Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

قوتابیان له‌باره‌ی دزه‌ پێكردن و ئاشكرا بوونی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان چی ده‌ڵێن؟


وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌سگیركردنی چه‌ندین به‌رێوه‌به‌ری هۆڵ و قوتابی و مامۆستا  ڕاده‌گه‌یه‌نێت .
قوتابییه‌ك :  ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌توانێ‌ پرسیار بكرێت و ئاینده‌ی خۆی دابین ده‌كات ئه‌ی منداڵی فه‌قیر كه‌ ناتوانێت پرسیار بكڕێت چی بكات ؟
 وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ : شه‌ش مانگه‌ كار له‌سه‌ر پرسی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌ین و 50 ڕێنماییمان ده‌ركردووه‌ . 
 
رۆژنامەی خه‌بات / ڕۆشنا عه‌لی 
دوای ده‌سپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی و نۆی بنه‌ڕه‌تی چه‌ندین ده‌نگۆ له‌سه‌ر دزه‌ پێكردنی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو بۆوه‌ به‌جۆرێك ئه‌و پرسیارانه‌ كڕین و فرۆشتنی به‌ نرخی جیاواز پێوه‌ كراوه‌ به‌نمونه‌ 8000دۆلار 3000دۆلارو هتد ، دواتریش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ده‌سگیركردنی چه‌ندین كه‌سی له‌به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ و قوتابی و مامۆستا ڕاگه‌یاند لاپه‌ڕه‌ی په‌روه‌رده‌ بۆچونی قوتابیانی له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ چه‌ندین هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ وه‌رگرت  : 
دوباره‌كردنه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان .
قوتابییه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و بڕوا به‌و ده‌نگۆیانه‌ ده‌كات و وتیشی به‌به‌ر چاوی خۆمه‌وه‌ بینیومه‌ پێیان وتم به‌ گرنتی 90 نمره‌ به‌ 3000 دۆلار پرسیاره‌كان بۆ ده‌هێنین و كوردیش به‌ 600 دۆلار فرۆشراوه‌به‌ڵام من نه‌مكریوه‌ له‌به‌ر باری داراییم . 
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند وه‌ك قوتابییه‌ك هه‌ست ده‌كه‌ی غه‌در لێكراوه‌ ئه‌و قوتابییه‌ وتی : زۆر هه‌ست ده‌كه‌م غه‌درم لێكراوه‌ چونكه‌ ئێمه‌ دووه‌م ساڵمانه‌ داواكارم له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌و سێ‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ دوباره‌ بكاته‌وه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌رپرسیاری یه‌كه‌من كه‌ ناتوانن ڕێو شوینێك بۆ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ دابنێن ، من هێشتا نه‌چوبو مه‌ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ پرسیاره‌كانی كوردی به‌ حه‌ل كراوی بڵاو ببوه‌وه‌ به‌چاوی خۆمان بینیمان . 
قوتابییه‌كی تر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌توانێ‌ پرسیار بكرێت و ئاینده‌ی خۆی دابین ده‌كات ئه‌ی منداڵی فه‌قیر كه‌ ناتوانێت پرسیار بكڕێت چی بكات ؟ 
قوتابییه‌كی كور دوای هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ پرسیارم لێكرد له‌ تاقیكردنه‌وه‌ چون بووی ؟ وتی زۆر خراپ وتم ئه‌ی پرسیار نه‌كڕیبوو وتی پێیان وتم به‌ پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م بۆت ئه‌هێنین به‌ڵام نه‌مویست وتم بۆ؟   وتی ئه‌ی چی له‌و خوا گه‌وره‌یه‌ ئه‌كه‌ی .
قوتابییه‌كی تر وتی : دڵنیام قوتابی هه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ پاڵی یاوه‌ته‌وه‌و 100 نمره‌ ئه‌هێنێ‌ منیش ئه‌و هه‌مووه‌ خۆم ماندوو ده‌كه‌م شوێنێكی به‌رز وه‌رم بگرێ‌ ئه‌ویش دێت له‌ پاڵ منا دائه‌نیشێ‌ بێ‌ هیچ هه‌وڵ و ماندوو بونێك . 
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند كاریگه‌ری لێكردووی ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌و قوتابییه‌ وتی :  زۆر ناخۆشه‌ هه‌ست ئه‌كه‌ی هه‌وڵه‌كان بێسووده‌ و متمانه‌ت به‌ هیلاكییه‌كه‌ی خۆت نامێنێت داواكارم ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ خۆفرۆشانه‌ واز له‌و كارانه‌ بهێنن من تا دوو سێی شه‌و بخوێنم و یه‌كێكی تر بچێت به‌ زه‌بری پاره‌ نمره‌ی به‌رزتر له‌من بهێنێت . 
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ باس له‌ ده‌سگیركردنی به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ ده‌كرێت تاچه‌ند ئه‌م ڕێو شوێنانه‌ كێشه‌ی ئێوه‌ وه‌كو قوتابی چاره‌سه‌ر ئه‌كات ؟  ئه‌و قوتابییه‌ وتی : ئه‌و كارانه‌ وه‌زاره‌ت بۆ خۆی ئه‌یكات ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك قوتابی ئه‌وه‌یه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان دوباره‌ بكرێنه‌وه‌ . 
قوتابییه‌ك له‌ قوتابخانه‌یه‌كی تر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پێیان وتووه‌ به‌ 700 دۆلار پرسیاره‌كان بۆ ئه‌هێنین به‌ڵام من وه‌ك خۆم نه‌مكریوه‌ و ناشیكرم چونكه‌ یه‌كه‌م غه‌شه‌و دووه‌میش پاره‌م نییه‌ به‌ڵام زۆر ناخۆشه‌ كه‌ هه‌قی ئێمه‌ له‌و به‌ینه‌یا ئه‌خورێت بۆیه‌ منیش داواكارم ئیمتیحانه‌كان دوباره‌ بكرێته‌وه‌ .
قوتابییه‌كان نائومێدی له‌ چاویان ئه‌باری زۆریشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون تاقیكردنه‌وه‌كان دوباره‌ بكرێته‌وه‌ ئێمه‌ش ئه‌مه‌ بۆ لایه‌نی به‌رپرس جێده‌هێڵین . 
ڕێو شوێنی پێویست .
هه‌رچه‌نده‌ پێش ده‌سپێكی تاقیكردنه‌وه‌كان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كۆمه‌ڵێك بریاری بۆ گرتنه‌ به‌ری ڕێو شوێنی پێویست بۆ دزه‌ پێنه‌كردن وبێ‌ خه‌وش به‌ڕێوه‌ چوونی تاقیكردنه‌وه‌كان گرته‌ به‌ر به‌ڵام دیار بوو ئه‌م هه‌وڵانه‌ وه‌ك پێویست نه‌بوو دواجار ڕاگه‌یه‌نراوێكی دوای بڵاو بونه‌وه‌ی ده‌نگۆكان بڵاو كرده‌وه‌،  كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ لاپه‌ره‌ی په‌روه‌رده‌ نێردراوه‌ و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ ئێستا و ئاینده‌ی گه‌ل و هه‌موو تاكێكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی، كوردستانیان به‌ هیواوه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی هه‌وڵ و ماندووبوونی نه‌وه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ ده‌ڕوانن كه‌ به‌ دۆخێكی ده‌روونی دژواردا تێده‌په‌ڕن. بێگوومان له‌ هه‌موو وڵاتێكی دونیا، پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان به‌ده‌ر نین له‌ لایه‌ن و كه‌سانی به‌رژه‌وه‌ندیخواز بۆ ئه‌نجامدانی كاری نایاسایی و تێكده‌رانه‌. به‌ داخه‌وه‌ له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی هه‌رێمدا، چه‌ندین كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ناڕه‌وا و دوور له‌ هه‌ر به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ئه‌خلاقی و نیشتمانی و ئایینی و یاسایی كه‌وتنه‌ ده‌نگۆبڵاوكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌ و كاریگه‌رییه‌كی خراپ و نه‌رێنییان له‌ سه‌ر ده‌روونی قووتابی و خوێندكار و كه‌سوكاره‌كانیان دروست كرد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌بوو له‌ گرنگی بابه‌ته‌كه‌ تێگه‌یشتبوونایه‌ و دروست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌كه‌دا كردبا 
له‌به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ ئه‌وان وه‌ك وه‌زاره‌ت چه‌ند مانگێكه‌ كار بۆ به‌رێوه‌چونی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی بێ‌ خه‌وش ئه‌كه‌ن هاتووه‌ :  
ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ شه‌ش مانگه‌ هه‌ر له‌ لیژنه‌ی باڵای تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ لیژنه‌ی پارێزگاكان كار له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ده‌كه‌ین و زیاتر له‌ په‌نجا ڕێنماییمان ده‌ركردووه‌ و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌ هونه‌ری و ته‌كنیكی و لۆجیستییه‌كانی هۆڵه‌كانمان دابین كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پارێزگاره‌ به‌ڕێزه‌كانی پارێزگاكان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كاره‌با و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و كۆمپانیاكانی ئه‌نته‌رنێت ئه‌نجام داوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ مێژووی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌م وێنه‌یه‌  
 له‌به‌شێكی دیكه‌دا سوپاسی ده‌زگائه‌منی دادوه‌رییه‌كان ده‌كات كه‌ سه‌رپێچیكاران به‌ سزای یاسایی خۆیان ده‌گه‌یه‌نێت و هاتووه‌ : به‌ سوپاسه‌وه‌ ده‌زگاكانی دادوه‌ری و ئه‌منی له‌ به‌دواداچوونی هه‌ر پڕوپاگنده‌ و زانیارییه‌ك هاوكارن و ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌نگۆ و به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌سه‌لمێندرێت، ڕێكار و سزای یاسایی ده‌گیردرێته‌ به‌ر و سه‌رپێچیكاران و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و دروستكردنی پڕوپاگنده‌ هه‌بێت، ده‌درێنه‌ داگا. له‌م چوارچێوه‌یه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ هاوكاری ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌كانی درێژه‌ پێ ده‌دات و دواجار چاوه‌ڕوانی یاسا ده‌بین كه‌ بڕیاری خۆی بدات .
دواجار وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌سگیركردنی چه‌ند كه‌سێك ڕاده‌گه‌یه‌نێت له‌وانه‌ :
1- گیرانی دوو به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ و یاریده‌ده‌ره‌كانیان له‌ سنووری گه‌رمیان (كفری)
2- گیرانی به‌ڕێوه‌به‌رێك و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی و (٩) كه‌سی تر له‌ سنووری ڕانیه‌ و ئێستاش له‌ ئاسایشی ڕانیه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن .
  3- گیرانی به‌ڕێوه‌به‌رێكی هۆڵ و دوو چاودێر له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی سه‌عات (30  : 9 ) به‌ مۆبایل وێنه‌ی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانیان گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیاننێرنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌ پێی ڕێنمایی نابێت مۆبایل بچێته‌ هۆڵه‌كانه‌وه‌. 
  4- گیرانی (١٥) كه‌س له‌وانه‌ی پڕوپاگنده‌یان كردووه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتن و فرۆشتنی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان و بازرگانیكردن به‌م ناوه‌وه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر . 
  5- لادانی (١٦) به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ له‌ ئه‌ركه‌كانیان و دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی له‌ پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و لادانی (٥) به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ و یاریده‌ده‌ره‌كانیان له‌ هه‌ولێر .
  6- ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك كه‌ره‌سته‌ و ئامرازی وه‌ك بلوتوس و مۆبایل و ئامێری دیكه‌ی گزیكردن كه‌ به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ (٢٥) قوتابی و خوێندكار ده‌رده‌كرێن و له‌ سه‌رجه‌م تاقیكردنه‌وه‌كانیش بێبه‌ش ده‌كرێن و به‌دواداچوونی یاسایی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كرێت كه‌ بازرگانییان به‌م ئامێرانه‌وه‌ كردووه‌ و سزای توند ده‌درێن .
  7- چه‌ند په‌یجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، زۆر نابه‌رپرسانه‌ پڕوپاگنده‌ی فرۆشتن و ئاشكرابوونی پرسیاره‌كانیان بڵاو كرده‌وه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار كردوون و دڵنیاین چ ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێمن و چ ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن، له‌ ڕێگه‌ی یاساوه‌ به‌دواداچوونی ته‌واویان بۆ ده‌كرێت و به‌ تێوه‌گلانیان سزای قورس ده‌درێن و هه‌ر كه‌سێكیش له‌مه‌ولا و به‌ هه‌ر مه‌به‌ستێك بچێته‌ ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌ت به‌ پێی یاسا داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات.
  كه‌ناڵی (NRT) 8- له‌ به‌ به‌رنامه‌ی (ڕای تۆ) له‌ ڕێكه‌وتی (٥/٦/٢٠١٦)ی زایینی زۆر نابه‌رپرسانه‌ ده‌رگای به‌ ڕووی كۆمه‌ڵێك كه‌سی خوار ته‌مه‌ن (١٨) ساڵ كرده‌وه‌ بۆ فڕێدانی هه‌موو جۆره‌ تۆمه‌تێك و دروستكردنی حاڵه‌تێكی نه‌خوازراوی ده‌روونی و نه‌رێنی له‌سه‌ر قوتابی و خوێندكاران و كه‌سوكاره‌كانیان، له‌ لایه‌ن داواكاری گشتی سلێمانییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و هه‌ر كه‌سێكیش له‌ به‌رنامه‌كه‌دا قسه‌ی كردبێت و نه‌توانێت قسه‌كانی خۆی به‌ به‌ڵگه‌ بسه‌لمێنێت، ڕێكاری یاسایی له‌به‌ر ده‌گیردرێته‌ به‌ر، چونكه‌ دیارده‌ی دزی پێویستی به‌ به‌دواداچوونی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری دیكه‌ جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌
 له‌ كۆتاییدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ قوتابیان له‌وه‌ دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌و پڕو پاگه‌ندانه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌كه‌ن و تیایدا هاتووه‌ :
له‌ كۆتاییدا قوتابیان و خوێندكارانی خۆشه‌ویست دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌، هه‌وڵی فه‌راهه‌مكردنی فه‌زایه‌كی گونجاو و له‌بار بۆ ئه‌نجامدان و به‌ڕێوه‌چوونی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت و داوایان لێ ده‌كات كه‌ مێشكی خۆیان به‌ هیچ پڕوپاگه‌نده‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌كه‌ن، چونكه‌ بوونی چه‌ند حاڵه‌تێكی نایاسایی له‌ یه‌ك دوو هۆڵێك ناكاته‌ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ عه‌یبدار و نادادپه‌روه‌رانه‌ بێت. ئێمه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی هه‌ر زانیاری و بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی پڕۆسه‌كه‌ و نه‌هێشتنی شڵه‌ژانی ده‌روونی قوتابیان و خوێندكاران، باز به‌سه‌ر هیچ كه‌سێكدا ناده‌ین و سوپاسی هه‌موو كه‌سێكی دڵسۆزیش ده‌كه‌ین كه‌ به‌ به‌ڵگه‌ و زانیاری دروسته‌وه‌ هاوكارمان بێت له‌ سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه‌ و گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامی كۆتایی .
قوتابیان له‌باره‌ی دزه‌ پێكردن و ئاشكرا بوونی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان چی ده‌ڵێن؟ Reviewed by k on 1:51:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: