکات ئەوە پێوەندییەکانی زانکۆ و بازاڕ زیاتر دەبن. کەسانی ناو بازاڕیش ئەتوانن داوای چارەسەری بکەن لە زانکۆ بۆ کێشە تەکنیکییەکانیان.
13-هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆگرامی زانست و بیركاری قوتابخانه‌كان بكرێن به ئینگلیزی، ئایا زمانی كوردی له ئاست و توانای زاراوه زانستی و سه‌رده‌میه‌كاندا نییه، یان به‌كه‌م ته‌ماشاكردنی زمانه‌كه‌یه؟
كۆچه‌ر بیركار: خوێندنی بەر لە زانکۆ ئەبێ بە کوردی بێ بەڵام لەگەڵیدا ئینگلیزیش بخوێنرێت. ئەمە گرنگە بۆ پاراستنی زمانەکەمان. لە زانکۆ ئەکرێ خوێندنی زانستە سرووشتییەکان تەنیا بە ئینگلیزی بێ و کاتێکی زۆر بە فیڕۆ نەچێ بۆ وەرگێڕانی دەقەکان بۆ کوردی.
15-باس له‌وه ده‌كرێت كه پڕۆگرامی قوتابخانه‌كانی كوردستان هۆكاری كوشتنی حه‌زی خوێندكاره، بیركاریش وه‌ك یه‌كێك له‌و وانانه، له‌و باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟ بوونی مه‌عریفه و بابه‌تی خۆماڵی چ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌بێت، شێوازی وانه‌وتنه‌وه چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه؟ وه‌رگێڕانی پڕۆگرامی وڵاتێكی تر گونجاوه؟
كۆچه‌ر بیركار: من هیچ نازانم لە بارەی پڕۆگرامی قوتابخانه‌كانی كوردستانەوە. بە گشتی پڕۆگرامی خوێندن و شێوەی وانەوتنەوە زۆر گرنگن. دەستکاری پڕۆگرام ئەبێ وردەوردە بێ و چەند ساڵ بخایەنێ نەک یەکڕا ژێروژوور بکرێ. وەرگێرانی پڕۆگرامی وڵاتانی تر باش نییە بەڵام ئەکرێ لە ئەزموونی وڵاتانی تر کەڵک وەرگیرێ.
16- نووسینی كتێب و وه‌رگێران له كوردستان به به‌راورد به ڕابردوو، ژماره‌یان زیادی كردووه. به‌ڵام كه‌مترینیان له بواری زانستدایه، هه‌ر بۆ نمونه هیچ كتێبێكی بیركاری تیا نییه. له‌وباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
كۆچه‌ر بیركار: وانەکانی قوتابخانە بەس نین بۆ تێرکردنی تینوێتی خوێندکارە تامەزرۆکان. بوونی سەرچاوەی تر زۆر پێویستە. خۆم کاتێ لە قوتابخانە ئەمخوێند دەیان کتێبی بیرکاریم خوێندەوە کە کاریگەرییان زۆر بوو لە سەر بەرەوپێش چوونم. کتێبخانەی فارسی زۆر دەوڵەمەندە لەو بارەوە. هیچ نەبێ ئەبێ وەزارەتی پەروەردە هەوڵ بدا بۆ وەرگێڕانی کتێب لە هەموو بوارەکانی زانست‌دا. ئەمە ئاسانە و خەرجێکی وەهایشی تێناچێت.
17-به‌ڕێزت دانه‌ری ماڵپه‌ڕی كۆڕی زانیاری و داهێنان بوویت، ئامانجت چی بوو له‌و كاره؟ بۆ داخرا؟
كۆچه‌ر بیركار: ئامانجی سەرەکیم هاندانی خوێندکاران و مامۆستایانی کوردی زانکۆ بوو بۆ نووسین لە سەر ئەو بابەتانەی حەزیان لێ بوو. هیوام ئەوە بوو کە ئەو نووسینە ئەیان بات بەرەو داهێنان و خوڵقاندن. واتە تەنیا زانین بەس نییە بەڵکوو ئەبێ داهێنانیش بکەین. ئەندامانی کۆڕەکە کە ژمارەیان لە سەد زیاتر بوو نامیلکەکانیان لە سەر ماڵپەڕی کۆڕ بڵاو ئەکرایەوە. دوای چوار ساڵ کۆڕەکە داخرا لە بەر خاو بوونەوە و بێچالاکی.
18- ده‌كرێت له كۆتاییدا پێمان بڵێیت كه ئاخۆ به چ كه‌سایه‌تیه‌كی كورد سه‌رسام بوویت ( له ژیاندا مابێت یاخود نه‌مابێت)؟
كۆچه‌ر بیركار: شاکر فەتاح. ئەو بە درێژایی ژیانی خەریک بەرەوپێش بردنی خۆی و کۆمەڵگەکەی بوو. هیچ پێی عەیب نەبوو باسی لاوازییەکانی خۆی بکات. لە ژیاننامەکەیدا، بە ناوی (ئاوێنەی ژینم)، ئەو باسی خۆی ناکات وەک پاڵەوانێک بەڵکوو باسی کەسێکمان بۆ ئەکات کە وەکوو هەر مرۆڤێکی تر بڕێ توانا و بڕێ کەموکووڕی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینە و هەوڵ ئەدا کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەو کاتێ وێنەی ئەگرت و گەشتنامەی ئەنووسی کە خۆی زۆر گەنج بوو و کەم کەس لە کوردستاندا ئەیزانی کامێرا چییە.

نووسراوه له‌لایه‌ن
birkary

Post Comment
ليست هناك تعليقات: