Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئه‌رك‌و گرنگی ڕۆڵی ڕابه‌ر له‌په‌روه‌رده‌و فێركردندا

xwendga

پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی چین‌و توێژێكی به‌رفراوان ده‌گرێته‌ خۆی‌و ئامانجی سه‌ره‌كی‌و ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی له‌و پرۆسه‌یه‌دا قوتابییه‌، كه‌واته‌ ئه‌و چین‌و توێژه‌ كێشه‌و گرفتی زۆری دێته‌ به‌رده‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌گشت وڵاتانی پێشكه‌وتوودا، ڕابه‌رو توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌به‌شی ده‌رونزانی‌و كۆمه‌ڵناسی زۆر پێویسته‌و به‌به‌رده‌وامی له‌هه‌موو قوتابخانه‌كان ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و بنبڕكردنی كێشه‌كان، چونكه‌ به‌ڕێوبه‌ر‌و ده‌سته‌ی كارگێڕی‌و مامۆستایان، ئه‌و بوار‌و ده‌رفه‌ته‌یان نییه‌ كه‌ بتوانن كێشه‌ی قوتابی ڕه‌چاو بكه‌ن‌و ده‌ستنیشانی بكه‌ن‌و ڕێگه‌ چاره‌ی بۆبدۆزنه‌وه‌.
به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ڕابه‌ر پسپۆڕه‌ له‌و بواره‌دا‌و نزیكه‌ له‌قوتابی له‌بواری ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری‌و خێزانی‌و جه‌سته‌ییدا، ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌گێڕن، چونكه‌ زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر هه‌ریه‌كێكیان كۆده‌كاته‌وه‌و به‌دواداچوون بۆهه‌ریه‌كێكیان ده‌كات له‌كاتی پێویستدا، بۆیه‌ ئه‌ركی ڕابه‌ر خۆی له‌م خاڵانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌:
1. كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ته‌واو له‌هه‌موو بوارێك ده‌رباره‌ی قوتابی به‌فۆرمی زانیاری گشتی.
2. به‌دواداچوون له‌سه‌ر قوتابی نه‌هاتوو (غائب) به‌هۆو بێ هۆ له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كانی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌هاتن.
3. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان مامۆستایان‌و قوتابیان له‌كاتی پێویست، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی نمره‌و توندوتیژی‌و سه‌ركێشی قوتابی له‌ناو پۆلدا‌و، نه‌خوێندن‌و لاساری‌و كه‌مته‌رخه‌می قوتابی.
4. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ده‌رونییه‌كانی قوتابی، یاخود ده‌ستنیشانكردنی وه‌ك كێشه‌ی خه‌مۆكی، دووره‌په‌رێزی، هیستریا، دڵه‌ڕاوكێ، ترس‌و …هتدو ناردنی بۆ شوێنی مه‌به‌ست له‌كاتی پێویستدا، وه‌ك بنكه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونی.
5. هاوكاری كردنی بنه‌ماڵه‌ی قوتابی‌و بانگێشتكردنیان بۆتێگه‌یشتن له‌كێشه‌ی قوتابی له‌ماڵه‌وه‌ی، تاوه‌كو به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی قوتابییه‌كه‌ بكه‌ن.
6. ڕابه‌ر چه‌ند تۆماری گرنگی له‌ئه‌ستۆدایه‌ كه‌ خۆی له‌حه‌وت تۆماردا ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ وای لێده‌كات هه‌موو له‌هه‌موو گه‌وره‌و بچوكی قوتابخانه‌ ئاگاداربێت، به‌و شێوه‌یه‌ ئاگاداره‌ له‌هه‌موو كێشه‌و كه‌موكورتییه‌كانی قوتابخانه‌، وه‌ك كێشه‌ی وانه‌، كێشه‌كانی كارگێڕی، كێشه‌ی قوتابی له‌گه‌ڵ مامۆستاو نێوانی خۆیان‌و ماڵه‌وه‌یان به‌گشتی.
7. ڕابه‌ر به‌دواداچوون له‌په‌یوه‌ندی قوتابیان ده‌كات له‌ناو پۆلدا، به‌به‌كارهێنانی (سوشیو دراما) واته‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان قوتابیان له‌ناو پۆل، به‌مشێوه‌یه‌ ده‌توانێت قوتابی ئه‌ستێره‌ی پۆل ده‌ستنیشان بكات، قوتابی دووره‌په‌رێز‌و دابڕاوو دوورخراوه‌ دیاری بكات، سوود له‌هه‌ردوولاو چاره‌سه‌ری كێشه‌یان بكات.
8. ڕێنمایی ئاراسته‌ی قوتابیان بكات، له‌كاتی پێویست به‌تاك‌و كۆ له‌وانه‌ی شاغیر له‌پشووی نێوان وانه‌كان، به‌گه‌ڕان له‌كاتی پشوو له‌ناو قوتابیان.
9. سوود له‌وانه‌ شاغیره‌كان وه‌رده‌گرێت بۆ ئامۆژگاری كردنی قوتابیان له‌بواری جه‌سته‌یی‌و ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، وانه‌ی ڕۆشنبیری له‌كاتی شاغیردا ده‌ڵێته‌وه‌.
10. هانی قوتابیان ده‌دات به‌به‌رده‌وامی له‌متاڵاكردن‌و خوێندنه‌وه‌و چۆنیه‌تی خوێندنی ڕاست‌و به‌سوود‌و متاڵای ده‌ره‌كی.
11. ته‌خته‌ی شه‌ره‌ف بۆ قوتابیانی لێهاتوو و به‌هره‌مه‌ند‌و یه‌كه‌م له‌قوتابخانه‌ دروست ده‌كات.
12. دیواربه‌ند‌و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ له‌كاتی پێویست له‌گه‌ڵ دایبابی (دایك‌وباوكی) قوتابی ده‌كات‌و له‌كۆبوونه‌وه‌ی دایبابانه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت‌و به‌ڵێننامه‌‌و ڕێز‌و سوپاس‌و ئاگاداری فه‌رمی بۆ دایبابانی قوتابی له‌كاتی پێویستدا ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ ده‌كات.
13. گه‌شتی زانستی بۆ قوتابیان ئه‌نجام ده‌دات بۆ كۆلێژ‌و په‌یمانگا‌و شوێنه‌ زانستییه‌كان، وه‌ك مۆزه‌خانه‌و ده‌زگا پیشه‌سازییه‌كان.
14. كێشه‌ی تایبه‌تی قوتابی چاره‌سه‌ر ده‌كات، چونكه‌ ڕابه‌ر نزیكه‌ له‌قوتابی‌و نهێنییه‌كانی، له‌ئه‌نجامی شاره‌زایی خۆی كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.

له‌دیارترین ئه‌و گرفتانه‌شی كه‌ روبه‌ڕووی‌ ڕابه‌ر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌:
1. هاوكاری نه‌كردنی هه‌ندێ له‌به‌ڕێوبه‌ر‌و یاریده‌ده‌ر‌و مامۆستا بۆ ڕابه‌ر به‌هۆی ئیره‌یی (حه‌سوودی) پێكردن‌و به‌ئامانج زانینی ئه‌ركی ڕابه‌ر به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن مامۆستایان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕابه‌ر كارابێت، له‌مامۆستا زۆر ماندووتره‌.
2. نه‌بوونی ژووری تایبه‌ت به‌ڕابه‌ر له‌قوتابخانه‌كاندا كه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ دانیشتن‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی قوتابی‌و پاراستنی نهێنییه‌كانی.
3. نه‌بوونی ئامێری كۆمپیوته‌ری تایبه‌ت به‌ڕابه‌ر كه‌ زۆر پێویسته‌ بۆتۆماركردنی هه‌موو زانیارییه‌كانی قوتابی‌و قوتابخانه‌، جگه‌له‌جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركه‌كان.
4. كه‌می ژماره‌ی ڕابه‌ری پیاو له‌قوتابخانه‌كانی كوڕان به‌هۆی كه‌می دامه‌زراندنی پیاو، كه‌ كێشه‌ی كێشه‌ی قوتابخانه‌كانی كوڕان زیاتره‌ له‌كچان، زۆری ژماره‌ی قوتابیان له‌قوتابخانه‌كاندا ئه‌ركی ڕابه‌ر قورستر ده‌كات.
5. هاوكاری نه‌كردنی دایبابانی قوتابی له‌گه‌ڵ ڕابه‌ر كه‌ ئه‌ركی قورس ده‌كات.
6. هه‌ژماركردنی ڕابه‌ران وه‌كو فه‌رمانبه‌ر كه‌ ئه‌ركیان زیاتر وه‌كو مامۆستایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌روه‌كو مامۆستا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت‌و ده‌رماڵه‌یان بۆ سه‌رف بكرێت.
7. كه‌می شاره‌زایی ڕابه‌رانی تازه‌ دامه‌زراو كه‌ پێویسته‌ خولی شیاندن‌و ئاماده‌كردنیان بۆ بكرێته‌وه‌، تاوه‌كو زانیاری ده‌رباره‌ی كاره‌كانیان وه‌ربگرن.
8. ئاماده‌ نه‌بوونی ڕێبه‌ری ڕابه‌ری په‌روه‌رده‌یی (دلیل مشرف الفنی) كه‌ له‌لایه‌ن منه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ زمانی كوردی، ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پڕۆگرام گیری خواردووه‌‌و چاپ نه‌كراوه‌، كه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ ڕابه‌ر تاوه‌كو ڕێنمایی لێ وه‌ربگرێت.

................................................................................................... سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌ | یه‌كه‌مین ماڵپه‌ڕی كوردی تایبه‌ت به‌ خوێندن Source : Xwendga  Website | Kurdish Education Website .................................WWW.XWENDGA.COM.................................  
سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌

خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌


ئه‌رك‌و گرنگی ڕۆڵی ڕابه‌ر له‌په‌روه‌رده‌و فێركردندا Reviewed by Unknown on 9:06:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: