Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندكارانی 12 ی ئامادەیی

taqikrdnawakannوەزیری پەروەردە رایدەگەیێنێت، هەر خوێندكارێك ئەگەر ئەمساڵ كۆنمرەی بەدڵ نەبوو، دەتوانێت ساڵی داهاتوو بەشداری تاقیكردنەوەكان بكات، تەنانەت ئەگەر ئەمساڵیش سەرجەم تاقیكردنەوەكانی وەڵامدابنەوە و دەرچووبێت.
رۆژی سێشەممە 23ی ئابی 2016، خولی دووەمی تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی و پیشەییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێكرد و، ماوەی 7 رۆژ دەخایێنێت.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، سەردانی هۆڵەكانی تاقیکردنەوەی كرد و دواتر كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی سازكرد. ناوبراو رایگەیاند “له‌ڕووی‌ ئه‌منییه‌وه‌ جیهازی‌ پێشكه‌وتوومان هێناوه‌ بۆ پچڕاندنی‌ شه‌به‌كه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانی‌ ئینته‌رنێت له‌ كاژێر شه‌شی‌ به‌یانی‌ بۆ كاژێر نۆ هێڵه‌كانی‌ تۆڕی‌ ئینته‌رنێت ده‌بڕن”.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان  سوپاسی مامۆستایانی كرد و گوتی “ساڵێکی ناخۆشمان تێپەڕاند لەڕووی سیاسی و  داراییەوە، بەڵام بە پشتیوانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەسەلامەتی ساڵی خوێندمان تێپەڕاند و لێرەوە دەمەوێت سوپاسی مامۆستایان بکەم و خۆم بە قەرزاریان دەزانم، ئەوان شان بە شانی پێشمەرگە پشتیوانیان لە گەلەکەیان کرد لەبواری پەروەردە”.
پشتیوان سادق هەروەها گوتیشی” دەمەوێت هەمووان دڵنیا بکەمەوە کە دانانی نمرەکان لە دەستێکی زۆر ئەمین دایە و لەسەدا 99 هیچ کێشەیەک نییە، هەرکەسە و مافی خوێندنی خۆی وەردەگرێت و رێگە بەهیچ سەرپێچییەک نەدراوە، بۆیە داوا لە قوتابیان دەكەم بایەخ بۆ هیچ دەنگۆیەك دانەنێن، ئەوانەشی یەکەم بوون هەموویان منداڵە هەژار بوون”.

لەبارەی چاپکردنی پەرتووک وەزیری پەروەردە گوتی” وەزارەتی پەروەردە ساڵانە زیاتر لە 17 ملیۆن پەرتووک چاپدەکات و زیاتر لە هەزار و 100 ناونیشان لەخۆدەگرێت، بۆ ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو پەرتووک چاپدەکەین و بەسەر خوێندکاران و قوتابیاندا دابەشیان دەکەین”.
پشتیوان سادق باسی بڕیارێكی وەزارەتی كرد لەبارەی ئەزموونە گشتییەكان و رایگەیاند “هەر خوێندكارێك ئەگەر ئەمساڵ كۆنمرەی بەدڵ نەبوو، دەتوانێت ساڵێكی دیكە بەشداری تاقیكردەوەكان بكات، تەنانەت ئەگەر وەڵامی هەموو تاقیكردنەوەكانیشی دابێتەوە و دەرچووبێت”. باسی لەوەش كرد لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرقاڵی سازكردنی كۆنفرانسێكن بۆئەوەی ساڵی داهاتوو خوێندكاران تەنیا تاقیكردنەوە گشتییەكانیان بۆ هەژمار نەكرێت.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندكارانی 12 ی ئامادەیی Reviewed by Unknown on 9:45:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات: