Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

راپۆرتێك ده‌رباره‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی ئه‌زموونه‌كانی كۆڕسی یه‌كه‌می قوتابیان

xwendga

DSC-1-10تێبینی/ خوێندنگاکانی هه‌رێمی کوردستان به‌و جۆره‌ی وێنه‌که‌ نیه‌… به‌ڵکو زۆرینه‌ی شتێکی له‌ که‌لاوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
دوورگه
له‌ (15/2/2009) ئه‌زموونه‌كانی كۆڕسی یه‌كه‌می قوتابیانی قۆناغی بنه‌ڕه‌ت و ئاماده‌یی له‌ قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ستی پێكرد، ئه‌مساڵ جیا له‌ ساڵانی پێشوو له‌ سایه‌ی سه‌ری سیسته‌می نوێوه‌ كێشه‌ و فه‌وزایه‌كی زۆر له‌ ئه‌زموونه‌كاندا هه‌یه‌. ماڵپه‌ڕی دوورگه‌ راپۆرتێكی له‌مباره‌وه‌ بۆتان ئاماده‌كردووه‌ و فه‌رموون ئێوه‌ و ده‌قی راپۆرته‌كه‌.
سازدانی: شوان محه‌مه‌د
هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌دا لایه‌نه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی سیته‌می نوێی خوێندن له‌ كوردستاندا ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دانانی پرسیاره‌كانی كۆڕسی یه‌كه‌م به‌ سه‌رپه‌رشتیاران سپێردرا و پرسیاره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك بوون كه‌ مایه‌ی سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردن بوون. له‌ هه‌ندێك پرسیاردا شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ش به‌دی ده‌كرا، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌ قۆناغی ئاماده‌یی و له‌ بابه‌تی ئنگلیزی قوتابیانی پۆلی ده‌یه‌م و یازده‌هه‌می زانستی (یه‌ك جۆر پرسیار)یان بۆ هاتبۆوه‌. كه‌ شتی وا له‌ هه‌موو دونیادا وێنه‌ی نییه‌. بۆیه‌ به‌باشمزانی كه‌ ئه‌م راپۆرته‌ بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز ئاماده‌بكه‌م. سه‌ره‌تاش قوتابییه‌كی (قوتابخانه‌ی هه‌ولێریی زانستی) به‌ناوی (عه‌بدوڵڵا ته‌ها) كه‌ قوتابی پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌ییه‌، به‌مشێوه‌یه‌ باسی له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان كرد: (به‌ڕاستی پرسیاره‌كان كه‌موكووڕییان زۆر زۆر بوو، ئێمه‌ له‌ زۆر بابه‌ت هه‌ندێك شتمان بۆ هاتۆته‌وه‌ كه‌ نه‌مانخوێندبوو و پێڕانه‌گه‌یشتبووین، چونكه‌ ماوه‌ی ئه‌م كۆڕسه‌ زۆر كه‌مه‌. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خراپی بۆسه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌. داوا ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ بگۆڕدرێت، چونكه‌ هیچ عه‌داله‌تێكی تێدا نییه‌). هه‌وره‌ها قوتابییه‌كی دیكه‌ كه‌ قوتابی قوتابخانه‌ی شه‌هید فاخیر مێرگه‌سۆرییه‌ و له‌ پۆلی ده‌یه‌می زانستییه‌ به‌ناوی (ئیبراهیم ئیسماعیل) به‌مشێوه‌یه‌ رای خۆی خسته‌ڕوو: ( ئێمه‌ پۆلی ده‌یه‌می زانستین، كه‌چی له‌ بابه‌تی ئینگلیزی پرسیاره‌كانمان هه‌مان ئه‌و پرسیارانه‌ بوو كه‌ بۆ پۆلی یازده‌هه‌می زانستی هاتبۆوه‌، به‌ڕاستی سه‌یره‌! دیاره‌ پۆلی ده‌یه‌م و یازده‌هه‌م هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌! من ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ شتی وا ده‌بینیم، جگه‌ له‌مانه‌ش له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه‌دا كه‌موكووڕی و پرسیاری سه‌یر سه‌یرمان بۆهاتبۆوه‌..مامۆستایان ده‌ڵێن كه‌ سه‌رپه‌رشتیاران پرسیاریان داناوه‌، من تێناگه‌م ئایا مامۆستا ده‌رسی به‌ ئێمه‌ گوتووه‌ یان سه‌رپه‌رشتیار؟).
دواتر قوتابییه‌كی قوتابخانه‌ی شه‌می كچان كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به‌م شێوه‌یه‌ بیربۆچوونی خۆی له‌باره‌ی پرسیاره‌كانی كۆڕسی یه‌كه‌مه‌وه‌ خسته‌ڕوو: (ئه‌مڕۆ هه‌ر باس له‌ سیسته‌می نوێ ده‌كرێت،كه‌چی پرسیاره‌كانمان هه‌مووی به‌شێوه‌ی كۆن و له‌سه‌ر سیسته‌می كۆن هاتبۆوه‌، ئێمه‌ نازانین چیان له‌ئێمه‌ی قوتابی ده‌وێت؟ مامۆستایانمان شتێكمان پێده‌ڵێن كه‌چی شتێكی دیكه‌مان بۆ دێته‌وه‌! من سه‌رم له‌م سیسته‌مه‌ سه‌قه‌ته‌ ده‌رناچێت!)). پاشان مامۆستایه‌كی ئاماده‌ییمان له‌ قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی شه‌هید فاخیر مێرگه‌سۆری دواند و ئه‌ویش به‌مشێوه‌یه‌ بۆمان هاته‌ دووان: ( به‌ڕاستی ئه‌م سیسته‌مه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌رده‌وام ده‌هۆڵ و زوڕنای بۆده‌كترایه‌وه‌، چاووگی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌رۆكی قوتابیان و مامۆستایانیشی گرتۆته‌وه‌. هه‌ژماركردنی 10 نمره‌ی پۆلی ده‌یه‌م و 15 نمره‌ی پۆلی 15 و 75 نمره‌ی پۆلی دوانده‌هه‌م سه‌رچاوه‌ی ئه‌م كێشانه‌ و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ی په‌روه‌رده‌یی كه‌ جارێ ماویه‌تی سه‌رهه‌ڵبده‌ن. سیسته‌می كۆڕساتیش هه‌ر بۆخۆی كێشه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ی كۆڕسه‌كان یه‌كسان نین، كۆڕسی یه‌كه‌م ماوه‌كه‌ی ته‌نها 2 مانگه‌، ئه‌ی باشه‌ 6 مانگه‌كه‌ی تر بۆچییه‌؟ ئاخر 2 مانگ و 6 مانگ زۆر له‌ یه‌كتری دوورن! كێشه‌كه‌ به‌هۆی كورتی ماوه‌ی كۆڕسه‌كان گه‌وره‌تربوونه‌. چونكه‌ زۆر قوتابخانه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌وام هه‌ر مامۆستای نه‌بووه‌، كه‌چی پێویسته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆی دیاریكراوه‌ له‌ ماوه‌ی كۆڕسێكدا، بیخوێنێت، كه‌ هه‌رگیز پێشی ناكرێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ وای كردووه‌ كه‌ پرسیاره‌كان كه‌موكووڕیی زۆریان تێدا بێت. له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر له‌ بابه‌تێك پۆلی ده‌یه‌م ته‌نها دوو به‌شیان خوێندبوو، كه‌چی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆڕسی یه‌كه‌مدا پرسیاریان له‌ شه‌شش به‌ش بۆ هاتبۆوه‌، ئیدی زۆربه‌ی قوتابیان وه‌رقه‌یان به‌ سپێتی دابووه‌ ده‌ست مامۆستاكان، ئه‌مه‌ بووه‌ به‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ من پێموایه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی 10 نمره‌كه‌ و 15 نمره‌كه‌ و 75 نمره‌كه‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و هه‌ژمار نه‌كرا، ئیدی كێشه‌كان خۆیان ئۆتۆماتیكی چاره‌سه‌ر ده‌بن.).
دواتریش مامۆستایه‌كی بابه‌تی كوردی له‌باره‌ی پرسیاره‌كانه‌وه‌ گوتی: (من به‌حوكمی ئه‌وه‌ی مامۆستای بابه‌تی كوردیم، هه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر له‌سه‌ر پرسیاره‌كانی بابه‌تی كوردی ده‌كه‌م، پرسیاره‌كان زۆر بێسه‌ر و به‌ر بوون، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره‌ی تێدابوو، بۆ نموونه‌ له‌ پرسیارێكدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌م ناوه‌ واتاییانه‌ چۆن دروستكراون؟ له‌ناویاندا (زانا) هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌سڵه‌ن ناوی واتایی نییه‌، به‌ڵكو (هاوه‌ڵناوی بكه‌ری داڕێژراوه‌)، تۆ سه‌یر بكه‌ ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ی كه‌ ئه‌م پرسیاره‌ی داناوه‌ جارێ ناو و هاوه‌ڵناو له‌به‌كتری جیا ناكاته‌وه‌! جا تۆ چ له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌یت؟ دواتر بابه‌تێكی زۆر به‌ قوتابیان خوێنرابوو و كه‌چی هیچیشی لێنه‌هاتبۆوه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌توانم بڵێم سته‌مێك بوو له‌ زۆرێك له‌ قوتابیان. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ له‌ پۆلی یازده‌هه‌می زانستی رێزمان 20 نمره‌ی له‌سه‌ربوو، كه‌چی بایی 9 نمره‌ ته‌نها له‌ بابه‌تی جێناوی خۆیی هاتبۆوه‌، به‌ڕاستی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌ك دایبنابا ئه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی به‌ڕێز عقوبه‌یان ده‌دا، به‌ڵام ئایا كێ ئه‌و كه‌سانه‌ عقوبه‌ ده‌دات؟ هه‌ر له‌ پرسیاره‌كانی پۆلی یازده‌هه‌دا 5 بابه‌تی رێزمان و به‌شێكی ته‌واوی ئه‌ده‌ب و 2 نموونه‌یی ئه‌ده‌بیش هیچیانه لێنه‌هاتبۆوه‌ و هه‌مووشمان به‌ قوتابیان خوێندبوو! به‌ڕاستی ئه‌مه‌یه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌). دوای ئه‌مه‌ش یاریده‌ده‌رێكی قوتابخانه‌ی وڵاتی كوڕان له‌باره‌ی پێداویستییه‌كانی ئه‌زموونه‌كان گوتی: ئه‌مساڵ ئه‌زموونه‌كان شپرزه‌ییه‌كی ته‌واویان پێوه‌دیاره‌، ته‌نانه‌ت پێداویستییه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كانیش وه‌ك پێویست نه‌بوون، ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر قوتابیمان هه‌یه‌ و كه‌چی ئه‌مساڵ هیچ تێنووسێكی تاقیكردنه‌وه‌یان پێنه‌داوین و پێیان گوتین كه‌ نیمانه‌ و بۆخۆتان په‌یدای بكه‌ن! به‌ڕاستی ئه‌مه‌ سه‌یره‌!).

................................................................................................... سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌ | یه‌كه‌مین ماڵپه‌ڕی كوردی تایبه‌ت به‌ خوێندن Source : Xwendga  Website | Kurdish Education Website .................................WWW.XWENDGA.COM.................................  
سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌

خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌


راپۆرتێك ده‌رباره‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی ئه‌زموونه‌كانی كۆڕسی یه‌كه‌می قوتابیان Reviewed by Unknown on 9:11:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: