ئایا جه‌دوه‌لی زه‌ڕب بیركاریه؟[نوێكراوه‌ته‌وه]
ڕۆژێكیان مامۆستایه‌كی بیركاری له ناو پۆلدا پرسیاری ئه‌وه له دوو قوتابی ده‌كات كه ئاخۆ 8 كه‌ره‌تی یاخود جارانی 7 ده‌كاته چه‌ند, یه‌كێكیان ده‌لێت ده‌كاته 57 ئه‌وه‌ی تریشیان ده‌لێت نه‌خێر ده‌كاته 55. مامۆستاكه‌ی بیركاریش به‌متمانه‌یه‌كی زۆره‌وه ده‌لێت نابێت له بیركاری دوو وه‌ڵامی جیاوازمان هه‌بێت، بۆ هه‌مان پرسیار كه‌واته ده‌بێت یه‌كێكتان هه‌ڵه بن!
حیكمه‌تی ئه‌م نوكته‌یه سه‌ره‌وه له‌وه‌دایه كه پێمانده‌لێت كه جه‌دوه‌لی زه‌ڕب ته‌نانه‌ت مامۆستاكانی بیركاریش هه‌ندێك جار هه‌له‌ی تیادا ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت گه‌ر سه‌یری مێژوویش بكه‌ی ئه‌وا ده‌بینیت هه‌ندێك زانای بیركاریش له‌سه‌ره‌تای خوێندنیاندا گیرۆده‌ی جه‌دوه‌لی زه‌ڕب بوون بۆ نمونه صوفيا كوفاليفسكايا(Sofia Vasilyevna Kovalevskaya) كه بیركارزانێكی رووسیه له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ژیاوه له جه‌دوه‌لی زه‌رب خراپ بووه.
له‌كوردستان هیچ شتێك به‌قه‌ده‌ر جه‌دوه‌لی زه‌رب (خشته‌ی لێكدان ) ناوی بیركاری نهزراندووه، كه‌م ته‌له‌به‌ی زه‌مانی كۆن هه‌یه به‌هۆی جه‌دوه‌لی زه‌ربه‌وه لێیانی نهخواردبیت و زۆرێكیش له‌وانه‌ی له قۆناغه‌كانی بنه‌ڕه‌تیه‌وه ڕقیان له بیركاری بووه ئه‌وا به‌هۆی جه‌دوه‌لی زهربهوهیه، به‌لام پرسیارێك، ئایا جه‌دوه‌لی زه‌رب و بیركاری په‌یوه‌ندیان چیه پێكه‌وه؟ یان باشتره پرسیاره‌كه به جۆرێكی تر بكه‌ین و بڵێین؛ كه ئاخۆ گه‌ر قووتابیه‌ك نه‌یتوانی جه‌دوه‌لی زه‌ڕب له‌به‌ربكات ئایا مانای وایه ئه‌و قوتابیه مێشكی بیركاری نیه ( هه‌لبه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی “مێشكی بیركاری” بوونی نیه و داهێنراوی خه‌ڵكه نه‌ك ڕاستیه‌كی زانستی)؟ له خواره‌وه ههوڵدهداین بزاین ئه‌م په‌یوه‌ندیه چیه.
له ساڵی 1999 لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی زانستی ئه‌نجامدار له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك توێژه‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسیه‌وه وه دواتر له‌لایه‌ن ئەنستیتۆی تەکنۆلۆژیی ماساچووسیتس MIT بڵاوكرایه‌وه كه باس له‌وه ده‌كات فێربوونی جه‌دوه‌لی زه‌رب زیاتر وه‌كو ئه‌وه‌یه وایه لیستی كڕینی سهوزاوات ( دوو كیلۆ ته‌ماته، سێ كیلۆ هه‌نار، نیو كیلۆ بامێ هتد) له‌به‌ربكه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ی بریتی بێت له توانستێكی بیركاری، به‌شێوه‌یه‌كی تر یانی جه‌دوه‌لی زه‌رب وه‌كو شیعری نالی وایه له بابه‌تی ئه‌ده‌بی كوردی، هه‌ردووكیان ده‌بیت له‌به‌ربكرێت چونكی هه‌ردووكیان په‌یوه‌ندیان به‌به‌شی پێشه‌وه‌ی لای چه‌پی مێشكی مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌لام بیرمان نه‌چێت كه بیركاری زانستی بیركردنه‌وه‌ی لۆژیكانه‌یه و له شێواسازیه دووباره‌كان ده‌كۆڵێته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌ندی به‌لای دواوه‌ی ( چه‌پ و راست)ی مێشكه‌وه هه‌یه. ئه‌مه‌یش پێمانده‌ڵێت ئه‌و به‌شه‌ی مێشك كه به‌رپرسه له زۆرێك له كرداره بیركاریه‌كان به‌رپرس نیه له زانینی جه‌دوه‌لی زه‌رب، واته خراپ بوون له جه‌دوه‌لی زه‌رب مانای ئه‌وه نیه كه تۆ له بیركاری خراپیت.
یه‌كێكی تر له‌و به‌ڵگانه‌ی له‌به‌رده‌سته بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونه‌ی كه ده‌ڵێت په‌یوه‌ندی نێوان جه‌دوه‌لی زه‌ڕب و بیركاری لاوازه بریتیه له‌وه‌ی جۆرێك له نه‌خۆش هه‌یه (Acalculia) كه مێشكیان زه‌ره‌رمه‌ند بووه به هه‌ر هۆكارێكه‌وه بووبێت وه ئه‌و نه‌خۆشانه ده‌توانن كرداری كۆكردنه‌وه و لێده‌ركردن بكه‌ن كه كردارێكی بنچینه-چهندایهتیه ( quantity-based operation) به‌ڵام ناتوانن كرداری لێكدان كه كردارێكی بنچینه-زاریانه یه (verbally-based operation) بكه‌ن، وه پێچه‌وانه‌كه‌یشی راسته واته هه‌ندێك نه‌خۆشی تر هه‌ن كه ده‌توانن لێكدان بكه‌ن به‌لام كۆكردنه‌وه و لێده‌ركردن ناتوانن بكه‌ن ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌كی تری ئه‌وه‌یه كه دوو به‌شی جیاوازی مێشكی مرۆڤ به‌رپرسه له كرداری كۆكردنه‌وه و لێده‌ركردن له‌گه‌ل كرداری لێكدان.
قوتابی له قۆناغه بنهڕهتیهكانهوه فێری كرداره بیركاریهكانی وه‌كو كۆكردنه‌وه لێده‌ركردن ده‌بێت گه‌ر هاتوو قوتابیه‌ك له كۆكردنه‌وه و لێده‌ركردن له‌گه‌ل هه‌ستكردنی به ژماره ( بۆ نموونه گه‌وره و بچوكی ) خراپ بیت ئه‌وه مانای وایه تێگه‌یشتنی ئه‌و قوتابیه بۆ بیركاری كێشه‌دار وه پێویستی به‌وه هه‌یه به‌جدی مامۆستا و دایك و باوكی به‌دوای چاره‌سه‌ری گونجاو‌دا بگه‌رێن چونكه له‌وانه‌یه ئه‌و كه‌سه دیسكالكیۆلیای هه‌بێت Dyscalculia كه باسێكی ته‌واوی ده‌وێت به‌لام پێناسه‌ی كورت بۆی بریتیه له‌وه‌ی كه‌سێك كێشه‌ی هه‌بێت له فێربوونی كرداره بیركاریهوهكان له‌گه‌لیشیدا هه‌ستی به‌راوردكردنی ژماره‌كان لاوازبێت بۆ نموونه گه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی لێبكه‌یت كا ئاخۆ ٩٥٤ گه‌وره‌تره یان ٣٤ ئه‌وا نه‌توانێت یه‌كسه‌ر وه‌ڵامبداته‌وه. به‌لام گه‌ر له لێكدان ( مه‌به‌ستم جه‌دوه‌لی زه‌ربه) خراپ بێت ئه‌وه وه‌كو ئه‌وه وایه له‌و وانانه‌ی قوتابخانه خراپیت كه پێویستی بهلهبهركردنهوه، وه به‌دلنیاییه‌وه ده‌بیت شێوازی خوێندنی بۆ كرداری لێكدان بگۆڕیت.
ئه‌م هۆكاره‌یشه وایكردووه، لهههروهلاتیكو به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز جه‌دوه‌لی زه‌رب بخوێنرێت، له هه‌ندێك وه‌لات ته‌نها لایه‌كی ده‌خوێنرێت بۆ نموونه وه‌لاتی چین وه بۆ ئه‌وه‌ی دلنیاببیت سه‌یریكی زۆر له‌و ڕاستانه { مه‌سته‌ره} یاخود به‌رگی ده‌فته‌ری قوتابخانه بكه كه له بازاره‌كانی كوردستان ده‌فروشرێت و له چینه‌وه ده‌هێنرێت ئه‌وا ده‌بینیت كه ته‌نها لایه‌كی جه‌دوه‌لی زه‌رب بوونی هه‌یه واته گه‌ر ٢ x ٥ نوسرابوو ئه‌وه ٥ x ٢ نانوسرێت ( به‌هۆی symmetry یاخود هاوجێبوونهوی جهدوهلهكهوهیه) یاخود هه‌ندێك وه‌ڵات ته‌نها جه‌دوه‌لی زه‌رب تاوه‌كو 10 تیادایه، له‌كاتێكدا زۆر وه‌لاتی تر تاوه‌كو ١٢ ( فنله‌ندا،به‌ریتانیا،ئوسترالیا،نیوزله‌ندا) ده‌خوێنن.
ئه‌م قسانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌نیه بیانوو بۆ قوتابی بهێنینه‌وه كه گه‌ر له له‌به‌ركردنی جه‌دوه‌لی زه‌رب خراپ بوو ئیتر بڵێ كاكه ئه‌مه بیركاری نیه و لێیبگه‌ڕێ، مه‌به‌ستمان له‌م قسانه ئه‌وه‌یه كه دایكان و باوكان و مامۆستایان هۆشیار بكرێنه‌وه. وه له قوتابی بگه‌یه‌نرێت خراپ بوون مانای ئه‌وه نیه كه گرنگی به بابه‌تی بیركاری نه‌دات، به‌لكو ده‌بیت ڕێگای باشتر بدۆزرێته‌وه كه یارمه‌تی بدات له تیگه‌یشتن پاشان له‌به‌ركردنی.
جه‌دوه‌لی زه‌رب ئامرازه نه‌ك ئامانج، پێویسته قوتابیه‌كان بیزانن، وه ڕێگه‌ی فێربوونیشی زۆره، ده‌توانیت له‌به‌ری بكات ( من پێم باش نیه )، یان به‌هۆی به‌كارهێنانی خاسیه‌تی به‌شینه‌وه ( distributive property )به‌سه‌ر كرداری كۆكردنه‌وه‌دا بیدۆزێته‌وه ( من خۆم ئه‌مه ده‌كه‌م ) كه ئه‌مه به‌كورتیه‌كه‌ی به‌مانای ئه‌وه دێت كه پرسیاری لێكدان ده‌گۆرین بۆ كۆكردنه‌وه یاخود ده‌توانرێت به حاسیبه بیدۆزێته‌وه ( من له‌گه‌ل ئه‌مه‌دا نیم به‌لام بۆ ژماره‌ی گه‌وره بهكاریدههێنیم ) چونكه له زۆر لهوهلاتانی جیهان له‌ناویاندا ئه‌مه‌ریكا و وه‌ڵاتانی ئه‌وروپی له‌پۆلی ٤ بنه‌ره‌تیه‌وه قوتابی ده‌توانیت ژمێریار (حاسیبه) به‌كاربهێنیت.
هه‌ڵبه‌ت تاقیكردنه‌وه‌ی قوتابی له بابه‌تی جه‌دوه‌لی زه‌رب به‌ته‌نها تایبه‌ت نیه به كوردستان، به‌ڵكو زۆرێكی تریش له‌وه‌ڵاتانی پێشكه‌وتوو هه‌ن جۆرێك له تاقیكردنه‌وه به قوتابیانی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ ( پۆلی سێهه‌می بنه‌ڕه‌تی) ده‌كه‌ن بۆ جه‌دوه‌لی زه‌ڕب، به‌لام له‌وێیش ده‌نگی نارازی به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره تاقیكردنه‌وه‌یه به‌زه‌قی ده‌بیسترێت، بۆ نموونه یه‌كێك له به‌ناوبانگترین پهروهردهكارهكانی بواری بیركاری له‌ئه‌مه‌ریكا (mathematics educator) به‌ناوی جۆ بۆیله‌ر (Jo Boaler) كه مامۆستایه له زانكۆی ستانفۆرد له و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌لكی بریتانیایه داوا ده‌كات له حكومه‌تی بریتانیا كه تاقیكردنه‌وه‌ی جه‌دوه‌لی زه‌ڕب قه‌ده‌غه بكات له قوتابخانه‌كاندا. به‌گوته‌ی جۆ ئه‌م جۆره تاقیكردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی توانست و حه‌زی بیركاری له زۆرێك قوتابی ته‌مه‌ن 8 ساڵیدا بكوژێنێته‌وه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئه‌و جۆره مندالانه به‌خۆیان بلێن كه كه‌سانی بیركاری نین یاخود مێشكی بیركاریان نیه كه ئه‌مه‌یش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی داهاتووی ئه‌و قوتابیانه بگۆرێت به دیوێكی تردا به تایبه‌ت كاتێك له جیهانێكدا ده‌ژین كه مه‌حاله بێ هه‌بوونی باكگراوندێكی باش له بیركاری بتوانیت هه‌لی كارت ده‌ستبكه‌وێت جگه له‌وه‌یش ئه‌مه ده‌بێته هۆی بیانویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی رق له بیركاری هه‌ڵبگرێت و له جوانی ئه‌م زانسته بۆ هه‌تاهه‌تایه بێبه‌ش بێت به‌هۆی شتێكه‌وه كه دوور و نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی به توانستی بیركاری نیه.
هه‌ڵبه‌ت من له‌گه‌ل ئه‌و بۆچونه‌ی Jo نیم كه تاقیكردنه‌وه‌ی جه‌دوه‌لی زه‌رب له كوردستان قه‌ده‌غه‌بكرێت به‌لام ده‌بێت خه‌لك وه به‌تایبه‌ت دایكان و باوكان له‌گه‌ل مامۆستاكانی بیركاری تێبگهیهنێرێت كه جه‌دوه‌لی زه‌رب زیاتر په‌یوه‌ندی به ده‌رخه‌وه هه‌یه وه‌ك له‌وه‌ی به توانستی كێشه-چاره‌سه‌ركردن (problem solving skill) كه به‌هۆی پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌ی لۆژیكیانه‌وه (Logical Reasoning) ئه‌نجامده‌درێت كه ئه‌مه‌یش ئامانجی باڵای بیركاریه، به‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ئامراز ده‌به‌خشێت به مرۆڤه‌كان كه ژیانیان باشتر بكات نه‌ك وه‌كو جه‌دوه‌لی زه‌رب ژیانیان لێ تاڵ بكات.
كه واته بابگهرینهوه بۆ پرسیارهكهكهی سه‌ره‌تا: ئایا جه‌دوه‌لی زه‌ڕب بیركاریه؟ وه‌لامی كورت: نه‌خێر.
تێبینی:-
ده‌بێت جیاوازی له‌نێوان دوو شت بكه‌ین، یه‌كه‌م جه‌دوه‌لی زه‌رب و دووهه‌م كرداری لێكدان بۆ خۆی، من كێشه‌م له‌گه‌ل كرداری لێكدان نیه به‌لام من قسه‌م له‌سه‌ر جه‌دوه‌لی زه‌ربه به‌تایبه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ی جاران وه ئێستایش به خه‌لك ده‌گوترێته‌وه، ئه‌وه‌ی كه پێویسته قوتابی له‌به‌ری بكات و زۆرجار تاقیركردنهوهی پێده‌كرێت.
سه‌رچاوه:-
سه‌رچاوه ماڵپه‌ڕی خوێندگه
خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه
ليست هناك تعليقات: