Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئینته‌رنێت، خوێندكاران ته‌مه‌ڵ ده‌كات

xwendga
ماوه‌ی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوو ته‌واوی‌ خوێندكاره‌ قۆناغه‌ دوواهه‌مینه‌كانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان توێژینه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌ مامۆستایان و ڕاگرایه‌تی‌ به‌شه‌كانیان، تاكو توێژینه‌وه‌كانیان له‌ هه‌ربوارێك كه‌ تایبه‌تمه‌ندبێت به‌و پسپۆڕییه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ تاوتوێ بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ ته‌واوی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ كۆتای‌ بۆ وه‌رگرتن و ته‌واوكردنی‌ توێژینه‌وه‌كانیان ساردییه‌كیان پێوه‌ دیاره‌ و به‌وئه‌نجامه‌ی‌ خۆیان ناڕازین و زۆربه‌ی‌ خوێندكاران په‌نجه‌ی‌ شكست بۆ ته‌واوی‌ ئه‌و سیستمه‌ی خوێندن درێژ ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ناگونجێت.
كتێبخانه‌ی كوردی هه‌ژاره‌
سیروان ڕه‌شید خوێندكاری‌ دواقۆناغی‌ به‌شی‌ ڕۆژنامه‌نووسی‌ په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ وتی‌: “زۆر به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش ماڵپه‌ڕه‌ ئینته‌رنێتییه‌كان و لینكه‌كان به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و باش ده‌زانم بۆ ته‌واوكردنی‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌، چونكه‌ پێموایه‌ زۆر له‌ ئێستای‌ كتێبخانه‌كانه‌كانی‌ خۆمان ده‌وڵه‌مه‌ندنین به‌ سه‌رچاوه‌ جیهانییه‌كان كه‌ پێویستن بۆ توێژیینه‌وه‌كان بۆیه‌ ئه‌مه‌ش وا له‌ خوێندكاران ده‌كات پشت به‌و سایتانه‌ ببه‌ستن”، سیروان وتی‌: “گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌ له‌وه‌ده‌گرم وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا ده‌بێت یان بڕیاری‌ چۆنێتی‌ سیستمی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ خوێندكاران هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌ یاخود ئه‌بێت وا له‌ كتێبخانه‌ی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان بكات كه‌ زۆرترین سه‌رچاوه‌ی‌ تێدابێت و سه‌رچاوه‌كانیش باوه‌ڕپێكراوبن.
نووسه‌ر و كتێبی وه‌همی
سازگار كه‌ریم كه‌ خه‌ریكی‌ ته‌واكردنی‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی‌ بوو لێی نه‌شاردینه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ زۆری‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی‌ له‌ ئێستادا ده‌كرێت خوێندكار به‌ ئاره‌زووی‌ خۆی‌ له‌ ناو ئینته‌رنێتدا سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت و به‌ ئاره‌زووی‌ خۆی‌ ناوی‌ نووسه‌ر و ژماره‌ی‌ سپاردن و ساڵی‌ بۆ داده‌نێت و ته‌واوی‌ ئامانجی‌ خۆیشی‌ ده‌پێكێت، وتیشی‌: “سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م خوێندكاران سه‌رپه‌شتیار و مامۆستای‌ خۆیان هه‌یه‌ و به‌وكاره‌ش ده‌زانن، به‌ڵام زۆربه‌یان قسه‌ ناكه‌ن و لێپێچینه‌وه‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ چاك ده‌زانن سه‌رچاوه‌ی ناو كتێبخانه‌كان كه‌من،
ئه‌حمه‌د عه‌زیز خاوه‌نی‌ كوفی نێت وتی‌: “خوێندكاران چه‌ند ناوێك ده‌هێنن به‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ لای‌ خۆیان سه‌رچاوه‌ی‌ توێژینه‌وه‌كانیانه‌ ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ ڕێگه‌ی‌ گۆگڵه‌وه‌ بۆیان وه‌ربگرین و ئه‌وه‌نده‌ی‌ سه‌رنجم دابێت خوێندكارێكی‌ زۆری‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانیش خه‌ریكی‌ ئه‌م كاره‌ن”.
گۆگڵ‌ و یاهوو فریادڕه‌سه‌
نیاز خالید سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ خوێندكاری‌ ئاماده‌ییه‌، به‌ڵام كچه‌ پورێكی‌ له‌ دواقۆناغی‌ زانكۆیه‌ یارمه‌تی ئه‌و ده‌دات له‌ گه‌ڕان به‌ دوای سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌یدا “به‌تایبه‌ت له‌ یاهوو و گوگڵه‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی‌ پورزاكه‌م كه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی‌ بۆم ئه‌نجامداوه‌”، نیاز وتی‌: “هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ خه‌ریكه‌ دوو به‌شی‌ ته‌واو ده‌كات”.
كارزان عوسمان خوێندكاری‌ دواقۆناغی‌ په‌یمانگایه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌و پرسه‌دا هۆكار و گرفتی‌ بۆ هه‌ژاری‌ كتێبخانه‌ كوردی و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ئه‌كادیمی گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ ناچارت ده‌كات به‌ دوای‌ سه‌رچاوه‌ی‌ تردا بگه‌ڕێت به‌تایبه‌ت سه‌رچاوه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ ئینته‌رنێتدا كه‌ ڕه‌نگه‌ ئاسانتر بێت بۆ خوێندكار، كارزان وتی‌: “پێموایه‌ فێڵكردن زۆربووه‌ له‌ به‌ڕێكردنی‌ توێژینه‌وه‌كان بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن له‌ زانینی‌ سه‌رچاوه‌كان”، وتیشی‌: “بۆچوونموایه‌ ده‌بێت كۆمه‌ڵێك ده‌زگای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و وه‌رگێڕان چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ پاڵپشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا وه‌ربگێڕن بۆ سه‌رجه‌م به‌شه‌ ئه‌كادیمییه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكاندا و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كرا وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا ده‌توانێت بیكاته‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ خۆی‌ تاكو كێشه‌ی نه‌بوونی و كه‌می‌ سه‌رچاوه‌نه‌مێنێت.
یاخود جۆری‌ توێژینه‌وه‌كان بگۆڕدرێت”. وتیشی‌: “باشتره‌ خوێندكار پشت به‌ خۆی‌ ببه‌ستێت به‌ دوای‌ سه‌رچاوه‌دا بگه‌ڕێت. یان ده‌توانرێت له‌ بری‌ توێژینه‌وه‌ له‌ كۆتایی‌ خوێندنی‌ دوو ساڵی‌ په‌یمانگا یان خوێندنی‌ چوار ساڵی‌ زانكۆ خوێندكار ئازادبكرێت له‌سه‌ر بابه‌تێك به‌رهه‌مێكی‌ هه‌بێت نه‌ك توێژینه‌وه‌”.
كارێكی ڕۆتینی
مامۆستایه‌كی‌ په‌یمانگا كه‌ نه‌ی ویست ناوی‌ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا: “توێژینه‌وه‌كان بوونه‌ته‌ مۆدێلێكی‌ سه‌قه‌ت و ڕۆتینی ساڵانه‌ ئه‌مه‌ش ئۆباڵی به‌ ئه‌ستۆی ئه‌و سیستمه‌ دواكه‌وتووه‌یه‌ كه‌ له‌بواری‌ په‌روه‌ردا هه‌یه‌، پێموابێت توێژینه‌وه‌كان نه‌ك له‌ ئاسته‌كانی‌ خوێندنی‌ كۆتایی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكاندا نین، به‌ڵكو زیاتر بۆ كات كوشتن و سه‌رقاڵكردنی خوێندكاره‌”، ئه‌و مامۆستیه‌ توێژینه‌وه‌ی‌ به‌جۆرێك له‌ بازرگانی‌ نادیار ناوبرد “له‌ زانكۆ و په‌یمانگاندا به‌وه‌ی‌ زۆر خوێندكار هه‌یه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی‌ پاره‌وه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ ئاماده‌ ده‌كرێت بێ ئه‌وه‌ی‌ بزانێت باسی‌ چی‌ ده‌كات و چی له‌ خۆده‌گرێت پێمسه‌یره‌ زۆرێك له‌ مامۆستایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌رچاوه‌ی‌ ته‌واو هه‌یه‌ كه‌ من پێموایه‌ زۆر بابه‌ت هه‌یه‌ ته‌نها لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر نییه‌ بۆیه‌ پێمباشه‌ له‌و سیستمه‌ كلاسیكییه‌ بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی‌ چه‌ند پسپۆڕێكه‌وه‌ ئه‌و بڕیاریه‌ هه‌ڵبووه‌شێنرێته‌وه‌ و جێگره‌وه‌یه‌كی‌ تری‌ به‌سوود و به‌رچاو و ڕوونتری‌ بۆ دابنرێت”.

................................................................................................... سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌ | یه‌كه‌مین ماڵپه‌ڕی كوردی تایبه‌ت به‌ خوێندن Source : Xwendga  Website | Kurdish Education Website .................................WWW.XWENDGA.COM.................................
سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌

خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌


ئینته‌رنێت، خوێندكاران ته‌مه‌ڵ ده‌كات Reviewed by Unknown on 9:07:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: