Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

مه‌لزه‌مه‌، به‌رۆكی پرۆگرام و خوێندكار به‌رنادات

xwendga

خه‌ندان ـ له‌پێناو وه‌رگرتنی‌ زۆرترین زانیاری‌ گرنگ له‌ناو په‌رتووكه‌كان و كورتكردنه‌وه‌ بابه‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسانتر، خوێندكار په‌نا بۆ ئه‌و (مه‌لزه‌مه‌)انه‌ ده‌بات كه‌له‌لایه‌ن مامۆستای‌ پسپۆری وانه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌ده‌كرێت و به‌شێوه‌ی‌ پرسیار و وڵام ده‌خرێته‌ به‌رده‌میان، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ پێشتر ته‌نیا له‌لایه‌ن خوێندكارانی‌ پۆلی شه‌شمی ئاماده‌یی و سێ یه‌می ناوه‌ندی ده‌بینرا كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی (به‌كه‌لۆریا)هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی‌ خوێندن به‌زانكۆشه‌وه‌ ده‌بیندرێت، سه‌باره‌ت به‌لایه‌نی‌ باش و خراپی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ مامۆستایان و خوێندكاران له‌وباره‌یه‌وه‌ بیر و بۆچوونی‌ جیاوازیان هه‌بوو.

خوێندكاران پشتی پێده‌بستن
سه‌ره‌تا ڕه‌وه‌ند سیروان وه‌ك خوێندكارێك له‌ پۆلی‌ شه‌شه‌می‌ زانستی‌ له‌ ئاماده‌یی كوردستان وتی‌: “زۆر سوودم له‌ مه‌لزه‌مه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك 95% پشتم به‌ مه‌لزه‌مه‌ به‌ستووه‌ بۆ خوێندن، چونكه‌ له‌ناو مه‌له‌زه‌مه‌ بابه‌ته‌كان شیكراونه‌ته‌وه‌ چه‌ندین پرسیار و وه‌ڵام له‌خۆده‌گرێت له‌ناو په‌رتووكه‌كه‌ دانییه‌.
وتیشی‌: “به‌كارهێنانی مه‌له‌زه‌مه‌ له‌ له‌لایه‌ن خوێندكاره‌وه‌ پێویست به‌ وانه‌ی‌ تایبه‌تی نابێت، چونكه‌ هه‌مو ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ له‌ناو مه‌لزه‌مه‌كه‌ هه‌یه‌ مامۆستای‌ پسپۆڕ له‌كاتی‌ وتنه‌وه‌ی‌ وانه‌ی‌ تایبه‌ت باسی‌ ده‌كات و بۆ خوێندكاری‌ شیده‌كاته‌وه‌”.
به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌وه‌ند عوسمان وه‌ك خوێندكارێكی‌ پۆلی‌ شه‌شه‌می‌ ئاماده‌یی بوونی‌ مه‌لزه‌مه‌ی‌ پێباشبوو وتی‌: “وه‌ك خوێندكارێك بوونی‌ مه‌لزه‌مه‌ به‌باشده‌زانم و پشتی‌ پێده‌به‌ستم، به‌تایبه‌تی‌ كاتێك وانه‌كان له‌مامۆستاكه‌ی‌ خۆم ناگه‌م، ئه‌و كاته‌ مه‌لزه‌مه‌ جارێكیتر بابه‌ته‌كه‌ت بۆ شیده‌كاته‌وه‌ و ئاسانتری‌ ده‌كات، دیاره‌ بابه‌ته‌كانیش زۆرن خوێندكار ته‌نیا فریای‌ شته‌ گرنگه‌كان ده‌كه‌وێت”.
وتیشی‌: “ئه‌گه‌ر خوێندكار بیه‌وێ‌ سوود له‌مه‌لزه‌مه‌ وه‌ربگرێت، پێویسته‌ بزانێت چۆن به‌كاری‌ ده‌هێنێ، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش ئێمه‌ په‌رتووكه‌كانی‌ خۆمان پشتگوێ ناخه‌ین”.

كتێبه‌كان پڕ زانیاریترن
به‌ڵام خوێندكار هێمن ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ بوونی‌ مه‌له‌زه‌مه‌ نه‌بوو و پێیوابوو په‌رتووكه‌كه‌ زانیاری‌ زیاتری‌ تێدایه‌ و وتی‌: “كاتێك مامۆستا وانه‌یه‌ك له‌سه‌ر په‌رتووكه‌كه‌ شیده‌كاته‌وه‌ زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ناو مه‌لزه‌مه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و وانانه‌ی‌ له‌سه‌ر په‌رتووك ده‌خوێنین به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ مه‌لزه‌مه‌یان هه‌یه‌ زۆر دواكه‌وتین، له‌گه‌ڵ ئه‌وی‌ بڕوام پێی نیه‌، به‌ڵام هه‌ربه‌كاریشی‌ ده‌هێنم، چونكه‌ له‌كاتی‌ به‌راوردكردن له‌نێوان مه‌لزه‌مه‌ و په‌رتووكه‌كه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ هه‌ندێك بابه‌ت له‌ناو په‌رتووكه‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ له‌ناو مه‌لزه‌مه‌كه‌ شینه‌كراوه‌ته‌وه‌”.
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ دواناوه‌ندی‌ ڕزگاری‌ كوڕان له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌: “به‌ بۆچوونی‌ من ئاماده‌كردنی‌ مه‌له‌زه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خوێندكار نییه‌، چونكه‌ مه‌لزه‌مه‌ ناتوانێ‌ شوێنی‌ ئه‌و په‌رتووكه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تاكوَتایی گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ مه‌لزه‌مه‌ بۆته‌ دیارده‌ و به‌هۆی‌ داواكاری‌ خوێندكاران له‌سه‌ری به‌ربڵاوبووه‌ و به‌ئاسانی‌ كۆنترۆڵ ناكرێت”.

بابه‌تی كتێبه‌كان زۆرن
مامۆستا سامان له‌باره‌ی كتێبه‌كانی قۆناغه‌كانی خوێندن وتی‌: “هۆكاری‌ په‌نابردن بۆ مه‌لزه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بابه‌ته‌كانی‌ ناو په‌رتووكه‌كان زۆره‌ و هه‌ندێك مامۆستا فریای‌ ته‌واوكردنی‌ پرۆگرامه‌كه‌ ناكه‌ون، به‌جۆرێك مه‌لزه‌مه‌ خواستی‌ له‌سه‌ره‌ و ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ ئاماده‌ی‌ نه‌كات به‌مامۆستایه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوو داناندرێت”.
سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری‌ كۆنترۆڵنه‌كردنی‌ ئه‌و مامۆستایه‌ وتی‌: “زۆر له‌ مه‌لزه‌مه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خوێندنگاكان چاپده‌كرێن، هه‌ندێكجاریش خوێندكار خۆی‌ ئاماده‌ی‌ ده‌كات، كاتێك مامۆستا وانه‌ی‌ تایبه‌تی‌ ده‌ڵێته‌وه‌ ئه‌ویش بابه‌ته‌كان چاپده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ مامۆستاكه‌ ئاگاداربێت”.

مامۆستاش سوودی لێ وه‌رده‌گرێت
به‌ڵام مامۆستا دارا حه‌سه‌ن پسپۆری‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ ئاماده‌یی كوردستان له‌گه‌ڵ بوونی‌ مه‌لزه‌مه‌بوو وتی‌: “مه‌لزه‌مه‌ له‌ كوردسان وه‌ك دیاردیه‌كی‌ لێهاتووه‌ و پێمانخۆشبێت یان نا ئه‌مڕۆ بۆته‌ دیارده‌ و له‌ناو خوێندكاران بڵاوبۆته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ماده‌كانی ناو پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندن زۆره‌ و كاته‌كانی‌ خوێندن كه‌مه‌، بۆیه‌ به‌كارهێنانی‌ مه‌لزه‌مه‌ ئه‌گه‌ر به‌ باشی‌ به‌كاربهێندرێت به‌خراپی‌ نازانم و پێموایه‌ ئه‌و مه‌لزه‌مه‌یه‌ كورتكراوه‌ و پوختكراوی‌ په‌رتووكه‌كه‌یه‌”.
ئه‌و مامۆستایه‌ وتیشی‌: “نه‌وه‌ك ته‌نیا بۆ خوێندكار به‌ڵكو ئێمه‌ی‌ مامۆستاش سوود له‌ مه‌لزه‌مه‌ وه‌رده‌گرین و به‌ كاتێكی‌ خێراتر به‌ بابه‌ته‌كان بۆ خوێندكار شیده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ئه‌و مه‌لزه‌مه‌یه‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانی‌ ناو په‌رتووكه‌كه‌ له‌خۆبگرێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خراپ ده‌بێت”.
به‌هه‌مانشێوه‌ به‌كارهێنانی‌ مه‌لزه‌مه‌ له‌لای‌ مامۆستا سیامه‌ند عزه‌ت به‌باش ده‌زاندرێ‌ و خۆی‌ یه‌كێكه‌ له‌و مامۆستایانه‌ی‌ مه‌لزه‌مه‌ ئاماده‌ ده‌كات و پێیوتین: “من یه‌كێكم له‌ومامۆستایانه‌ی‌ مه‌لزه‌مه‌م ده‌ركردووه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ سوودی‌ هه‌یه‌”.
وتیشی‌: “كاتێك مه‌لزه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ ناو په‌رتووكه‌كه‌ هه‌یه‌ بۆ خوێندكار كوردت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و زیاتر بۆیان ڕوونده‌كه‌یته‌وه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌ په‌رتووكه‌كان به‌شێوزێك بابه‌ته‌كه‌ نووسراوه‌ و خوێندكار له‌لای‌ ڕوون نییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ی‌ تازه‌ دامه‌زراوان بۆیان زه‌حمه‌ته‌ له‌ڕێگای‌ په‌رتووكه‌كانه‌وه‌ وانه‌ بڵێنه‌وه‌، ئه‌وانیش بۆ سوود وه‌رگرتن له‌كات و فریاكه‌وتنی‌ بابه‌ته‌كان مه‌لزه‌مه‌ به‌كارده‌هێنن”.

مه‌لزه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌
بۆ زانینی‌ هه‌ڵوێستی‌ وه‌زاره‌ت په‌روه‌رده‌، سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی‌ بوونی‌ مه‌له‌زه‌مه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن، فه‌یسه‌ڵ حه‌سه‌ن یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌ولێر بۆ كاروباری‌ ته‌كنیكی‌ وتی‌: “به‌گوێره‌ی‌ ڕێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ به‌كارهێنانی‌ هه‌موو جۆره‌ مه‌لزه‌مه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش زۆرجار نووسراومان ئاڕاسته‌ی‌ مامۆستایان كردووه‌ كه‌ نابێت مه‌لزه‌مه‌ دورستبكرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن قوتابیانه‌وه‌ خواستێكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌ ئێمه‌ پێمان كۆنترۆڵ ناكرێت”.
هه‌روه‌ها وتیشی‌: “به‌بۆچوونی‌ ئێمه‌ ئه‌و مه‌لزه‌مانه‌ هیچ سوودێكی‌ نییه‌، چونكه‌ له‌ناویدا چه‌ندین بابه‌ت لابراوه‌ یان كورت كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ناو كتێبه‌كه‌دا هه‌یه‌ و له‌ناو پرۆگرامی‌ خۆی‌ ده‌رده‌چێت و زۆرجاریش پرسیار له‌ تاقیكرنه‌وه‌كان كه‌ دێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو مه‌لزه‌مه‌كه‌دا نییه‌”.

هه‌ولێر – هێمن مه‌خموری‌

................................................................................................... سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌ | یه‌كه‌مین ماڵپه‌ڕی كوردی تایبه‌ت به‌ خوێندن Source : Xwendga  Website | Kurdish Education Website .................................WWW.XWENDGA.COM.................................  
سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌

خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌


مه‌لزه‌مه‌، به‌رۆكی پرۆگرام و خوێندكار به‌رنادات Reviewed by Unknown on 9:08:00 م Rating: 5

هناك تعليق واحد: